سەرۆک بارزانی لەگەڵ فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کۆبۆوە

ڕۆژی شەممە ٢ـی تەمموزی ٢٠٢٢ لە سەلاحەدین ، سەرۆک مەسعود بارزانی لەگەڵ فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کۆبوویەوە.

لەو کۆبوونەوەیەدا بارودۆخی سیاسی عێراق و دوایین ھەنگاو و گۆڕانکارییەکانی ناو پڕۆسەی سیاسی عێراق تاوتوێ کران.

ھەر لەو کۆبوونەوەیەدا سەرۆک بارزانی وێڕای ئاماژەدان بە ھەڵبژاردنی ئۆکتۆبەری ٢٠٢١ـی عێراق و ئەنجامەکانی، ئاماژەی بەوەدا کە ھەموو پێداگری و ھەوڵی پارتی لە پڕۆسەی دوای هەڵبژاردن بۆ ئەوە بووە کە ئەنجامی ھەڵبژاردنەکان خزمەتی سەقامگیری و گوزەرانی ھاووڵاتیان و چارەسەرکردنی کێشەکان بکات.

سەرۆک بارزانی ئەوەشی دووپاتکردەوە گۆڕانکارییە سیاسیەکان و هاوکێشەکان ھەر چۆنێک بن ئێمە خاوەنی دۆزێکی ڕەواین و پێمانوایە کە دەبێ گرفتەکان لە ڕێگەی پابەندبوون بە دەستور و ڕەچاوکردنی ھەر سێ پڕەنسیپی شەراکەت و تەوافوق و تەوازن چارەسەر بکرێت و ئەم پڕەنسیپانە دەبێ لەسەر کاری حکومەتی داھاتوو و ھەموو کوتلە سیاسیەکان ڕەنگبداتەوە، سەرۆک بارزانی ئەوەشی دووپاتکردەوە کە پارتی لەگەڵ ناکۆکی و قووڵبوونی قەیرانەکان نییە بەڵکو ئەوەی بەلایەوە گرنگە پاراستنی مافە دەستورییەکان و کەرامەتی ھاووڵاتیانە.

ھەر لەو دانیشتنەدا سەرۆک بارزانی لە پێناو باشتربوونی ئەرک و کاری نوێنەرانی پارتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئامۆژگاری و بەرچاوڕوونی پێویستی خستەڕوو، جەختی لەوەش کردەوە کە پێویستە ئەندامانی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق خۆیان بە خزمەتکاری ھاووڵاتیان و دەنگدەران و خۆیان بە بەرگریکاری مافەکانی خەڵک بزانن و کرداریان زیاتربێ لە قسەکردن.