سەرۆکی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان داواکارییەک ئاراستەی وەزارەتی پەروەردەی هەرێم دەکات

سەرۆکى یەکێتیى مامۆستایانى کوردستان ڕایگەیاند، داواکاریمان داوەتە وەزارەتى پەروەردەى حکوومەتى هەرێمى کوردستان، کە پڕۆسەى دەستپێکردنەوەى خوێندن کەمێک لەوادەى دەستنیشانکراو دوابخەن، هاوکات بڕیاریشە بۆ ساڵى نوێى خوێندن، کۆمەڵێک پێداویستى بۆ قوتابخانەکان دابین بکرێن‪.

ئەحمەد سابیر، سەرۆکى یەکێتیى مامۆستایانى کوردستان رایگەیاند: “بەشێوەیەکى نافەرمى گوایە لە 4ى ئەیلولى 2022 دەستدەکرێت بە ساڵى خوێندنى 2022 ـ 2023، ئەو وادەیەش زۆر گەرمە، بەتایبەت بە ناوچە گەرمەکانى ئیدارەى ڕاپەڕین و هەندێ ناوچەى دیکە، بۆیە قسەمان لەگەڵ وەزارەتى پەروەردەى حکوومەتى هەرێمى کوردستان کردووە و ئەوان پێیان ڕاگەیاندووین، کە لەوبارەیەوە بڕیارى گونجاو دەدەن‪”.

هاوکات لە نوێترین لێدوانى ڕۆژنامەنووسیدا، ئالان حەمە سەعید وەزیرى پەروەردەى حکوومەتى هەرێمى کوردستان ڕایگەیاند، بۆ ساڵی نویی خوێندنى 2022 ـ 2023، سەرۆکی حکوومەتى هەرێمى کوردستان 20 ملیار دینارى تەرخان کردووە بۆ کڕینی (کورسیى دانیشتن، تەختەڕەش، سۆپا، فێنککەرەوە، لاپتۆپ، داتاشۆ، پرێنتەر، فۆتۆکۆپی، تەنکی ئاو).

بەپێى گوتەکانى وەزیرى پەروەردە، بەشی زۆری ئەو کەلوپەل و پێداویستییانە لەگەڵ دەستپێکی ساڵی نوێی خوێندن دەگەنە ناوەندەکانی خوێندن، بە پارێزگاى کەرکووکیشەوە‪.

ھەواڵی زیاتر