خانمە ئەکتەری ناسراو “چنار عێزەدین” کە یەک لە خانمە شانۆکارە دیارەکانی شاری کەرکووکە و ساڵانێکی زۆر خزمەتی لە بوارەکەی خۆیدا کردووە، “هەولێر” چەند پرسیارێکی ئاراستە دەکات و “چنار”یش وەڵام دەداتەوە.
Û٭ تۆ پێت وایە ئێستا شانۆی کوردی لە ئاستێکی لاوازدا بێت؟
ـ بەڵی بێگومان شانۆی کوردی بەرەو قۆناغێکی لاواز دەڕوات و بە جۆرێ فەرامۆش کراوە کە ھیچ بایەخێکی ئەوتۆی نەماوە، ئەمەیش وایکردووە شانۆکارە دڵسۆزەکان لە شانۆ تۆراون، چونکە ھیچ لایەنێک پاڵپشتی ناکات و ھیچ ئینتیمایان نەماوە بۆ شانۆ، بۆیە هەمیشە چۆن ژیان لە قەیرانێکی گەورەدایە ئاواش شانۆ لەقەیرانێکی گەورەدایە و، ئەگەر کاریش بکرێ ھەندێ ھونەرمەند ھەیە تەنھا بۆ ماددە کار دەکەن نەک بۆ بینەر، بەڵام کاری جوانیش کراوە، ھەروەھا ھەندێ لە شانۆکارانیش ھەیە بە پلیت کار دەکەن بۆ بەرەو پێشچوونی کارەکانیان بە نموونە “دوایین ڕۆژەکانی بابلیۆ” کە تا ئێستا بەردەوامە لە نمایش، ئەمەیش بۆ خۆی جێگای خۆشحاڵییە بینەریشی زۆرە ئەگەر بێتوو باس لەوە بکەین شانۆ بەگشتی بەرەو ئاقارێکی بێ ھێزی و لاوازی دەڕوا ھەر ئەمەیش وای کردووە کە لەم چەند ساڵەدا دەبیین لە پەیمانگە و کۆلێژ و گروپەکانیش بەرەو لاوازی چووە و ئەو گەرموگوڕیەی پێش چەند ساڵێک ھەبووە ئێستا وا نەماوە، ئەم قەیرانەش گرفتی بۆ ھونەرمەندان دروست کردووە٠ دەمەوێ ئەوەیش بڵێم سەر باری ئەو قەیرانەی کە ھەیە، بەڵام لە ھەمان کاتدا جموجۆڵێک ھەبووە لە شانۆ ئەمەیش بەھۆی ئەو فێستیڤاڵانە بووە کە لە شاری کەرکوک فێستیڤاڵی ساڵانە دەکرێ، جێی خۆشحاڵییە کە شانۆکارانی تێدا کۆدەبێتەوە کۆبونەوەیەکی جەماوەری و ھونەری دروست دەبێت، چەندین نمایشی باش و خراپی تێدا دەبینرێت، ھەندێک جاریش فێستیڤاڵیش دەکرێ بێسوودن تەنھا پارە بەفیڕۆ دەدەن، ئەمەیش کارێکی خراپە بۆ ھزری شانۆکاران، بەڵام بەداخەوە ئێستا فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی لە ھەولێر چەند ساڵێک دەبێت ڕاگیراوە٠ ھیوادارم شانۆکاران بتوانن بەھا پیرۆزەکانی شانۆ لەناو ڕوحی خەڵکدا جارێکی تر زیندوو بکەنەوە.
٭ بە بۆچونی تۆ وەرگرتنی خەڵات بۆ شانۆکار، پتر مەعنەوییە یان ماددی؟
ـ خەڵات بەگشتی پرسێکی ھاندەرانەیە، بەڵام ئەمەش چۆن پێویستە خەڵات بدرێت بەو کەسانەی کەماندوبون لە ڕووی کارو چالاکییەکانیان و نمایشە پڕ ماناکانیان، کە ئەو کەسانەبن شایستەی ئەو خەڵاتەن کە وەری دەگرن نەک لە ڕووی پەیوەندی کەسی و مجامەلەوە بێت بەڵکو لە ڕووی توانای ھونەرییەوە بێت٠ وەپێویستە ئەو کەسانەی لە ئاستێکی بەرزدان ئەوان خەڵات بکرێن بۆ ئەوەی بتوانن بەردەوامییان ھەبێت لە بوارەکەی خۆیاندا، بەڵام ئەگەرچی ھەندێکجار کەسانی وا خەڵات دەکرێن ھیچ پێویست نییە و شایستەیش نین، ئەمەیش بۆ خۆی خراپی بە دواوەیە و وا لەو کەسە دەکات کە لە خۆبایی و لوت بەرز بێت، چونکە شایەنی نییە. جا خەڵات کردن لە ڕوی مادییەوە بێت یان مەعنەوی ھەبێت لەئاستی ھونەری بێت نەک مجامەلە٠ بەڵام بەداخەوە ھەندێک کەس شایستەی نەبوون بەڵام خەڵات کراون٠ ئەم خەڵات کردنەیش زیاتر لە ڤێستیڤاڵەکان دەکرێت و ئەمەیش دەگەڕێتەوە بۆ ئەو کەسانەی کە داندراون بۆ خەڵاتکردنی شانۆکاران، دەبێت کەسانی بەئەزموون و ئەکادیمی ھەڵبژێرن بۆ بینینی نمایشەکان نەک کەسانی بێئەزموون، زۆر جاریش ھونەرمەندان لەناو خۆیاندا خۆخۆرن یەکتر قبوڵ ناکەن، کەسێک شایستەی خەڵات بێ پێیان خوش نییە و گەورەترین کێشەی نێوان ھونەرمەندان یەکترقبووڵنەکردنە.
٭ یەکێکی لە خانمە دیارەکانی بواری شانۆ لە شاری کەرکوک، بەڵام ماوەیەکی زۆرە کارت نابینین، نیازت نییە لە کەرکوک کاری نوێت هەبێ، یان هیچ پرۆژەیەکی نوێت لە بەردەستدایە؟
ـ بێگومان من وەک شانۆکارێک خەون و خەیاڵم زۆرە بۆ کارکردن لە بواری شانۆ، بەڵام تا ئێستا نەھاتووەتەدی، وە لە ساڵی ٢٠٠٥ـەوە تاکو ٢٠١٤ بەردەوام کاری ھونەریم کردووە و لە ٢٠٠٩ پەیمانگەی ھونەرە جوانەکانم تەواو کردووە، لە ٢٠١٣ کۆلیژی ھونەرە جوانەکانم تەواو کردووە، بەڵام ڕاستە من ماوەیەکی زۆرە کار ناکەم، ئێستاکە ھیچ نیازێکی کارکردنم نییە، بەڵام لەم ماوەیەدا پرۆڤەم کردووە بۆ ماوەی دوو مانگ و سینۆگرافیاش ئامادە بووە، بەڵام بەداخەوە نەمتوانی بەردەوام بم لەبەر چەند گرفتێک. جارێ نیازیشم نییە لە کەرکوک کاری نوێم ھەبێت، ئەمەش دیارە دووبارە پەیوەندی بە قەیران و باری قورسی ژیانەوە ھەیە٠ بێگومان گەر دەرفەت و کات ھەبێت بەدڵنیاییەوە حەز دەکەم جارێکی تر ئاشنا ببمەوە بە کاری نواندن، چونکە نواندن خەونێکی گەورەی منە، شانۆ لای من زۆر پیرۆزە و ناتوانم دەستبەرداری بم؛ ھیوادارم جارێکی تر بگەڕێمەوە نێو بواری شانۆ.