لە راگەیەندراوێکی وەزارەتەکەدا هاتووە “لەم کۆبوونەوەیەدا ئەنجوومەنى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى جەختى کردەوە، کەیسى شەهیدکردنى مامۆستایانى زانکۆى سەڵاحەدین – هەولێر، کەیسی وەزارەتەکەمان و تاک بە تاکی مامۆستایانى کوردستانە، چونکە بەزاندنى حەرەمى زانکۆ دەست بردنە بۆ پیرۆزییەکانى خوێندن و شێواندنى کلتور و بەهاو نۆرمە نیشتمانییەکانمانە، بۆ ئەمەش ئەنجومەنى وەزارەت دڵنیایى دەدات بەسەرجەم کۆمیونیتى ئەکادیمى کوردستان و هەمو خەڵکى کوردستان کە پێکەوە کار دەکەین بۆ پاراستنى سەروەرى یاساو بەدیهێنانى دادپەروەرى، هەروەها ئەنجومەنى وەزارەت داوا لە هەمو لایەنەکان دەکات کە هاوکارى دادگا بن بۆ سەلامەتى پرۆسەى لێکۆڵینەوەکان تاوەکو بە بڕیارێکى دادپەروەرانە ماف بۆ مافخوراوان بگەڕێندرێتەوەو سەبورى کەسوکارى قوربانیان بدرێت”.
ئەوەش خراوەتە روو “هەر لە کۆبوونەوەکەدا ئەنجوومەنى وەزارەت بڕیارى پێویستى دا بۆ ئەنجامدانى ڕێکارى پەروەردەیى و زانستى و یاسایی، بۆ ڕێگەگرتن لە دووبارە بوونەوە و تەشەنەسەندنى ئەم ڕووداوە دڵتەزێنانە، بۆ ئەم مەبەستەش وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لێژنەى پەروەردەیى و زانستى و یاسایى بۆ بەدواداچوونى ڕەهەندە جیاجیاکانى ئەم ڕووداوە نەخوازراوە پێکهێناوە”.
لە راگەیەندراوەکەی وەزارەتی خوێندنی باڵادا هاتووە “لە کۆتاییدا ئەنجوومەنى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى دڵنیایى دەدات هەموو هەوڵێک دەخەینەگەڕ، لەپێناو پاراستنى ناوەندەکانى خوێندن و شکۆى مامۆستایان و ژینگەى خوێندن، بۆ ئەم مەبەستەش داوامان لە پەرلەمانى کوردستان و سەرجەم دامەزراوەکانى حکومەت و ئەنجومەنى دادوەرى و ڕێکخراوەکانى کۆمەڵگەى مەدەنى و کۆمیونیتى ئەکادیمى کوردستان هەیە، کە لەم پرسەدا هاوکار و هەماهەنگى وەزارەتەکەمان و ناوەندە زانستییەکانى وڵاتەکەمان بن”