حکوومەتی هەرێمی کوردستان مانگانە 31 ملیۆن دۆلار بۆ پاڵپشتی بەنزین خەرج دەکات

لە ڕاگەیەنراوێک وەزارەتی سامانە سروشتییەکان ڕایگەیاند: وەکو هەوڵێک بۆ کەمکردنەوەی نرخی بەنزین لە هەرێمی کوردستان و لەدوای ڕاسپاردنی وەزارەتی سامانە سروشتیەکان لەلایەن مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە لەسەر ئەو بابەتە، وەزارەتی سامانە سروشتییەکان جگە لە کەمکردنەوەی ڕسوماتی هاوردەکردنی بەنزین و هاندانی بازرگانان بۆ هاوردەکردنی بەنزینی زیاتر، ئێستا بە دوو شێوازی ڕاستەوخۆ بەنزین بۆ هاووڵاتییان بە نرخی پاڵپشتیکراو دابین دەکرێت.

وەزارەتەکە لەمبارەیەوە ڕوونکردنەوەی زیاتر لەسەر دابینکردنی هەردوو شێوازی بەنزین بە نرخی پاڵپشتیکراو بۆ هاووڵاتییان دەدات و دەڵێت: ڕۆژانە نزیکەی یەک ملیۆن لیتر بەنزینی 690 دیناری لە پاڵاوگەی کار بەرهەم دەهێنرێت کە ئەوەش لەو بڕە نەوتەیە کە وەزارەتی سامانە سروشتییەکان دابینی دەکات کە 25 هەزار بەرمیلە لە ڕۆژێکدا. نرخی ئەم بەنزینە لەسەر وەزارەتی سامانە سروشتییەکان هەزار و 50 دینارە و حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەیداتە چەند کۆمپانیایەک بە نرخی 620 دینار بۆ هەر لیترێک و ئەو کۆمپانیایانەش دەیدەنە بەنزیخانەکان بە نرخی 670 دینار و  بەنزینخانەکانیش بە نرخی 690 دینار دەیدەنە هاووڵاتییان. کەواتە پاڵپشتی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان بۆ هەر لیترێک بەنزین 430 دینارە و مانگانە دەکاتە نزیکەی 9 ملیۆن دۆلار.

سەبارەت بە بەنزینی 800 دیناریش ئاماژەی بەوە داوە کە ڕۆژانە 2 ملیۆن لیتر لەو جۆرەی بەنزین لەلایەن کۆمپانیای قەیوانەوە بەرهەم دەهێنرێت و هەر لیترێکیش لەو بەنزینە 750 دیناری بۆ کۆمپانیای ناوبراو تێدەچێت و بە نرخی 800 دینار دەدرێتە هاووڵاتییان. پاڵپشتی وەزارەتی سامانەسروشتییەکانیش بۆ هەر لیترێک لەم بەنزینە 530 دینارە و مانگانەش دەبێتە 22 ملیۆن دۆلارە.

وەزارەتی سامانە سروشتییەکان هەر لە ڕاگەیەنراوەکە ئاماژەی بەوەش داوە کە بەپێی داتاکانی مانگی 5و 6ـی ئەمساڵ، لە ڕۆژێکدا نزیکەی 3 ملیۆن لیتر بەنزین دابین دەکرێت، بەمەش وەزارەتی سامانە سروشتییەکان مانگانە بە بڕی 31 ملیۆن دۆلار پاڵپشتی لە نرخی بەنزین دەکات بەمشێوەیەی خوارەوە:-

بەنزینی 690 دیناری : مانگانە 9 ملیۆن دۆلار

بەنزینی 800 دیناری: مانگانە 22 ملیۆن دۆلار

ھەواڵی زیاتر