منداڵ لە یاری بێبەش مەکەن

شاخەوان عەلی حەمەد مامۆكی*

(جاكسۆن براون) وتەیەكی جوانی هەیە، دەڵێت: (كاتی گەڕان و یاریكردن لەگەڵ مناڵەكانت فەرامۆش مەكەن و دوای مەخەن، چونكە ئەو كاتە وەك چۆن بۆ تۆ گرنگە، بەهەمان شێوە بۆ منداڵەكانیشت گرنگە).
یاریكردن حەز و خولیایە، ئارامی دەروون و سووتاندنی ئەو وزەیە كە لە جەستەی مرۆڤ پەنگی خواردۆتەوە كە لەو رێگەیەوە نەبێ بەهیچ شت بەتاڵ نابێتەوە، بەمەیش جەستەیەكی تەندروستی پێ دەبەخشێ كە بیردان و تێڕامانی مرۆڤ بەرامبەر بەشتەكان خاو نەبێتەوە و بەچەقبەستوویی هەنگاو بۆ داهاتووی خۆی نەنێت.
ئەگەر سەیری باخچەی منداڵان و قوتابیانی قۆناغەكانی بنەڕەتی و ئامادەیی بكەین، بەڕوونی ئەو راستیەمان بۆ دەردەكەوێ كە لەهەر شتێ زیاتر مامۆستای وەرزشیان خۆش دەوێ و هەمیشە حەز بەبوونی ئەو وانەیە دەكەن، چونكە لە ڕێی یاریكردنەوە هەست بە ئازادی جەستە و دەروون دەكەن و خۆشیەكی بێسنور گەمارۆیان دەدات كە ئەو كاتانە بەخۆشی ببەتە سەر، وەك چۆن فێركردنی منداڵانی باخچە لە ڕێی جووڵەو نمایش و بەشداریپێكردن و یارییەوە ئەو حەزەیان بۆ وەرگرتنی بابەتەكان لا دروست دەبێ، هەر بەو هۆیەوە هەست بەبێزاری ناكەن و مامۆستایش ئەو پەیامەی هەیەتی لەو ڕێیەوە بەئاسانی دەیگەیێنێت.
یاریكردن تا بە ئەمڕۆ دەگات شێوازێكی تایبەت و دیاریكراوی نیە، گرنگ ئەوەیە منداڵ بایەخی پێ بدرێ و كەشێكی وا بڕەخسێندرێ لەگەڵ یارییەكان كەیفساز بێت، كەواتە دەبێ بزاندرێ چ جۆرە یارییەكی بۆ هەڵدەبژێری؟ چ یارییەكی لەگەڵدا دەكەی؟
منداڵ لە تەمەنێكی ئاساییدا بەتایبەت كچ حەز بە بووكەڵە دەكات، جاری وا هەیە بە سەعات كاتی خۆی لەگەڵ ئەو بووكەڵە بەسەر دەبات بێ ئەوەی لێی بێزارببێ. كەچی منداڵی وا هەیە جگە دوای ماوەیەكی كەم هەموو ئەو یاریانەی خراوەتە بەردەمی، هەموو یارییەكان دەشكێنێ، بەسەر یارییەكان دەقیژێنێ، ئەوەش ئاماژەیەكە پێمان دەڵێت: چیتر نایەوێ چاوی بەو یاریانە بكەوێ، نایەوێ ئەو یاریانە دووبارە بكاتەوە، یاریەكی دەوێ، حەز بەشتێك دەكات بۆی تازە بێت و پێشتر تاقی نەكردبێتەوە.
یاریكردن جۆر و شێوەی زۆرە، منداڵ هەیە حەزی لە وێنەیە، دروستكردنی وێنەیە ناخی ئەو منداڵە بەتاڵ دەكاتەوە كە ئەگەر شتێكی دروست كردو جوانیش نەبوو یان هیچ مانایەكی نەبەخشی، نابێ پێی بوترێ : ئەوە چیت دروستت كردووە؟ ئەوە هەر وێنە نییە، دەی بیسڕەوە شتێكی تر دروست بكە، بێ ئەوەی حساب بۆ شتەكانی پشت پەردەوە بكەین كە ئەو منداڵە لەمێشكی خۆیدا خەیاڵ دەكات و ئەوەی دروستی كردووە زادەی ئەندێشەو خەیاڵی خۆیەتی وا گوزارشتی لێكردوە، بۆیە دەكرێ لێی نزیك ببینەوە، دەست بەسەر سەری دابێنین و بەدەم زەردەخەنەیەكی گەشەوە پێی بڵێین: وای كە وێنەیەكی جوانت كێشاوە، دەی بۆمی باس بكە ئەو شتانە چین؟ منیش حەز دەكەم بیزانم.
ئەو قسانە باوەڕبەخۆبوون لەدەروونی منداڵ دەچێنن كە حەزو خولیایان بۆ وێنە هەبێت و زیاتر چێژ لەشتەكان وەربگرێ و بتوانێ بەئازادانە لە ڕێی دەربڕینەوە گوزارشت لەناخی خۆی بكات، بۆیە ئەوەش جۆرێكە لەیاریكردن بەڵام یاریەك تێیدا مێشك كار دەكات و پەنجەكانی دەبنە بزوێنەر وەك ئەوەی لە یاریەكانی شەترەنج و دامە و هتد، ڕەنگ دەداتەوە.
توێژەران پێیان وایە منداڵان هیچ لەبارەی چەمكی كاتەوە نازانێ، هەر لەو یاریانەی ملیۆنان منداڵ لە جیهاندا دێنێتە پێكەنین یاری شاردنەوەی دەموچاوە و پیشاندانیەتی بەخێرایی، ئەو یارییە منداڵ تووشی شۆك و تاسان و حەپەسانیان دەكات وەك ئەوەی دایكەكە یان باوكەكە لەپەنایەكەوە خۆی بشارێتەوە، كت و پڕ بەدەم و چاوێكی گەش و كراوە، تەنها سیماو ڕوخساری دەم و چاویخۆی نیشانی منداڵ بدات و هەندێ وشەی وەك: وەو، هەهە، میاو، پش و ئەو وشانە بەكار بێنێ كە زەردەخەنە بخەنە سەر لێوی منداڵ و حەز بە دووبارە و چەند بارەبوونەوەی بكەن، لەو یارییەدا هەندێ جار دەكرێ لەجیاتی خۆشاردنەوە، خاولیەك یان پەڕۆكێك یان مقەبایەك بێنن و بۆ یاریەکە بەكاری بێنن.
كات و ماوەی یاریكردن بەپێی بارودۆخی ئەو شوێنە دەگۆڕێ، زانینی كات گرنگی خۆی هەیە پێویستە دایك و باوك بزانن كەی یاری لەگەڵ منداڵەكەیان دەكەن؟ بەپێی تەمەن چ جۆرە یاریەكیان بۆ هەڵدەبژێرن؟ ئەو یارییانە چین منداڵ هەست بەبێزاری نەكات؟
لەنموونەیەكی زیندوودا منداڵ كە باوكی دەبینێ سەیارە لێ دەخوڕێ و بەملاوبەولا گڕی دەدات، ئەو هەستە حەزی ئەوەی بۆ دەڕسكێنێ ئەویش وەكو باوكی یان دایكی، شتێك لێ بخوڕێ لەوانە پایسكیل، هەروەها جووڵە و بزاوتی بەردەوامی دایك و باوك هەمدیس وادەكات وەك ئەوان دەست لە هەموو شتێك وەربدات و یاری بە هەموو شتێك بكات، ئەوەتا گەمەكردن بەهەویری یاری ناڕاستەوخۆ فێری دەكات لە داهاتوو ببێتە كەسێكی نەرم و نیان و ڕەق نەبێت، كەواتە ئەوە مرۆڤەكانن دەتوانن زۆر شت بگۆڕن.
هەروەها بینینی دایك و باوك بە تەلەفۆنەوە، حەزی دەستلێدانی مۆبایل لای منداڵ خۆشەویست دەكات كە وەك دایك و باوكی، مۆبایل بخاتە بەر گوێی و قسەی پێ بكات كە بۆئەمە جێی سەرنجە ئەوان بچن دوو قوتوو بەداوێكی چەند مەتری ببەستنەوە یان سۆندە و هاوشێوەی ئەوە بێنن لەتەمەنێكی دیاریكراودا ئەو یاریەی لەگەڵ بكەن كە ئەو قسەی كرد، ئەویش قووتووەكە بنێ بە گوێی و هەستی لێ ڕابگرێ و بەپێچەوانەوە كە ئەوە هونەری ئەتەكێكتمان نیشان دەدات پێمان دەڵێ: دەكرێ لەو یارییەوە فێری ئەوەبین كە یەكێك قسەی كرد، ئێمە قسەی پێ نەبڕین و گوێی لێبگرین وەك چۆن پێویستە كە ئێمە قسەمان كرد، دەبێ بەرامبەرەكەمان گوێمان لێ بگرێ.
لەو ڕەفتارە باو و هەڵانەی هەیە، هەرگیز بەمناڵەكەت مەڵێ هەستە سەعیەكەت تەواو بكەو واز لە یاریكردن بێنە، بڵێ: ئەگەر زوو لە سەعیكردن تەواو بوویت، ئەوە بەیەكەوە یارییەكی خۆش دەكەین.
كەواتە گەمەو یاری و شۆخی بۆ مناڵ گرنگی خۆی هەیە، یاریكردن سەرنجی منداڵ رادەكێشێ، فێری ئەتەكێت و یاسای ژیانی دەكات و هزرو مێشك و بیرگەی بەهێز و فراوان دەكات كە خۆی بناسێ و سنوورەكانی خۆی بەرامبەر بەخەڵك بزانێ چیە؟
لە كۆتاییدا دەڵێین: لەجووڵەی منداڵەكەت تووڕە مەبە، لە دانەنیشتنی منداڵەكەت هەست بە ماندوویەتی مەكە چونكە لەتەمەنێكدایە وەك تۆ نییە، ناتوانێ وەك تۆ بۆ ماوەیەكی زۆر لە یەك شوێن دانیشێت و بمێنێتەوە، ئەگەر بە زۆر لە تەك خۆت داتنا ئەوە توشی كپ بوونەوەی دەكەیت و هەموو ئەو وزەیەی لێ زەوت دەكەیت كەئەگەر نەیسووتێنێ، بێشك تووشی وەستانی بیركردنەوە و گەشەی جەستەیی و زۆر شتی تر دەكات.
*سەرپەرشتیاری هاوڕێی ڕەخنەگر/ شارۆچكەی تەقتەق

ھەواڵی زیاتر