زانکۆی جۆن هاپکینز، ئەنجامی کنەوپشکنینی گردی كوردقەبرستانی ڕاگەیاند

ئاریان دەرگەڵەیی – هەولێر

كۆنفرانسی ڕۆژنامەوانی بۆ ڕاگەیاندنی ئەنجامەكانی كاری کنەوپشکنینی گردی كوردقەبرستان لە لایەن زانكۆی جون هاپکینزەوە ڕاگەیێنرا.

بەپێی ڕاگەیێنراوێكی بەڕێوەبەرایەتیی شوێنەوار و كەلەپووری هەولێر لە 2013ـەوە زانكۆی جۆن هاپكینز لە گردی كوردقەبرستاندا کنەوپشکنین و لێكۆڵینەوەی جۆراجۆر لەم گردەدا کردووە و دەركەووتووە كە مێژووەكەی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی برۆنزی ناوەڕاست.
نادر بابەكر، بەڕێوەبەری شوێنەوار و كەلەپووری هەولێر دەڵێت: ئەنجامی لیكۆڵینەوەكان دەركەوتوون كە لە یەكێك لە بینایەكانی گردی كوردقەبرستاندا ژوورێكی گەورە كە دیوارێكی ئەستووری خشتینی هەیە و لەناو بیناكەدا چەندین كەرەستەی سووتاوی سەربان دۆزراونەتەوە كە ئەوەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی ئاگر بیناكەی سووتاندووە و خاپووری كردووە.
كەیفی مستەفا، بەڕێوەبەری گشتیی شوێنەوار و كەلەپوور ئاماژەی بە گرنگیی كاركردنی تیمە بیانییەكانی شوێنەوار لە هەرێمی كوردستان كرد و گوتی: هاوكاریی تەواوی زانكۆ بیانییەكان دەكەین بۆ ئەوەی لێرە رووپێوی و کنەوپشکنین بکەن.
هەر لە كۆنفراسە رۆژنامەوانییەكەدا، پ.د گلان شوارتز، سەرۆكی تیمی شوێنەواری زانكۆی جۆن هاپكینز باسی له گرنگیی ئەو پارچەشوێنەواریانە كرد كە لە گردی كوردقەبرستان دۆزراونەتەوە.
كوردقەبرستان 22 كیلۆمەتر لە رۆژئاوای شاری هەولێرەوە دوورە و، شوێنەوارێکی هەرە گرنگی سنووری پارێزگای هەولێرە.

ھەواڵی زیاتر