هه‌ینی, تشرینی دووه‌م 29, 2024

حکوومەت بودجە بۆ هەردوو پڕۆژەی ئاوى یەك و دووى دووکان دابین دەکات 

گوتەبێژى ئاوى سلێمانى ڕایگەیاند، تواناى هەردوو پڕۆژەى یەک و دووى سلێمانى و دووکان بەرز دەکرێتەوە، بۆ ئەو مەبەستەش حکوومەتى هەرێمى كوردستان بەڵێنى دابینکردنى بودجەى داوە‪.‬

ئامانج جەلال، گوتەبێژى بەڕێوەبەرایەتیى ئاوى سلێمانى رایگەیاند: “ئێستا پڕۆژەى ڕاکێشانی بۆڕیی 600 ملیمەتر بەدرێژایی نزیکەی 16 کیلۆمەتر بۆ گەڕەکەکانی بەری فڕۆکەخانەى سلێمانى جێبەجێ دەکرێـت، کە بە تەواوبوونى، هەزاران هاووڵاتى سوودمەند دەبن و گرفتى ئاوى خواردنەوەیان چارەسەر دەبێت‪”.‬

گوتیشى: “دروستکردنی سێ پەمپ و ماتۆڕێک بۆ پڕۆژەی دوکانی یەک لە وڵاتی ئیسپانیا تەواو بوون و بڕیارە بەزووترین کات بنێردرێنەوە سلێمانى و هەوڵ دەدرێت دواى ئەوە زووترین بخرێنە کار‪”.‬

ئامانج جەلال، ئاماژى بۆ ئەوەش کرد: “ڕەزامەندیی لە وەزارەتی شارەوانی وەرگیراوە، بۆ بوژانەوە و بەرزکردنەوەی توانای هەردوو پڕۆژەی دوکانی یەک و دوو، کە کڕینی پەمپ و کاراکردنی زیاتری توانای فلتەر و کلاریفایەر لەخۆ دەگرێت، بەوەش تاڕادەیەکى باش تواناى دابینکردنى پێویستى ئاوى هاووڵاتییانى شارى سلێمانى و هەموو ئەو شیوێنانەى لەسەر ئەو دوو هێڵەن، چارەسەر دەبێت‪”.‬