لەمڕۆوە پڕکردنەوەی فۆڕمی دامەزراندن دەستپێدەکات 

گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان گوتی، لەمڕۆوە پرۆسەی پڕکردنەوەی فۆڕم بۆ پێنج ھەزار کەس دەستپێدەکات و تاوەکو یەک مانگ بەردەوام دەبێت و مووچەی ھیچیان لە ٣٥٠ ھەزار دینار کەمتر نابێت.

حوسێن حەمە کەریم، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: “لەمڕۆوە پرۆسەی پڕکردنەوەی فۆڕمی دامەزراندن دەستپێدەکات و تاوەکو یەک مانگیش بەردەوام دەبێت و دواتر سەیری فۆرمەکان دەکرێت و لەدوای ئەوەی بزانین چەند پڕۆژە لە شارەکان ھەیە کە پێویستی بەسەرپەرشتیارە و بەپێی فۆڕم و خاڵەکان و دواتر کە دیاریکران دەچنە خول و تاقیکردنەوەیان پێدەکرێت و کێ لەو تاقیکردنەوانە دەربچێت خاڵەکانی زۆربوو ئەوان وەردەگیرێن.

گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان وتیشی: “ئەو کەسانە دەبنە سەرپەرشتیاری پڕۆژەکانی کەرتی تایبەت و ئەوەش کارکردنەکە بەپێی گرێبەستێک دەبێت، کە وەزارەت ئامادەی کردووە کە مافی پڕۆژە و سەرپەرشتیاران دەستەبەر بکرێت، کە مووچەیان نابێت لە ٣٥٠ ھەزار دینار کەمتر نەبێت و ئەوەی دیکەش بەپێی بڕوانامە و پسپۆری و لێھاتووی مووچەیان بۆ دیاری دەکرێت.

ناوبراو جەختیش دەکاتەوە: “ئەوانەی فۆرمەکە پڕدەکەنەوە پێویستە دەرچووی بەشەکانی کشتوکاڵ یاخود فێتەرنەری بن، کە ئەوەش خزمەتێکی باش بە ھاووڵاتیان دەکرێت، چونکە ئەم فۆرمەی پڕدەکرێتەوە بەخۆڕایی دابەش دەکرێتە سەر ئاستی فەرمانگە کشتوکاڵیەکانی ھەرێمی کوردستان.

ھەواڵی زیاتر