مەهتاب ماجید: دامەزراندنی فێرگەیەکی ئەکادیمیکی میوزیک لە کەرکووک هیوایەک بوو 


“مەهتاب ماجید” یەکێکە لە خانمە هونەرمەندە باشەکانی شاری کەرکووک و هەر لە منداڵییەوە ناوبانگ و بەهرەیەکی زۆری هەبوو و، هەموومان دەیناسین؛ لەم دیمانە تایبەتەی “هەولێر”دا دەربارەی چەند بابەتێک دەدوێین.

٭ تۆ جگە لە گۆرانیچڕین هەمیشە خۆت بەرەوپێش بردووە لە هونەری میوزیکدا؛ ئێستاکە لە چ قۆناخێکدای و دەتەوێ بە کوێ بگەیت؟
ـ ئێستاکە زانکۆی سلێمانی کۆلێژی هونەرم تەواو کردووە، پێم خۆشه زیاتر پەرە بە هونەرەکەم بدەم و بەو هیوایەم ڕۆژێک بتوانم بڕوانامەی ماستەر و دکتۆرایش بەدەست بهێنم لە دەرەوەی وڵات، چونکە بە ڕاستی ئێمە پێویستیمان بەوەیە کەسانی شارەزاترمان لە هەموو بوارێکدا هەبێت.

٭ تەواوی خانەوادەکەت کەسانی هونەرمەند و ڕۆشنبیرن، بەڵام ئەوەی لە ناویاندا زیاتر دەرکەوتووە تۆیت، دەکرێ بڵێین تۆ وزە و توانستی زیاترت تێدا بووە کە وای لێ هاتووە یا ناوی لێ دەنێیت قەدەر؟
ـ لە ڕاستیدا ناگەیت بە هیچ شتێک لە ژیان ئەگەر هەوڵی بۆ نەدەیت و خێزانەکەت پاڵپشتت نەبێت، من پێم وا نییه قەدەر بووبێت، ماڵەوەمان
هەمیشە پاڵپشتی سەرەکیم بوونه، چونکه من لە منداڵییەوە دەستم کرد بە کاری هونەری ئەگەر خێزانەکەمان درکیان بە بەهرەکەم نەکردایە و پاڵپشتم نەبوونایە بێگومان ئێستا من لەم ئاستەدا نەدەبووم.

٭ ئێستاکە فێرگەیەکی میوزیکیت هەیە، لەو فێرگەیە ئامانجت چییە و چ سودێکت گەیاندووە؟
ـ دامەزراندنی فێرگەیەکی ئەکادیمیکی میوزیک لە کەرکووک هیوایەک بوو بۆ من، زۆر دەمێکە هەوڵم داوە بتوانم خزمەتی شارەکەم بکەم لە ڕێگەی پیشەکەمەوە؛ فێرگەکەم بەبێ جیاوازیی ڕەگەز و نەتەوە و ئایین کار دەکات؛ هیوادارین بتوانین لە ڕێگەی میوزیکەوە بەهرەی منداڵان و گەنجان دەربخەین و پەیامی ئاشتی بگەیێنین و فێرگەکەمان ببێتە پاڵپشتییەک بۆ دەرخستنی توانستیان.

ھەواڵی زیاتر