پێنجشەممە, تشرینی دووه‌م 28, 2024

له‌ پارێزگای هه‌ولێر كۆبوونه‌وه‌ له‌سه‌ر گرفتی كه‌مئاوی به‌ڕێوه‌چوو

ئەمڕۆ یەکشه‌م بە سەرپەرشتی پارێزگاری هه‌ولێر له ‌دیوانى پارێزگا بۆ بەدواداچوون بە بڕیار و راسپاردەکانى کۆبوونەوەى پێشوو و چارەسەرییەکانى کێشە و گرفتى کەم ئاوی و وشکەساڵى، کۆبوونەوەیەک ئەنجام درا.

لە کۆبوونەوەکەدا ئومێد خۆشناو پارێزگارى هەولێر سوپاسى ئامادەبووانى کرد بەرامبەر هەوڵ و ماندووبوونیان لە رۆژانى جەژن و لە کاتى شکانى بۆڕى ئاوى ئیفراز 3 کە ماندوونەناسانە وەک یەک تیم کاریان کرد تاکو خەڵکى هەولێر لە بێئاوى دەرباز بکەن، هەروەها ئەوەشى دووپاتکردەوە کە پێویستە چارەسەرى ڕیشەیی بۆ شکانى بۆڕییەکان بدۆزرێتەوە، بۆ ئەو مەبەستەش هەموو ئاسانکارییەک لەلایەن سەرۆکى حکوومەتى هەرێمى کوردستان خراوەتەڕوو.

لە تەوەرێکى ترى کۆبوونەوەکەدا، گفتوگۆ لەبارەى کۆنتڕۆڵکردنى گرفتى کەمئاوى کرا، لەم ڕووەشەوە تاکو وەرزى گەرما بەکۆتا دێت بەردەوامبوونى گەیاندنى تەنکەرەکانى ئاوى پاک بۆ هاووڵاتییان دووپاتکرایەوە.

جێگه‌ى باسه‌ له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا هەریەک لە قائیمقامی ناوەند و به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی ئاو و ئاوه‌ڕۆكانی هه‌رێم و بەڕێوەبەری گشتی کشتوکاڵی هەولێر و بەرێوەبەرى گشتى شارەوانییەکان و بەڕێوەبەرى ئاوى ژێرزەوى و به‌ڕێوه‌به‌رانی ئاو و ئاوه‌ڕۆی هه‌ولێر و ده‌وروبه‌ر و به‌ڕێوه‌به‌ری EJCC/پارێزگاى هه‌ولێر و جێگرى سەرۆکى شارەوانى هەولێر و به‌رپرسی مولیده‌ ئه‌هلییه‌كان ئامادەی بوون.