کتێبێک بۆ ئاشنابوون بە “جیۆپۆلەتیکی مۆدێرن”

ئارام کۆشکی

دونیای نوێ و ئەو گۆڕانکارییە بەردەوامانەی تێیدا ڕوو دەدەن، بوونەتە هۆی ئەوەی زۆرێک لە چەمکەکان گۆڕانیان بەسەردا بێت، یان لقی نوێیان لێ بێتەوە. زانستی “جیۆپۆلەتیک” لە ماوەی سەردەی ڕابردوودا گەلێک گۆڕانکاری بەسەردا هات و ئەم کتێبە (جیۆپۆلەتیکی مۆدێرن) دەخوازێت بەشێک لەو گۆڕانکارییانە بۆ خوێنەران بخاتەڕوو. کتێبەکە لە نووسینی “ئۆستینە ناتالیا”یە و د. سەرباز عەزیز وەرتێ لە ڕووسیییەوە کردوویەتی بە کوردی و یەکێکە لە بڵاوکراوەکانی کتیبخانەی رۆمان، کە لە دوتوێی 217 لاپەڕەدا چاپ و بڵاوی کردووەتەوە.

“ئەم کتێبە کە لە چوار بەش و سێ پاشکۆ پێکهاتووە، دەتوانێت دەروازەیەکی نوێ بێت بۆ “جیۆپۆلەتیکی مۆدێرن” خستنەڕووی ئەو گۆڕانکارییانەی لە ماوەی یەک سەدەی ڕابردوودا بەسەر ئەم زانستەدا هاتووە”

وەرگێری کتێبەکە کە پسپۆڕە لە بوارەکەدا لە پێشەکی کتێبەکەدا ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە کە “تا ئێستا لە سەرچاوە زانستییەکاندا فۆڕمێکی ڕوون و تەواوی چەمکی “جیۆپۆلەتیک” نییە. ئەمە تایبەتمەندی هەموو زانستێکی تازە دەرکەوتووە، ناکۆکییەکان دەربارەی ئامانج و بابەتی جیۆپۆلەتیک نزیکەی سەد ساڵە بەردەوامە و چەمکی “جیۆپۆلەتیک” زۆرجار لێکدانەوەی زۆر فراوانی بۆ دەکرێت.” دواتر ئەوەش دەخاتەڕوو کە “لە ئەنجامدا ئەم زانستە لە سیما سروشتییەکانی بێبەشە، زۆرجار دەخرێتە سەر بابەتەکانی ئابووریی، سیاسیی، سەربازیی- ستراتیژیی، سەرچاوەی سروشتی، ژینگە و دیسپلینەکانی دیکە، پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان، سیاسەتی دەرەوە و هتد…”
زۆرێک لە توێژەران جیۆپۆلەتیک وەک زانستێک دەبینن، کە لە ئاڵۆزبوونی فاکتەرەکانی جوگرافیا، مێژوو، سیاسی و هیتر دەکۆڵێتەوە، کارلێک لەگەڵ یەکتر دەکەن و کاریگەری زۆریان لەسەر توانا و تایبەتمەندییە ستراتیژیەکانی دەوڵەت هەیە.
چەمکی “جیۆپۆلەتیک” بووەتە یەکێک لە هەرە چەمکە باوەکانی ناو فەرهەنگی سیاسیی هاوچەرخمان، کاتێک دێتە سەر کێشەکانی سیاسەتی ناوخۆیی و دەرەکی، پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و نەهجی جیهانی مۆدێرن. جیۆپۆلەتیک جیهانبینینێکە، بەو شێوەیەش باشتر وایە بەراوردی بکەین نەک لەگەڵ زانستەکان، بەڵکوو لەگەڵ سیستەمەکانی زانستدا. بە مانایەکی تر جیۆپۆلەتیک – دنیابینینێکی دەسەڵاتە.
ئەم کتێبە کە لە چوار بەش و سێ پاشکۆ پێکهاتووە، دەتوانێت دەروازەیەکی نوێ بێت بۆ “جیۆپۆلەتیکی مۆدێرن” خستنەڕووی ئەو گۆڕانکارییانەی لە ماوەی یەک سەدەی ڕابردوودا بەسەر ئەم زانستەدا هاتووە. لەگەڵ لێکدانەوە تیۆرییەکانی ئەم زانستەدا، هاوکات وڵاتی ڕووسیا و کێشەکانی ڕووسیای هاوچەرخ لە ڕووی پێگەی جیۆپۆلەتیکییەوە خراوەتە بەر باس و شرۆڤەکردن.
وەکو د. سەرباز خستوویەتییە ڕوو “مێژوو و چارەنووسی جیۆپۆلەتیک وەک زانستێک، جیاواز و ناکۆکە. لە لایەکەوە خودی چەمکەکە وا دیارە شێوەیەکی باو و سروشتیی وەرگرتووە، چالاکانە لە سیاسەتی مۆدێرندا بەکار هاتووە. گۆڤار و پەیمانگای جیۆپۆلەتیکی لە بەرزبوونەوەدان. دەقی دامەزرێنەرانی ئەم دیسپلینە بڵاودەکرێنەوە و دووبارە چاپ دەکرێنەوە، کۆنفڕانس و سیمپۆزمی لە بارەوە ڕێکدەخرێن، کۆمیتە و کۆمیسیۆنی جیۆپۆلەتیکی دروستدەکرێن. لە لایەکی ترەوە زانستی کلاسیک بەتەواوی لەو بڕوایە دابوو، کە جیۆپۆلەتیک بانگەشەی گشتاندنێکی لەڕادەبەدەر دەکات، لەبەر ئەوە تەنیا جۆرێک لە “هەڵخەڵەتاندن و ساختەیی” هەیە. هەر لەبەر ئەمە، یەکەم کاری جیۆپۆلەتیکی کە لە لایەن ڕاتزڵی ئەڵمانی، چیلینی سویدی، ماکیندەری ئینگلیزی لە لایەن کۆمەڵگەی زانستیەوە زۆر بە توندی بەرپەرچدرانەوە.

ھەواڵی زیاتر