دانا لهتیف
بەڕاستی زۆر پێویستە بگوترێ یەكەمین ئەو توخم و شتانهی كە فەرامۆش دەكرێن، ڕێك توخمه بەرایی و سەرەتایی ترینهكانی شتەكانن، بەڵام لەبەرئەوەی ئەو توخمانە جار لەدوای جار دووبارە دەبنەوە، دەبنە كۆڵهكهكانی زانستی سیاسەت و هەموو جۆرێكی كردەی بەكۆمەڵ(Collective action).
یەكەمین توخمیشی ئەمەیە كە، لەڕاستیدا، فەرمانڕەواكان و فەرمانبەسەركراوهكان، سەرۆكەكان و شوێنكهوتووهكان لەئارادان. سەرتاپای زانست و هونەری سیاسەت پشت ئەستوورە بەم ڕاستییە سەرەتاییەی كە شایەنی كورتكردنەوە نییە (بەسەرنجدان لە هەندێ هەلەمەرجی گشتی). بنەمای ئەم ڕاستییەش ئەو پرسە تایبەتییەیە كە پێویستە بەجیا تاوتوێ بكرێت (لانیكەم دەتوانرێ و پێویستە بخرێتە بەر توێژینەوە كە چۆن پێویستە ئەم ڕاستییە بە لووتكە بگەیەنێت و دەری نەخات و، هەندێ هەلومەرج كە لەم ڕووەوە كار دەكەن، بگۆڕێت) بەڵام ئەم ڕاستییە لەبار و شێوهی خۆی ماوەتەوە كە فهرمانڕهواكان و فەرمانبەسەركراوان، سەرۆكەكان و شوێنكهوتووهكان لە ئارادان. بەسەرنجدان لەو ڕاستییە پێویستە ببینرێت كە چۆن دەتوانرێ بەكاریگەرترین شێوە (بەسەرنجدان لە ئامانجە دیاریكراوەكان) ڕێبەرایەتی بكرێت و، چۆن پێویستە سهرۆكهكان بە باشترین شێوە ئامادە بكرێن (و یەكەمین بەشی زانست و هونەری سیاسەت ڕێك لەم بەشەدایە) و لە لایەكی دیكەشهوه، چۆن دەتوانرێ چهند شێوەیهكی بەرگری یان عەقڵانییانه بۆ دابینكردنی گوێڕایەڵیی فەرمانبەسەركراوەكان و شوێنكهوتووهكان بناسرێت؟ لە پەروەردەكردنی سەرۆكەكاندا ئەم خاڵە بنەمای جوڵانەوەیەكی سەرەكییە: ئایا دەخوازین فهرمانڕهواكان و فەرمانبەسەركراوەكان بەردەوام بوونییان هەبێت؟ یان دەخوازین ئەو هەلوومەرجە بهێنینەكایەوە كە پێویستی ئەم دابەشكردنە لە ناو بچێت؟ بە دەربڕینێكی دیكە، ئایا لەبنەمای جوڵانەوەی دابەشكردنی سهرهتایی ڕهچهڵهكی مرۆییەوە دەستپێدەكەین یان بۆچوونهكه لەسەر ئەم خاڵەیە كە ئەم دابەشكردنە، ڕاستیەكی مێژوویی و پەیوەسته بەهەلومەرجـێكی دیاریكراوەوه؟ وێڕای ئەوەش، پێویستە بەڕوونی لەوە بگەین كە دابەشكردنی كۆمهڵگه بۆ فەرمانڕەوا و فەرمانبەسەركراو (ئەگەرچی لە دوا شیكردنەوەدا، ڕەگوڕیشەكهی لە دابەشكردنی كۆمهڵگه بۆ گرووپە كۆمەڵایەتییەكاندا هەیە، لەڕاستیدا، بە سەرنجدان لە هەلومەرجی هەنوكە، تەنانەت لەناخی گرووپیشدا، هەرچەند لەڕووی كۆمەڵایەتییەوە گشتیی بن، بوونی هەیە). لە ڕووییەكەوە، دەتوانرێ بگووترێ كە ئەم دابەشكردنە بەرهەمی دابەشكردنی كارە(division of labour)، واتە واقعیەتی تەكنیكییە، بەڵام ئەوان كە هەموو شتێك تهنیا لە ڕوانگەی «تهكنیكییهوه» گرینگیی«تهكنیكی» دەبینن، خراپ سوود لە پێكەوەژیانی هۆكارەكانی {دابەشكردنی كۆمهڵگه} وهردەگرن، تاوەكو لە پرسێكی بنەڕەتی هەڵبێن.
لێرەوەیە، تەنانەت لە تاكە گرووپێكیشدا پلەبەندی فەرمانڕەوا و فەرمانبەسەركراو بوونی هەیە، پێویستە چاودێری هەندێ پڕەنسیپگەلی نەگۆڕدراو بكەین، ئهویش لەم كایەوەیە كە دژوارترین «هەڵە» دێتە كایەوە، تاوانبارترین بێ تواناكان، كە ڕاستكردنەوەیان لە پڕگرفترین كارەكانە، دەردەكەوێ. بڕوای باو پێی وایە كاتێك بابەتەكە لە سەر تاكە گرووپێكە، پێویستە گوێڕایەڵی خۆبەخۆ و خودییانه هەبێت، پێویستە بێ ئەوەی پێویستی بە سەلماندن و عەقڵانیەتەكەی بێت، یان تەنانەت بێ ئەملاو ئەولا، گوێڕایەڵی بكرێت (هەندێ كەس پێیانوایە خراپتر لە هەموو ئەوەی كە بەگوێرەی ئەم بڕوایە كار دەكەن، گوێڕایەڵی و پەیڕەویكردن، بێ ئەوەی كە داوا بكرێت، بێ ئەوەی كە ڕێگاكەی نیشان بدرێت، دێتەكایەوە) بەم چەشنە، چارەسەری تەواوی نەخۆشی كادۆرنیزم لە سهرۆكهكاندا دژوارە (واتە بڕوابوون بەوەی كە پێویستە دۆزێكی دیاریكراو دروست ببێت، چونكه سهرۆك وابیردەكاتەوە كە ئەنجامدانی كارێكی ئاوها ڕاست و عەقڵانییە، ئەگەر ئەو كارە درووست نهبێت «كەمتەرخەمییەكەی» لە ئەستۆی ئەو كەسانەیە كە پێویستە ئەنجامی بدەن). بەم چەشنە، ڕیشەكێشكردنی خودی تاوانبار و، بێ مهیلی بە دووركەوتنەوە لە قوربانیانی بێهودە، كارێكی زەحمەتە. وێڕای ئەوەش، عەقڵی سەلیم نیشانی دەدات كە زۆربەی پێشهاتە بەكۆمەڵەكان (سیاسییەكان) بەم جۆرە ڕوودەدات كە هیچ هەوڵدانێك بۆ دووركەوتنەوە لە قوربانیكردنێكی نابەجێ درووست نهبووه، یان هیچ بایەخێك بە فیداكارییەكانی ئەوانیتر نەدراوە و، یارییان بەگیانی ئەوان كردووە. هەموو كەسێك چیڕۆكگەلێكی لە زمانی ئەفسەرانی بەرەی جەنگ گوێ لێبووە كە چۆن ژمارەیەك سەرباز ئامادەن لە كاتی پێویستدا گیانی خۆیان توشی مەترسی بكەن، بەڵام ئەم سەربازانەش كاتێك دەبینن بایەخیان پێنادرێ، هەڵدەگەڕێنەوە.
بۆ نموونە، ئەفسەرێك توانی زیاد لە ڕۆژێك بێ خواردن بەسەر بەرێت، چونكه دەبینێ بە چهند هۆكارێكی ماددی، دەستگەیشتن بە پێداویستییەكان كارێكی نەكردەیە، بەڵام كاتێك بڕێك خواردن بەهۆی بایەخپێنەدان و كاری ئیدارییەوە نەنێردراوە، هەڵدەستێ بەشۆڕشكردن و یاخی دهبێت.
ئەم بنهمایه لەبارەی تەواوی ئەو هەنگاوانەی كە پێویستی بە فیداكاری هەیە دەگشتێندرێت. بەم چەشنە، لەدوای هەر شكستخواردنێك، پێویسته لەپێش هەر شتێك بەرپرسیاریەتی سهرۆكهكان، ئەویش بەمانای تەواوی وشهكە، بەدواداچوونی بۆ بكرێت. (بۆ نموونە: هەر بەرەیەك لە چهندان بەشی جیاواز پێكهاتووە، هەر بەشێك بۆ خۆی سەرۆكی هەیە، ڕهنگه سەرۆكی بەشێك زیاد لە سەرۆكی بەشێكی دیكە بەرپرسیار بێت، بەڵام پرسەكە لە سەر ڕێژەی بەرپرسیاریەتییە، نەك ئەوەی كە شتێك لە بەرپرسیاریەتی بەری بێت).
ڕوونكردنەوە و شیكردنەوەی تێگەیشتنی گشتیگیریی پلە بە پلە، لە دەستەواژەی ڕووحی گشتییدا، مانایەكی زۆر ورد و مێژووییانهی هەیە، بەڵام پرسەكە لێرەدایە: ئایا لە هەر بزوتنەوەیەكی جددییدا، واتە ئەو بزوتنەوەیهی كە دەربڕی خۆخوازانەی تاكگەراییە ڕووبەڕووەكان نییە، شتێكی هاوشێوەی ئەوەی كە «بەڕووحی دەوڵەت» ناودەبرێت، هەیە؟ لەم نێوانەدا، گریمانەی پێشووتر {لەتێگەیشتنی} «ڕووحی گشتی» ئەمەیە كە «بەردەوامی» بوونی هەیە، چ لەگەڵ ڕابردوو یان تەنانەت لەگەڵ نەریت، و چ لەگەڵ داهاتوو، واتە گریمانەكە ئەوەیە هەموو كارێك قۆناغێكە لە پڕۆسەیەكی ئاڵۆز، كە پێشتر دەستی پێكردووە و درێژەی دەبێت. بەرپرسیاریەتی لە بەرامبەر ئەو پڕۆسەیە، لە بەرامبەر یاریكەری ئەو پڕۆسەیەدایه، لە بەرامبەر هەبوونی یەكانگیریی لەگەڵ ئەو هێزانەی كە لە ڕووی ماددییەوە «نەناسراون». بەڵام واهەست دەكرێت كە لە بنەڕەتدا چالاكییان هەیە و، وادێنە هەژماردن كە «ماددین» و ئامادەی جەستەییان هەیە، لە هەندێ بواردا، بەڕووحی گشتی له قهڵهم دهدرێن. بەڵگەنەویستە كە ئەم ئاگاییە پێویستە لەسەر «بەردەوامی» دیاریكراو بێت نەك ئەبستراكت. واته بەمانایەك، نابێ سنوورێكی دیاریكراو ببەزێنێت. با گریمانە بكەین كە كەمترین سنوور بریتییە لە نەوەیەكی پێشوتر و نەوەیەك دواتر، كە ئهمهش ماوەیەكی كەم نییە، چونكه نەوەی ئێمە سی ساڵ بە سی ساڵ ناژمێردرێن، بهڵكو بەشێوەیەكی گشتگیر و مێژوویی كە لانیكەم تێگەیشتنی بۆ كەسانی ڕابردوو، كارێكی شیاوە، دەژمێردرێن. ئێمە بەرامبەر بەو كەسانەی كە ئەمڕۆ زۆر پیرن و بۆ ئێمە «ناسێنەری» ڕابردوویەكن كە هێشتا لە نێوانماندا دەژین (و ئێمە پێویستیمان بەناسینیانە، پێویستە حیسابەكانمان لەگەڵیان یەكلا بكەینەوە و، یەكێك لە توخمەكانی ئەو سەردەمەیە و، یەكێكیشه لە پاشكۆكانی داهاتوو) هەستی یەكانگیریمان هەیە. ئێمە بەرامبەر بە منداڵانیش یەكانگیریمان هەیە، بەرامبەر بە نەوەی نوێی تازهههڵتۆقیوش بەرپرسین. («پەرستن»، تام و بۆی دروشم وتن دەدا، شتێكی جیاوازە: لە نەریتپەرستییدا هەڵبژاردنێكی دیاریكراو و، ئامانجێكی تایبەت خراوەتەڕوو – واتە كۆڵەكەی ئایدۆلۆژیایەكە) وێڕای ئەوەش، ئەگەر بتوانرێ بگوترێ ڕووحی گشتی بەم تێگەیشتنە لە هەموو كەسێكدا هەیە، پێویستە هەندێ كات ململانێ لهگهڵ لادانكاریەكانیاندا بكەین.
«كرده بۆ كرده» ململانێ بۆ ململانێ …هتد، بەتایبەت تاكگەرایی كە لە هەموو بارێكدا تهنیا تێركەری خۆخوازانهی هەوا و هەوەسە تێپەڕەكانە (لەڕاستیدا دووبارەش قسە لە (ئەپۆلیتیزمی) ئیتاڵیاییە كە بەم شێوە هەمەچەشنە، فریودەر و سەرسوڕهێنەر دەردەكەوێ.) تاكگەرایی شتێكی جگە لە ئەپۆلیتیزمی ئاژەڵی نییە، و دەستەگەرایی هەمان ئەو ئەپۆلیتیزمەیە، ئەگەریش باش تەماشا بكەین دەبینین كە لە كاتی كەمتەرخەمی ڕووحی حیزبییانه كە توخمی بنەڕەتی ڕووحی دەوڵەتە، دەستەگەرایی، لەڕاستیدا، شێوەیەك لە بازاڕگەرییە بۆ خۆی. سەلماندنی ئەوەی كە لایەنی ڕووحی و حیزبی توخمی سەرەكی ڕووحی دەوڵەتە، یەكێك لە گرنگترین ئەو تیۆرانەیە كە پێویستە لایەنگیری لێ بكرێت، بەپێچەوانەوە، تاكگەرایی توخمێكی ئاژەڵییە كە هاوشێوەی ڕەفتاری گیاندارانی باخچهی ئاژهڵان و، «مایەی خۆشگوزەرانیی بێگانەكانە.”
سهرچاوه:
antonio Gramsci، modern prince، 2014.