حکوومەتی عێراق بێ باکە لە بەرامبەر مەترسیی بەبیابانبوونی خاکەکەی

سلێمان تاشان – هه‌‌ولێر

کاریگەرییەکانی وشکەساڵی و کەمبوونەوەی ئاوی ڕووبارەکان ساڵ بەساڵ زیاتر دەبێت و عێراق لەو وڵاتە پڕمەترسییانەیە کە کاریگەری زیاتر وەردەگرێ و باس لەوە دەکرێ سەرووی نیوەی خاکی عێراق لەبەردەم مەترسی بەبیابانبووندایە.

وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق خۆی بە فەرمی لەم ڕووەوە هۆشداریی داوە و داوای لە لایەنە پێوەندیدارەکان کردووە بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە هەنگاوی پێویست بنێن.
راویە موزعیل، بەڕێوەبەری گشتیی دارستان و بەرەنگاربوونەوەی دیاردەی بەبیابانبوون لە وەزارەتی کشتوکاڵ گوتوویەتی، کەمبوونەوەی باران لە زستانی ڕابردوو و کەمبوونەوەی ئاوی ڕووبارەکان بەهۆی پلانی وڵاتانی دراوسێ بە گرنگترین هۆکاری ئەو مەترسییە هەژمار دەکرێت.
بەپێی ئامارێک کە ئەو بەرپرسە خستوویەتە ڕوو، ڕووبەری بیابانەکانی عێراق ئێستا ٢٧ ملیۆن دۆنمە و ١٥%ی کۆی ڕووبەری خاکی عێراقە، بەڵام نزیکەی ٥٥% لە بەردەم مەترسیی بە بیابانبووندان.

لە لایەکی ترەوە چالاکان و چاودێرانی بواری ژینگە و ئاوی عێراق لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە کاریگەرییەکانی وشکەساڵی و وشککردنی ڕووبارەکان لە لایەن ئێران و تورکیا زۆر نیگەرانن و بە بڵاوکردنەوەی هەشتاگی ”العراق یموت عطشا” هێرش دەکەنە سەر ئێران و تورکیا و بە هۆکاری سەرەکیی قەیرانی ئاو لە عێراقی هەژمار دەکەن. ئەوان داوا لە بەرپرسانی باڵای وڵات دەکەن هەر چی زووە چارەیەک بۆ ئەو قەیرانە بدۆزنەوە کە بەربینگی بە عێراقییەکان گرتووە و ئەگەر ئەمە نەکرێت ژیانی هەمووان لەبەردەم مەترسیدایە.

ئەوان ئاماژەیان داوە، دەریاچەکان خەریکە وشک دەبن، بیابانەکان ڕۆژ بە ڕۆژ ڕووبەرەکانیان زیاتر دەبێت و ڕووبارەکانیش وشک دەبن، کەچی وەک ئەوەی هیچ ڕووی نەدابێت بەرپرسانی حکوومەت هەر خەریکی هەندێک ململانێی سیاسی خۆیانن و ئاوڕیان لەو کێشە جیدییە نەداوەتەوە.

بەگوێرەی میدڵست نیوز، عەلی مەحموود لە چالاکانی سیاسی عێراقی لە تویتێکدا ئاماژەی داوە کە سەرچاوەکانی ئاوی عێراق، مافێکی یاسایین و وڵاتانی دراوسێ بە دروستکردنی بەنداو بوونەتە هەڕەشە بۆ سەر ئەو سەرچاوەیە و، پێویستە ئەم هەڵانە چاک بکرێنەوە. وڵات خەریکە لە تینووان دەخنکێت و کاتی ئەوە هاتووە عێراقییەکان قۆڵی لە هەڵماڵن و بەهەر نرخێک بێت وڵات لەو وشکییە ڕزگار بکەن.

هاوکات ساڵح حەمدانی یەکێکی تر لە کەسایەتییە دیارەکانی میدیای عێراقی باسی لە لێدوانێکی وەزیری سەرچاوەکانی ئاوی عێراق کردووە، کە دەڵێت ئێران هیچ گرنگییەکی بە داواکارییەکانی عێراق بۆ پرسی ئاو نەداوە و لە لایەکی تر تورکیاش لەسەر بەڵەنەکانی خۆی سوور نەبووە و مافەکانی عێراقی پێشێل کردووە، بۆیە کاتی ئەوە هاتووە پرسی ئاو بە نێودەوڵەتی بکرێت و حکوومەتی عێراق لە ڕێی دادگایەکی نێودەوڵەتی و ڕێکخراوە پێوەندیدارە جیهانییەکان ئەم کێشەیە چارەسەر بکات.

ئەو هەروەها پێی وایە یەک وەزارەتخانە بە تەنیا ناتوانێت گوشار بخاتە سەر هەر دوو وڵاتی ئێران و تورکیا و کێشەکە پێویستی بە هاوکاری و توانای سەرجەم وەزارەتەکان هەیە.

هەروەها عومەر جبووری ڕۆژنامەنووس، نووسیویەتی شتێک کە بووەتە هۆی ئەوەی کە عێراق لانکەی شارستانییەتەکان بێ و گەورەترین ئیپراتۆرییەکانی مێژوو لەم شوێنە دابمەزرێن، هەبوونی هەر دوو ڕووباری دیجلە و فورات بوون و ئەگەر ئەو دوو ڕووبارە نەبووان ئێستا عێراق بیابان بوو و شتێک بە ناوی ژیان لەم وڵاتە نەدەبوو. ئێستاش ئەگەر بڕیاری وڵاتانی دراوسێ ئەوە بێت دیجلە و فورات وشک بکەن ئەوا بەو واتایە دێت ٤٠ ملیۆن کەس لە دانیشتووانی عێراق چیتر ناتوانن لەو خاکە بژین.

پێویستە بگوترێ کێشەی ئاو لە عێراق بەتایبەتی دوای ئەوە زیاتر سەری هەڵداوە کە تورکیا کۆمەڵێک بەنداوی لەسەر ڕێڕەوی دیجلە و فورات دامەزراندوون و ئەمەش لە ئاوی عێراقیان کەم کردووەتەوە، لە لایەکی تر وشکەساڵی و کەمیی باران هێندەی تر دۆخەکەی خراپ کردووە.

پێشتر ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان هۆشداری دابوو، ئاوی ڕووباری دیجلە و فورات لە عێراق بە ڕێژەی ٧٣% کەم بکات و داوای گفتوگۆ و دانوستانی نێوان عێراق و وڵاتانی دراوسێی کردبوو تا ئەو کێشەیە چارەسەر بکەن و لەو قەیرانە کەم بکەنەوە.

بەڕێوەبەری پرۆگرامی ژینگەی ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکانیش هۆشداری داوە لە کەمبوونەوەی خێرای سەرچاوەکانی ئاو لە عێراق و ئاماژەی بەوەش دابوو خێرایی بەرزبوونەوەی پلەی گەرما لەو وڵاتە حەوت هێندەی ستانداردی جیهانییە.

جێی باسە وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاوی عێراق پێشتر هەڕەشەی کردبوو دۆسیەی ئاو دەباتە ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان و سکاڵا لە هەر دوو وڵاتی ئێران و تورکیا تۆمار دەکات بەڵام لەرووی پراکتیکی هیچ هەنگاوێکی نەناوە.

راستە قەبارەی ئەو کاریگەرییەی تورکیا بەهۆی دروستکردنی بەنداوی ئەلیسۆ لەسەر عێراق زۆرە، بەڵام ئێرانیش ڕێڕەوی کۆمەڵێک ڕووباری گۆڕیوە کە دەڕژێنە پارێزگای دیالە و هەرێمی کوردستان و هێندەی تر لە ئاوی دیجلەیان کەم کردووەتەوە و بوونەتە هۆی وشککردنی بەشێک لە دەریاچەکان.

لەگەڵ سەرهەڵدانی ئەو هەمووە کێشەیە حکوومەتی عێراق لە پاراستنی سەرچاوەکانی ئاو و گلدانەوەی ئاوی باران و ڕووبارەکان هەنگاوێکی ئەوتۆی نەناوە و بەنداوەکانی کوردستان هەمان ئەو بەنداوانەن کە لە ناوەراستی سەدەی ڕابردوودا بنیات نراون و دەبوایە کۆمەڵەک بەنداوی ستراتیجی لە کوردستان دروست کرابان بۆ ئەوەی عێراقیش بەهۆیەوە سوودمەند بن، بەڵام ئەوە نەکراوە.

ھەواڵی زیاتر