وەزارەتی تەندروستیی عێراق رایگەیاند، لە 24 کاژێری رابردوودا 2 هەزار و 286 کەسی دیکە لە عێراق و هەرێمی کوردستان تووشی کۆرۆنا بوون، ئەمەش ئاستێکی پێوانەیی تووشبوونە بە کۆرۆنا کە چەند مانگێکە لە عێراق و هەرێمی کوردستان تۆمارنەکراوە.
وەزارەتی تەندروستیی عێراق، ئەمڕۆ شەممە 2.7.2022، نوێترین ئاماری تووشبوون بە کۆرۆنا و چاکبوونەوەی تووشبووانی ئەو نەخۆشییەی بڵاوکردەوە و رایگەیاند: لە 24 کاژێری رابردوودا 2 هەزار و 286 کەسی دیکە لە عێراق تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون، کە 270 تووشبوویان لە هەرێمی کوردستان تۆمارکراون. هاوکات 833 تووشبووی دیکەی کۆرۆنا لە عێراق و هەرێمی کوردستان چاکبوونەوە، بەڵام هەر لە 24 کاژێری رابردوودا تووشبوویەکی کۆرۆنا لە پارێزگای بەغدا گیانی لەدەستدا.
وەزارەتی تەندروستیی عێراق ئاشکراشیکرد، تاوەکو ئەمڕۆ زیاتر لە 10 ملیۆن و 867 هەزار کەس لە عێراق و هەرێمی کوردستان بە پێکوتەی دژەڤایرۆسی کۆرۆنا کوتراون، واتا زیاتر لە چارەکێکی دانیشتووانی عێراق و هەرێمی کوردستان.
بەپێی ئامارەکەی وەزارەتی تەندروستیی عێراق، تائێستا زیاتر لە 2 ملیۆن و 335 هەزار کەس لە عێراق و هەرێمی کوردستان تووشی کۆرۆنا بوون، کە نزیکەی 2 ملیۆن و 310 هەزاریان چاکبوونەتەوە، واتا 98.2%ی ئەو تووشبووانە چاکبوونەتەوە، بەڵام تائێستا 25 هەزار و 243 کەس لە عێراق و هەرێمی کوردستان بەهۆی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا گیانیان لەدەستداوە.