مرۆڤی ئە‌م سە‌ردە‌مە‌ بۆچی خۆیان لە‌ گۆشە‌یە‌ك شاردۆتە‌وە‌؟

گوهدار ئاكرەیی


هەرچەندە شارستانیەت زۆر پێشکەوتووە، بەڵام لە هەمانکاتدا دەبینین مرۆڤ و کۆمەڵگە نەک تەنها بەس لەلای ئێمە بەڵکوو لە هەموو جیهاندا، تا دێت بەرەو ئالۆزی هەنگاو دەنێن، بەمەش زیاتر لە نیوەی تاکەکانی کۆمەڵگە ناتوانن هەستەکانی خۆیان رازی بکەن، دڵیان هەر بە تینوویەتی بمینێتەوە. بەڵگەش بۆ ئەم مەبەستە، ئەوەتا زۆرینەی زۆری خەڵکی گوندنشینان رێگای شار دەگرنە بەر، بە پێچەوانەوەش مرۆڤەکانی شارە گەورە و شارستانیەتە پێشکەوتووەکان، رۆحە گەورە و سەرمایەدارەکان، توانا و بەهێز، تامەزرۆی شێوە ژیانە سادەکەی گوندنشینانن، تا دێت ئەم کۆچکردنە دوولایەنە زیاتر دەبێت. خۆی لەخۆیدا ئەم هەڵهاتنە دووجەمسەرییەش بێهۆکار نیە، کەوا شەڕ و خێر لە لایان لێک تێکەڵ بووە، نەزانن چۆن تێنوویەتییان بشکێنن. جا ئەوەی ئێمە مەبەستمانە بتوانین ئەو فاکتەرە بەهێزانە دەستنیشان بکەین، کە کاریگەریەکی راستەوخۆیان لەسەر مرۆڤ ناوەتەوە، هەڕەشە لە توانای مرۆڤ دەکەن. گەر بتوانین بە پوختی باسی لێوە بکەین، یەک لەم کاریگەرە هەرە سەرەکیانە، زیاد بوونی پێداویستیەکانی مرۆڤە، بۆ تێر کردنی ئەم پێداویستیانەش لەم سۆنگەیەوە کارێکی ئاسان نییە، بەپێچەوانەوە هەوڵ و ڕووبەڕوو بوونەوەی مرۆڤەکان، ئەوەندەی تر گیرو گرفتەکەی ئاڵۆزتر و لێڵتر کردووە، خەریکە پێشەوەی خۆیان نەبینن، بەمەش نەتوانن یەکتر دەربهێنن لەو چارەنوسە هاوشێوەیە، بەڵکوو بە پێچەوانەوە کێبڕکێی یەکتر بکەن و شەڕ لەگەڵ سروشت و خۆیشیاندا بکەن. کەواتە ئەم سەردەمە کە بە سەردەمی (مۆدێرن) ناسراوە، پێدەچێت سیستەمی زانست و یاسا و پەروەردەکەی، تووشی خواربوونەوە و بەرز و نزمی و ئالۆزی بووبێتەوە، بەپێچەوانەی ژیانە سادەو ساکارەی پێشوو. نموونەش بۆ ئەمە ئەگەر بێتوو پرسیار لەو کەسانە بکرێت، کە لە زەمەنی ئاڵتوونی، یاخود سەردەمی زێڕیندا ژیابێت، کە سەردەمێکی زۆر سادە و ساکار بووە، بڵێین هۆکار چیە ئێستاش ئێوە بە خەیاڵ و حیسابی سەردەمە زێڕینەکەوە دەژین؟
لە وەلامدا بەلگەت بۆ دەهێنێتەوە کە لە سەردەمیاندا، زانست و پەروەردە و ئەخلاق لە هەموو پرۆگرامەکانی ژیانیاندا شانبەشانی یەکتر بوون، هیچ یەک لەم فەلسەفانە فەرامۆش نەدەکرا، ئێستاش بەو ئومێدەوەن رۆژێک دابێت ئەو ژیانە سادە پڕ لە ئەخلاقە، کە شانبەشانی زانستە مرۆییەکان بووە بگەڕێتەوە؛ ئەوەی زۆر پێویستە ئاماژەی پێ بکرێ لەیاد نەکرێ، زەرەرمەندی گەورە لەم سەردەمەی ئەمڕۆدا نەوە تازەپێگەیشتووەکانن یا گەنجانن، کە خۆیان لە گۆشەیەکی ئەم جیهانە شاردۆتەوە. کەچی لە بنەڕەتدا هەموو شتێک لەم گەنجانە پەیدا دەبێت، واتە دواکەوتن و سەرکەوتن و رووخانی وڵات، بەندە بە ئایندەیان و، هیچ شارستانیەتێک ناتوانێت بەبێ گەنجان پێشبکەوێت. بەڵام زۆر بەداخەوە ژیان و کۆمەڵگەی ئەم گەنجانە لەم سەردەمەدا بەئەندازەیەک ئالۆز بووە، هەروەک لەسەرەوە ئاماژەمان پێ داوە، خودی گەنج ئەو ئازادییەی نەماوە راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ گوزارشت لەو هەموو نادادپەروەریەی دەبینێت بکا، بەپێچەوانەوە وا هەست دەکەن فکر و بیریان کۆت و بەند کراوە، بەمەش تووشی گرێ و گرفتی دەروونی بوونەتەوە، هیچ (باوەڕ و ئامانج)ێکیان بۆ نەماوەتەوە تا پێی بجەنگن، هەست بە کوژانەوە دەکەن. بۆ ئەمەش ئەوەتا ئەگەر بێین سەیری مرۆڤە خاوەن ئاین و مەزهەبەکان بکەین لەبەر (باوەڕ و ئامانج)ـی دیاریکراویان، زەحمەتترین ساتەکانی ژیانیان پێ قبووڵە، چونکە لە بنەڕەتدا لە هەموو ئایین و مەزهەبە یەک لەدوای یەکەکان، یاسا و زانست و ئەخلاق شانبەشانی یەکتر بوونە. ئەمەش بەڵگەیەکی ترە، ئەوەمان بۆ دەسەلمێنێ هەر کاتێ زانست لەگەڵ پەروەردە و ئەخلاق شانبەشان نەبن، دەرەنجام مرۆڤی کوێر، یا کەمئەندامی سەرلێشێواو و ئاڵۆز لەدایک دەبێت، ناچارن خۆیان لە گۆشەیەکی شاراوەدا بشارنەوە.

ھەواڵی زیاتر