لەم دیدارەی رۆژنامەی (ئەلوەفد)ی مسڕی، كە خاتوو (دینا دیاب) لە هەولێری پایتەخت لەگەڵ (سەرۆك بارزانی) كردوویەتی، تیشك خراوەتە سەر چەندین تەوەری گرنگی پەیوەست بە مێژووی كوردستان و پەیوەندیی كورد و مسڕ و دۆخی سیاسیی عێراق و ئەو كێشە و گرفتانەی هاتوونەتە بەردەم پرۆسەی سیاسیی لە عێراق.
بە مانای وشە سەرۆكێكی مێژووییە، خەم و ئازارەكانی نیشتمانەكەی خستووەتە سەر شان، رۆحی خۆیشی لە بارتەقای دواڕۆژی گەلەكەی داناوە، كێشە و تەنگوچەڵەمەكان نایترسێنن. سەرۆك چەكی تێكۆشانی بۆ گەلەكەی كردووەتە شان، رۆژهەڵات و رۆژئاوا گەڕاوە بۆ داواكردنی مافەكانی نیشتمانەكەی، هەڵوێستە سیاسی و خەباتگێڕییەكانی دەربڕیوە، بۆ ساتێكیش لە تۆماركردنی مێژووی گەلەكەی كەمتەرخەم نەبووە، كاتەكانی تەمەنی خۆی بەخشیوە ،بۆ ئەوەی ئەركی نیشتمانی بەجێ بێنێ و ئەمەی بە ئەركی سەر شانی خۆی زانیوە.
سەرۆك (مەسعود بارزانی)، سەرۆكی گەلی كورد و سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان، حزبی فەرمانڕەوا، سەركردەی گەل و سەرۆك و رەمزی گەلی كوردستان، كە داب و نەریتەكانی كۆمەڵگای كوردی بەرجەستە كردووە، جگە لەوەی خانەوادەكەی پێگەی ئایینییان لە كوردستاندا هەیە و مێژوویەكی درێژیشیان لە تێكۆشان لەپێناو مافەكانی گەلی كورددا هەیە.
كاتێك (بارزانی) دیتی رۆژهەڵاتناسان مێژووی كورد بە رووداوی هەڵەی تێكەڵ لەنێوان راستی و خەیاڵ تۆمار دەكەن، بڕیاری دا ئەركێكی دیكەی خۆی جێبەجێ بكات، كە هیچی كەمتر نییە لە هەڵگرتنی چەك و جێبەجێكردنی ئەركی خەیاتگێڕی، كاتێ لەناو پێشمەرگایەتیدا دەستی پێكرد، كە تەمەنی 13 ساڵ بوو، لە چەندین كتێبدا تێكۆشانی گەلەكەی تۆمار كردووە، دوایینیان كتێبی بۆ مێژوو (للتأريخ) بووە، كە بە زمانی عەرەبیش دەرچووە و تیایدا وەك شاهیدحاڵێكی سەردەمەكە رووداوی راستەقینەی بە وێنە و بەڵگەنامە و نەخشەی دەگمەنەوە تۆمار كردووە، بۆ ئەوەی لە رێگەیەوە مێژووی نیشتمانەكەی روون بكاتەوە.
كاتێك بەدوای بابەتێكی نێودەوڵەتیدا بووم، بەتایبەت ئەو گەلانەی رەگی رێكخراوی توندڕەوی داعشیان بڕی، ئەو كتێبەم بەرچاو كەوت، بینیم كە واقيعێكی بەئازار و گرنگی لەوبارەوە تێدایە، بۆیە بەو كتێبەوە كاریگەر بووم و چەندین وتارم لەسەر نووسی.
كتوپڕ پەیوەندییەكی تەقەفۆنیم لە د. قەیس رەزوانی، هاوڕێی رۆژنامەوانی عێراقی بۆم هات و پێی راگەیاندم، كە سەرۆك بارزانی لە چوارچێوەی ئەو بەدواداچوونە بەردەوامانەی بۆ دەزگاكانی راگەیاندنی جیهانی بەگشتی و عەرەبی و میسڕی بەتایبەتی دەیكات، بە وردی ئەو نووسینانەت دەخوێنێتەوە، رەزامەندیشی داوە بۆ دیاركردنی دیدارێكی خێرا، بۆ گفتوگۆیەكی رۆژنامەوانی لەگەڵیدا. هەرواش بوو، بەخێرایی هەماهەنگیی سەردانەكە رێكخرا.
لەگەڵ گەیشتنم بۆ فڕۆكەخانەی هەولێر، وێنەكانی سەرۆك لە هەموو لایەكەوە دەبینران، یەكێ لەو وێنە تایبەتانەی سەر دیوارەكان سەرنجی راكێشام و رایگرتم، تیایدا دەردەكەوێ، كە بۆ پشكنین دەستەكانی بەرز كردۆتەوە و كارمەندێكی ئەمنی دەیپشكنێت، ئەمە ئەو سەرۆكە كاریزمایەیە، كە گەلەكەی مامەڵەی لەگەڵدا دەكەن و ئەو نموونەیەیە، كە لە هەموو هەڵوێستەكاندا چاوی لێ دەكەن.
دوای گەیشتنم بە چەند سەعاتێكی كەم، وادەی دیدار دەستنیشان كرا، بەهۆی ئەو دۆخە سیاسییەی لە عێراقدا هەیە زانیم سەرۆك كاتێكی زۆری نییە، دیدارەكەم هاوكات بوو لەگەڵ ساتی كشانەوەی موقتەدا سەدر لە هەڵبژاردنەكان، كە ئەمە جێی سەرسوڕمان بوو بۆ ئەو دیمەنەی عێراق، بەڵام كەمیی كات رێگریی نەكرد لەوەی سەرۆك بەشێك لە كاتە بەنرخەكەی بۆ دیدارەكە تەرخان بكات.
جۆرێك لە ترس و شۆك بەسەر هەستەكانمەوە زاڵ بوو، لە رووخساریشمدا دیار بوو، سەرۆك هەستی بەوە كرد، بۆیە وەك تواندنەوەی شەختە، ئەو پێشوازیكردنەی لە یەكەم چركەدا، بەس بوو بۆ رەواندنەوەی ترسەكەم و گفتوگۆیەكە دەستی پێكرد، كە گرنگترین دیدار و گفتوگۆمە بەدرێژایی كاری رۆژنامەوانیم.
هەوڵ دەدەین بۆ پێشخستنی پەیوەندییەكانی میسڕی- كوردی
بەڕاستی دیدارەكە سەرنجڕاكێش بوو، سەرۆك بە پرسیار لە بارودۆخی میسڕ دەستی پێكرد و ئینجا گوتی: چەند جارێك سەردانم كردووە، وڵاتێكی جوانە، سەردانی هەڕەمەكان و هەروەها مۆزەخانەی میسڕیم كردووە. جەخیشی كردەوە، كە گەلی میسڕم زۆر خۆش دەوێت، خەڵكێكی رەسەن و رووخۆشن، خوای گەورە نیعەمەتی لەگەڵ كردوون، كە سەركردایەتییەكی دانایان هەیە.
وەڵامم دایەوە، سوپاس بۆ خوا، دۆخەكە سەقامگیرە، هەمیشەش گەلی میسڕ پەیوەندییەكی پتەوی لەگەڵ گەلی كورددا هەیە، پەیوەندیی زۆر قووڵ لەنێوان ئەو دوو وڵاتەدا هەیە، درێژ دەبێتەوە بۆ شارستانیەتی كۆنی میسڕ، لەگەڵ سەرەتای پەیوەندییەكانی (میتانییەكان)ی باپیرانی كورد، لەگەڵ پاشایانی فیرعەون هەر لە سەدەی چواردەی پێش زایینەوە، پاشان بڵاوبوونەوەی كورد لە میسڕ بە شێوەیەكی بەرفراوان لە دوای فتوحاتەكانی ئیسلامی و بەتایبەتی ئەوكاتەی سەڵاحەدینی ئەیوبی (كوردی رەسەن) دەسەڵاتی وەرگرت، هۆكار بوو بۆ ئەوەی خەڵكێكی زۆری كورد بێن بۆ میسڕ، وەك پیاوانی دەسەڵات و ئیدارە و فەرماندەكان و سەرباز و بازرگان و تەنانەت فێرخوازانی زانكۆی ئەزهەر، جگە لەو كوردانەی كاریگەرییان هەبووە لەسەر رۆشنبیری و داهێنانی میسڕی، وەك ئەحمەد شەوقیی شاعیر، عەباس مەحموود عەقادی نووسەر، كە دایكی كورد بووە، هەروەها دەرهێنەری گەورە عەلی بەدرخان و زۆری دیكە.
* لێم پرسی: ئەم پەیوەندییە مێژووییەی نێوان میسڕ و كوردەكان چۆن دەبینی؟
– وەڵامی دامەوە و گوتی: پەیوەندیی كورد لەگەڵ تێكڕای گەلان و وڵاتانی ناوچەكە پەیوەندییەكی مێژووییە، ئەگەرچی هەندێ كات بە ئەرێنی یان نەرێنی تێپەڕیبێ، بەڵام هەمیشە لەگەڵ میسڕ پەیوەندیی باشی هەبووە.
* لێرەدا، گەڕامەوە بۆ پەیوەندیی سەرۆكی كۆچكردوو جەمال عەبدولناسڕ لەگەڵ كورد و پێشوازیكردنی لە مەلا مستەفا بارزانی، لە شاری پۆرسەعید، گفتوگۆمان دەربارەی ئەوكاتانە كرد، كە ناسڕ بواری رەخساند بۆ كورد لە 1957 لە رێی ئێزگەكەیەوە كورد بەرەو رووی جیهان دەركەوێ، كە ئەمە یەكەم جار بوو شتی وا ببێ. ئینجا لێم پرسی: رۆڵی سەرۆك جەمال عەبدولناسڕتان لەوكاتەدا چۆن دیت؟
– لە وەڵامدا فەرمووی: سەرۆك عەبدولناسڕ بە شۆڕشەكەی گۆڕانێكی زۆری نەك هەر لە میسڕ، بەڵكوو لە تەواوی ناوچەكەدا كرد، بەتایبەت بۆ رەوتە پێشكەوتنخوازەكان و بزووتنەوەكانی رزگاریی گەلانی چەوساوە، لەم روانگەیەوە، سەرۆك عەبدولناسڕ بە گەرمی پێشوازیی لە سەرۆك مستەفا بارزانی، سەرۆكی جوولانەوەی رزگاریی نیشتمانی و نەتەوەیی كورد كرد، ئامادەیی مسڕ و شۆڕشەكەیشی لەگەڵ گەلی كورد دەربڕی.
“باوەڕمان وایە كە دەبێ هاوپەیمانیی لەسەر بنەمای نیشتمانی بێت”
* كەمێك وەستاین، بۆ گەڕانەوە بۆ سەر پەیوەندییەكان، بەتایبەتی كە یەكەم رۆژنامەی كوردی لە مێژوودا بە ناوی (كوردستان) لە ساڵی 1898 لە مسڕ دەرچووە، پرسیم: ئایا پێتان وایە پەیوەندییەكانی ئێستا شایانی ئەو پەیوەندییە مێژووییە قووڵەیە؟
– وەڵامی دامەوە و گوتی: بێ گومان ئەوەی ئێمە دەمانەوێ زۆر لەو پەیوەندییەی ئێستا زیاترە، لەهەمان كاتدا كار دەكەین بۆ ئەوەی زیاتر پێشی بخەین.
* لێم پرسی: ئەو رێگایانەی بەهێزكردنی ئەو پەیوەندییە چۆن دەبینی؟
– لە وەڵامدا گوتی: لە جیهانی ئەمڕۆدا تەنیا پەیوەندییە سیاسییەكان تاكە رێگا نین بۆ پتەوكردنی پەیوەندیی نێوان گەلان و وڵاتان، ئێمە چونكە میسڕ وەك وڵاتێكی گەورەی خاوەن مێژوو و شارستانیەت و زانست و ئەزموون و كاریگەرییەكەی بەسەر گەلانی ناوچەكە و وڵاتەكانیاندا دەبینین، لە رێی ئەو پەیوەندییە كولتووری و زانستی و ئابوورییەوەیە، بۆیە پێمان باشە پەیوەندیی توندوتۆڵمان لەگەڵ میسڕی عەرەبیدا هەبێ.
* لە گفتوگۆیەكەماندا چوومە سەر دیدی سەرۆك عەبدولفەتاح سیسی، بۆ پتەوكردنی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان لەگەڵ میسڕ، كە لە سەردانەكەی ساڵی رابردوویدا هات بۆ عێراق، كە بە یەكەم سەردانی سەرۆكی میسڕ دادەنرێ لە 1990ەوە و تیایدا پرۆژەی شامی نوێی لە لووتكەی نێوان میسڕ و ئوردن و عێراق خستە بەر باس، كە ئامانج لێی بەهێزكردنی هاوكاریی ئەمنی و ئابووری و بازرگانی و وەبەرهێنانە لەنێوان ئەو سێ وڵاتەدا. لێرەدا پرسیم: ئەو سەردانە و ئەو هەماهەنگییە چۆن دەبینی؟
– لە وەڵامدا بە گرنگییەوە گوتی: بۆچوونی راست خزمەت بە گەلانی ناوچەكە دەكات، بەتایبەت گەلانی عێراق و میسڕ و ئوردن، هەروەها كەشێكی فراوانتریان بۆ مەیسەر دەكات، بۆ ئەوەی ئابووری و رۆشنبیری و زانستیان تەواو پێبگا و سوودی بۆ هەمووان هەبێت.
* چووینە سەر تەوەرێكی دیكەی تایبەتمەندتر و پرسیم: عێراق لە سایەی پێكنەهێنانی حكوومەتدا لە دۆخێكی سەختدا دەژی، دیمەنی عێراق چۆن دەبینی؟
– بە خەمبارییەوە وەڵامی دامەوە و گوتی بەداخەوە، كە دۆخەكە لەوپەڕی سەختیدایە، تەنگژەكە بەهۆی ئەو ئاڵۆزییانەی دوای راگەیاندنی ئەنجامەكانی هەڵبژاردن، زۆر قووڵ بووە، بەڵام گفتوگۆ و دەستپێشخەری هەن بۆ گەیشتن بە شێوازێك بۆ چارەسەركردنی ئەو گرێكوێرەیە.
*دووبارە گفتوگۆیەكەم بردەوە سەر دیمەنی هەڵبژاردنەكە و پرسیم: جوولەكانی چوارچێوەی هەماهەنگیی دژ بە هاوپەیمانییەكەتان لەگەڵ سەرۆكی رەوتی سەدر چۆن دەبینی، بەتایبەت دوای كشانەوەیان لە پەرلەمان؟
– وەڵامی دامەوە و گوتی: هێشتا كاروبارەكان لەدوای كشانەوەی بەڕێز موقتەدا سەدر لەسەرەتادان، ئێمە پەیوەندیی باشمان لەگەڵ سەدردا هەیە كە پەیوەندیی بە هاوپەیمانییەوە نییە، بەشێوەیەكی گشتی ئێمە هاوپەیمانیی لەسەر بنەمای دژایەتیی هاوپەیمانییەكانی دیكەدا ناكەین، بەڵكوو باوەڕمان وایە، كە هەموو هاوپەیمانییەك دەبێ لەسەر بنەمای جێگیر و نەگۆڕی نیشتمانی بێت، كە بنچینەكەی دەستوور بێت و ئامانج لێی پاراستنی دەستكەوتەكانی گەل و كاركردن بێت بۆ خزمەتكردنی هاووڵاتییان و دابینكردنی پێداویستییەكانیان و چارەسەركردنی كێشەكان بە رۆحێكی پاكی نیشتمانییەوە.
*پرسیم: ئایا پارتی دیموكراتی كوردستان بەربژێری بۆ سەركۆمار دەبێت؟
– گوتی: ئێمە هەر لە سەرەتاوە بەربژێرمان هەبووە.
*لێرەدا وچانێكم دا، بۆ ئەوەی بپرسم، ناكرێ گفتوگۆكەمان تێبپەڕێ، بێ ئەوەی لە سرووشتی پەیوەندییەكانی نێوان پارتی دیموكراتی كوردستان لەگەڵ هێزە سیاسییەكانی عێراق (سوننە) و (شیعە) تێبگەین؟
– لە وەڵامدا گوتی: پارتی دیموكراتی كوردستان پەیوەندییەكانی لەگەڵ هەموو لایەك لەسەر بنەمای نەگۆڕی نیشتمانی دادەمەزرێنێ، كە بنچینەكەی پێكەوەژیان و هاوبەشی و ئاشتی و یەكترقبووڵكردن و جێبەجێكردنی دەستوور بێ، بە رۆحێكی نیشتمانیی دوور لە تۆڵەسەندنەوە و پەراوێزخستن، كە ببێتە هۆی بەهێزكردنی دەسكەوتەكانی عێراقییەكان و پێكهاتەكانی نەتەوەیی و ئایینی و كولتووری، هەروەها دەستەبەركردنی تەواوی مافەكانیان وەك ئەوەی لە دەستووردا هاتووە.
* ئایا بارزانی سەركەوتوو بووە لە پاراستنی مافەكانی كورد لە بەغدا؟
– گوتی: ئێمە سەركەوتوو بووین لە داڕشتنی دەستوورێكی باش، كە مافەكانی گەلی كوردستان، هەروەها مافەكانی تەواوی عێراقییەكان دەستەبەر دەكات، بەڵام تا ئێستا كاری پێ نەكراوە.
* لێرەدا وەستام و لێم پرسی: پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) كاریگەریی لەسەر دۆخی هەرێمی كوردستانی عێراق هەیە؟
– لە وەڵامدا گوتی: بەداخەوە بەڵێ، هەبوونی سەربازیشی لە هەندێك ناوچە بووەتە هۆی ئەوەی سەدان گوند كۆچ بكەن، بووەتە رێگرییش لەوەی حكوومەت و دامەزراوەكانی، ئەو ناوچانە پێش بخەن و پرۆژەی پیشەسازی و كشتوكاڵی و گەشتوگوزار و رێگاوبانی تێدا دروست بكەن، ئەمە جگە لەوەی بوونیان بووەتە هۆی كوژران و برینداربوونی سەدان هاووڵاتیی مەدەنی، پاساویشی داوەتە دەست توركیا، كە لەشكركێشی بكاتە سەر ناوچە سنوورییەكان.
*ماوەیەك وەستاین و پشوومان دا، چونكە گفتوگۆیەكە دوورودرێژ بوو، ئینجا پرسیم: پێشمەرگەی كورد نموونەیەكی باڵای لە رووبەڕووبوونەوەی رێكخراوی داعشدا پێشكەش كرد و ریشەكەی هەڵتەكاند، دوای ئەوەی كە لە 2014 تا 2017 هێرشی كردە سەر عێراق، دیمەكانی بەڕێزیشتان، كە لەناو پێشمەرگەكاندا چەكت بەدەستەوە بوو، لەسەر ئاستی جیهاندا زۆر بوو بە جێی باس سەبارەت بەو دۆسیەیە، ئەگەر بۆمان باسی پلان و نەخشەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بكەی، لە رووبەڕووبوونەوەی داعش و رێكخراوە تیرۆریستییەكاندا؟
سەرۆك بارزانی: دامەزراوەی سەربازیی كوردستان (پێشمەرگە) دامەزراوەیەكی نیشتمانییە، دەیان ساڵە لەناو دڵی گەلدا هەڵقووڵاوە، وەك بزووتنەوەیەكی شۆڕشگێڕی، خەباتی كردووە و هەزاران شەهیدی لەپێناو كوردستان و پێكەوەژیانی نێوان تەواوی پێكهاتەكاندا داوە، بەبێ توندوتیژی، بۆیە، سەرەڕای ئەو ئابلووقەی خراوەتە سەر ئەو دامەزراوەیە لە بابەتی پێدانی چەك لەلایەن بەغداوە، بەڵام ئیرادەیەكی پۆڵایینی هەیە و یەكێتیی ریزەكانی وای كردووە بە دلێرانە بجەنگێ، كە نموونەی نەبێ، هاوشان لەگەڵ هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی، كە پاڵپشتیی ئەو هێزانەی كرد و یارمەتی دان و شانبەشانیان جەنگا، كە توانیی ئەفسانە و ترسی داعشی تیرۆریست تێكبشكێنێ، تا بوو بە نموونەیەكی جیهانی بۆ بەرگری و خۆڕاگری و قارەمانێتی.
* شەڕی داعش بارگرانییەكی زۆری خستە سەر وڵات، كاریگەریی نەرێنیی گەورەشی هەبوو لە هەموو بوارەكاندا، كاریگەرییە هەرە خراپەكەیشی لە بواری نەوتدا هەبوو، بۆیە لە سەرۆكم پرسی: ئایا پرۆژەی نەوت و غاز لە پەرلەمانی عێراق بە كوێ گەیشتووە و بۆ تا ئێستا بڕیاری لەسەر نەدراوە؟
– لە وەڵامدا گوتی: بەداخەوە هەندێك هێز هەن، نایانەوێ بە شێوەیەكی نیشتمانیی وا بڕیاری بۆ دەربچێ، كە تێكڕای عێراقییەكان لەسەری كۆك بن، بۆیە ئەمە بووەتە هۆی گرفت بۆ ئەو دۆسیەیە لە نێوان هەرێمی كوردستان و حكوومەتی فیدڕاڵ، پێمان وایە چارەسەر بۆ ئەم گرفتە، پەلەكردنە لە دەركردنی یاسایەك، كە بابەتی وزە نەك هەر لەنێوان هەرێم و بەغدا رێك بخات، بەڵكوو لەنێوان پارێزگاكانی بەرهەمهێنیشدا رێك بخات، ئەگەر حكوومەتی عێراق لە 2007 جدیی بووایە، كاتێ كە رەشنووسی یاسای نەوت و غازمان دانا، ئەوا كاتەكە و گرفتەكانمان زۆر كورت و كەم دەكردەوە.
* ئەی سەركەوتنی كوردستانی عێراق لە دروستكردنی پەیوەندیی باش لەگەڵ وڵاتانی عەرەبیدا چۆن دەبینی؟
– ئێمە چونكە باوەڕمان وایە، كە بوونمان لەناو برا عەرەبەكانمان و وڵاتەكانیاندایە، پێكهاتەی كۆمەڵایەتی و ئایینی و مێژووییشمان هەر لە كۆنەوە پێكەوە بەستراوە، بۆ دروستكردنی پەیوەندییەكی شایستە بەو پێكهاتەیە تێدەكۆشین، پێمان وایە سەركەوتنیشمان تا ئاستێكی زۆر لەو پەیوەندییانەدا لەگەڵ میسڕ و وڵاتانی كەنداوی عەرەبی و ئوردندا هەیە و ویستیشمان وایە لەگەڵ وڵاتانی دیكەی عەرەبی بەرفراوانی بكەین.
* دیدی ئێوە بۆ دۆسیەی ئەتۆمیی ئێرانی لە ناوچەكەدا چییە؟
سەرۆك بارزانی: گەلانی ناوچەكە لە شەڕ ماندوو بوون، پێویستیان بە ئاساییش و ئاشتی و سەقامگیری و پێشكەوتنە نەك چەكی ئەتۆمی.
* ئایا پێتان وایە جەنگی نێوان رووسیا- ئۆكراینا سەرەتایەكە بۆ سێیەم جەنگی جیهانی؟
– لە وەڵامدا گوتی: هیوادارین كۆمەڵگای نێودەوڵەتی سەركەوتوو بێ لە چارەسەركردنی ئەو گرفتە و نەبێتە هۆی شەڕێكی گەورەتر.
پەیامنێرەكەی ڕۆژنامەی (ئەلوەفد):
بەسەر ئەو تەوەرانەدا چوومەوە، كە بە سادەیی دەركەوت و لە چوارچێوەی فەرمیدا دەرچوو، هەستم كرد من لە خزمەت سەرۆكێك دام و گفتوگۆ لەگەڵ تەواوی گەلەكەیدا دەكەم، كە خەباتێكی گەورە و مێژوویەكی درێژی هەیە و بە چەندین رووداوی سەختدا تێپەڕیوە، بە هۆی بڕینی بودجەكەی و پەیوەستنەبوونی لایەنە سیاسییەكان بە هەر سێ بنەمای هاوبەشی و هاوسەنگی و سازان، هەروەها باسمان لە یاساكانی ناوچەی بارزان كرد، كە تا ئێستاش داب و نەریت و ئایین تێیدا پەیڕەو دەكرێ، هەروەها باسی پەیوەندییەكانی نێوان میسڕ و كورد و پێشوازیی سەرۆك جەمال عەبدولناسڕمان كرد لە رابەری كورد مستەفا بارزانی، ئینجا دوایین پرسیاری خۆم كرد.
* دوای ئەو هەموو تەمەنە، سەرۆكایەتیی هەرێمتان كرد، فەرماندەی گشتیی پێشمەرگە بوون، سەرۆكی پارتی دەسەڵاتدار و خانەوادەیەكی تێكۆشەر لە مێژووی كوردستاندا، چی سەرۆك بارزانی لە عێراق و هەرێمی كوردستان نیگەران دەكات؟
– لە وەڵامدا گوتی: تاكڕەویی لە حوكم و پەراوێزخستنی ئەوانی دیكە، دەستوەردانی دەرەكی و پەراوێزخستنی دەستوور و بەكارهێنانی بە شێوەیەك، كە تەنیا ئەو بڕگە و ماددانە هەڵدەبژێرن، كە خۆیان دەیانەوێ، ئەمانە نیگەرانم دەكەن، چونكە من هیوادارم هەمیشە لە ئاشتیدا بژین.
لە كۆتاییدا، سوپاسی سەرۆك بارزانیم كرد بۆ ئەو پێشوازییە گەرمە و ئەو شەرەفە مێژووییەی پێی بەخشیم، كە لە بەرامبەریدا ئامادە بم، سوپاسیشم كرد بۆ كتێبەكەی (للتأريخ) بۆ مێژوو، كە من بە بەڵگەنامەیەكی راستەقینەی مێژووی كاروانی گەلی كوردی دادەنێم. فەرمووشی كە كتێبەكە تەنیا راستییە سادەكان باس ناكات و گوتیشی كە واقعەكە زۆر لەوە سەختترە، بەڵێنیشی پێ دام، كە دیدارێكی دیكەی فراوان سەبارەت بە رووداوەكان بە دوورودرێژی بكەین، بۆ ئەوەی هەموو دونیا مێژووی راستەقینەی تێكۆشانی گەلی كورد بزانێ، بەبێ شتی هەڵبەستراو.
هەروەها شەرەفی ئەوەشم پێ بڕا، كە لەگەڵ زكری موسا، راوێژكاری رۆژنامەوانی و ئەحمەد شێخۆ، راگەیاندكاری گەورە، سەردانی ناوچەی بارزان بكەم، كە پاڵپشتیی گەورەی ئەم دیدار و سەركەوتنەكەی بوون.
بەڵێ سەردانی بارزانم كرد و دیتم كە (پارچەیەكە لە بەهەشت)، پڕە لە هەموو نیعمەتەكانی پەروەردگار، لە چیا و سرووشتی رازاوە، كە راوكردن و بڕینی درەخت تیایدا قەدەغەیە، ئەو خاكە گۆڕی مستەفا بارزانیی باوك و شێخ عەبدولسەلامی بارزانی لە ئامێزدایە و زێدی خانەوادەی بارزانە، مۆزەخانەیەكیشی تێدایە، كە رووفاتی شەهیدانی بارزانی تێدا نێژراوە و شەرەفی ئەوەم پێ بڕا سەردانی بكەم و وێنە و دیكۆمێنتی لێ بگرم، بەتایبەتی، كە زمان لە دەربڕین لە ئاستیدا دەوەستێ، تەنیا بە گرتنی وێنەی فۆتۆگرافی وازم لێ هێنا، بۆ ئەوەی ببێ بە ئەرشیفێكی راستەقینەی فۆتۆگرافەری لە مێژووی بارزان.