پشووی دابە‌ریابێدابە‌ر

تریفە خەلیل

پشوو واتە ماوەیەک وەستان لە کار یانژی چالاکی؛ کە خۆی دەکرێتە دوو جۆرەوە: کورتخایەن و درێژخایەن. لێرەدا نایەم لەسەر جۆرەکانی پشوو ورد ببمەوە و پتر ئارمانجم باسکردنی چۆنیەتیی بەسەربردنی پشووە کە دابەر بێ یا بێدابەر؛ بێ شک هەموومان حەز دەکەین کەسێکی دابەر و پڕێژ بین هەم بۆ خۆمان و هەم بۆ دەورووبەر؛ ئەوەیش لە ڕێگەی چۆنیەتی بەسەربردنی کات و ڕێکخستنیەوە دێتە دی. کەسانی بەکار و بەخۆوەژیو مرازیانە کە هەموو دەم و ساتێکیان بەسوود بەڕێ بکەن؛ ئەوان لە کاتی پشوویەکی کورت و دە خولەکییشدا مفا وەردەگرن و دەخوێننەوە جا چ بە ئەلیکترۆنی بێ یا بۆن و بەرامەی کاغەزی کتێب بکەن یان خواردن و خواردنەوەیەکی بەسوود بخۆن و بخۆنەوە؛ لە پشووی درێژخایەندا مێشک و ئاوەزی خۆیان زەنگین بکەن و خۆ فێری زمانی نوێ و دۆزینەوەی بەهرە گەنجینەئاساکانی ناخیان بکەن و وەدەری بێخن و برەوی پێ بدەن، یاخود منداڵەکانیان بنێرن بۆ خول و هەوڵ دەن سوود لە پشووی درێژخایەنی هاوین وەربگرن و زانیاری و زانستیان لا خۆشەویست بکەن و، هەوڵ درێ لەگەڵ حەزی منداڵەکانیان خول و بابەتیان بۆ هەڵبژێردرێ نەک حەز و خولیای منداڵ فەرامۆش بکرێ و دایباب بە حەزی خۆی و خۆی حەزی لە چی بێ ئەوە بۆ منداڵەکەی هەڵبژێرێ و پێویستە حەز و خولیای منداڵ لە بەرچاو بگیرێ بەم شێوەیە هەم کاتێکی خۆش بەسەردەبەن هەم بە خۆشەویستیەوە فیر دەبن، ئەم سوودوەرگرتنە لە پشوو جا چ کورتخایەن بێ یا درێژخایەن تەنها منداڵان ناگرێتەوە، بەڵکو فەرمانبەر و کاربەدەست و بەڕێوەبەریش دەگرێتەوە؛
دەتوانین لە کاتی نەبوونی کار ئەو کاتە بەهادارەی لە بن دەستمانە بیکەینە کاتێکی دابەر و بخوێنینەوە و زیاتر فێر ببین، چونکوم لە هەر ئاستێکدا بین ئەو ڕاستیە ناگۆڕێ کە پێویستمان بە فێربوون و خۆبەرەوپێشبردنی زیاتر و بەردەوامە؛ ڕێ نەدەین پلە و پۆست وامان لێ بکات فێربوونمان لا نەنگ و شەرم بێ و خۆت لە سەرووی ئەوەوە ببینی؛ ناااا فێربوون نەنگی نییە هەوڵنەدان بۆ فێربوون
نەنگییە

ھەواڵی زیاتر