چوارشەممە, تشرینی دووه‌م 27, 2024

دووهەمین خولی جەژنە فیلمی “مۆسكۆ” دەستی کردە کار

ئاریان دەرگەڵەیی – هەولێر

دووهەمین خولی فێستیڤاڵی فیلمی كوردی “مۆسكۆ” بە نمایشی بەرهەمی سینەماكارانی 8 وڵاتی جیهان لە شارەكانی مۆسكۆ و سەن‌پتێرزبۆرگ لە وڵاتی فیدراسیۆنی ڕووسیا بەڕێوە دەچێت.

دووهەمین خولی فێستیڤاڵی فیلمی كوردیی “مۆسكۆ” MKFF بە بەرپرسیاریی خاتوو “گولیزەر گەردەن زەری” Gulizer Gerdenzeri، بە مەبەستی ڕەنگدانەوەی فەرهەنگ و مێژووی كوردەكان و هەروەها ژیانی مۆدێڕنی ئەم نەتەوەیە، بە چاودێری وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بە نمایشی 54 فیلمی بڵندی سینەمایی، بەڵگەفیلم و كورتەفیلم لە سینەماكارانی 8 وڵاتی جیهان و هەروەها بە پشتیوانی “كارۆ ئارت” KARO.Art لە ڕۆژانی 29ی جوون تا 12ی جوولای 2022 لە شاری سەن پتێرزبوورگ لە وڵاتی فیدڕاسیۆنی ڕووسیا بەڕێوەدەچێت.
فێستیڤاڵی فیلمی كوردی “مۆسكۆ” Moscow لە ڕیزبەندی فێستیڤاڵە نێودەوڵەتییەكانی فیلمدایە كە لە لایەن وەزارەتی فەرهەنگی فیدراسیۆنی ڕووسیاوە گرنگیی پێ دەدرێت.
بەرپرسانی دووهەمین خولی فێستیڤاڵی فیلمی كوردیی “مۆسكۆ” لە ڕاگەیێندراوێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایانگەیاند: ئەمە ڕووداوێكی كەلتووری سەرسووڕهێنەرە بۆ هەموو لایەنگرانی فیلم و هەروەها بۆ كوردانی ڕووسیا و هەموو ئەو كەسانەی كە سەبارەت بە چارەنووسی ئەم خەڵكە قارەمانە بێكاردانەوە نین.

فێستیڤاڵی ئەمسال، بە هەشتاو پێنجەمین ساڵیادی لە دایكبوونی ئەفسانەی سینەمای كوردستان “یەڵماز گۆنای”یە Yilmaz Guney دەرهێنەری ناوداری كورد تەرخان كراوە. فیلمی دەستپێكی فێستیڤاڵی فیلمی كوردی “مۆسكۆ”ی 2022 تایبەتە بە پیشاندانی فیلمی هەرمانی گۆنای واتە “ڕێگا” The Road كە لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “كان”ی فەرەنسا لە ساڵی 1982 خەڵاتی گەورە و گرینگی چڵەخورمای زێڕینی ئەم ڕووداوە بەنرخە سینەماییەی بەدەست هێنا.