پێنجشەممە, تشرینی دووه‌م 28, 2024

حكومه‌تی هه‌رێم بۆ به‌غدا: هیچ چارەسەرێک لە دەرەوەی دەستوور قبوڵکراو نییە

مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ كۆبوونه‌وه‌ی هه‌فتانه‌ی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیراندا، كه‌ دوێنێ چوارشه‌ممه‌ (29ی حوزه‌یران/ یۆنیۆی 2022) به‌ڕێوه‌چوو، رایگه‌یاند، ئامانج لە هێرشەکانی سەر هەرێم، زیان گەیاندنە بە سەرچاوەی دارایی و ئابووریی و پەکخستنی پرۆسەی وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستاندا.

سه‌باره‌ت به‌ به‌رپرسیارێتی كه‌ناڵه‌كانی راگه‌یاندن و رۆڵیان له‌ كۆمه‌ڵگه‌دا، له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران داوایكرد، دەزگاکانی راگەیاندن بەرپرسیارانە و پیشەییانە رەفتار بکەن، نەبنە سەکۆیەک بۆ بڵاوکردنەوەی ترس، دڵەڕاوکێ، تۆقاندن، پشێوی، توندوتیژی و هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانی.

ئەمڕۆ بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی، سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی ئه‌نجوومه‌ن، ئه‌نجوومه‌نی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.

شه‌هیدكردنی دوو مامۆستای زانكۆ

لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا، سەرۆک وەزیران بەناوی ئه‌نجوومه‌نی وەزیرانەوە، پرسە و سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەسوکاری هەردوو شەهید، پرۆفیسۆر د. کاوان ئیسماعیل، راگری کولێجی یاسا لە زانکۆی سەلاحەددین و پرۆفیسۆری یاریدەدەر د.ئیدریس حەمە خان، مامۆستا لە کۆلیجی ئەندازیاری زانکۆی سەلاحەددین کرد.

له‌و چوارچێوه‌یه‌دا، سه‌رۆكی حكومه‌ت، ئاماژەی بەوەدا، کە وەزارەتی ناوخۆ و دەزگا ئەمنییەکانی راسپاردووە رێکاری پێویست وەربگرن لە بەرامبەر ئەم تاوانە.

روونیشیكرده‌وه‌، هه‌ردوو وه‌زاره‌ت راسپێردراون بە کۆکردنەوەی چەکی بێ مۆڵەت.

سه‌رۆكی حكومه‌ت جه‌ختیكرده‌وه‌، پێویستە دادگاکان پەلە بکەن لە رێکارە یاسایی و دادوه‌رییه‌كان بەرامبەر تاوانباران و بەسزا گەیاندنیان، تا تاوانباران ببنە پەند بۆ ئەوانەی بیر لە تاوانی لەم جۆرە دەکەنەوە.

په‌لاماره‌ تیرۆریستییه‌كانی سه‌ر هه‌رێمی كوردستان

له‌ كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌مڕۆی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیراندا، سه‌رۆكی حكومه‌ت باسی لە بابەتی چەند بارەبوونەوەی هێرشە تیرۆریستیەکان بۆ سەر خەڵک و ژێرخانی ئابووریی هەرێمی کوردستان لە چەند مانگی رابردوودا كرد.

له‌و باره‌یه‌وه‌، سەرۆک وەزیران ئاماژەی بەوەدا، ئامانج لە ئەو هێرشانە زیان گەیاندنە بە سەرچاوەی دارایی و ئابووریی هەرێم و پەکخستنی پرۆسەی وەبەرهێنانە لە هەرێم.

وتیشی: ئه‌نجوومه‌نی وەزیران، وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەکانی راسپاردووه‌، کە ئەرکی خۆیان لە پارێزگاریکردن لە دامەزراوە نیشتیمانیەکانی هەرێم کە سەرچاوەی دابینکردنی مووچە و خەرجیە گشتیەکانی هەرێم جێبەجێ بکەن.

له‌ 26 مانگدا ته‌نیا 13 مانگ سلفه‌ له‌ به‌غداوه‌ هاتووه‌

سه‌باره‌ت به‌ پابه‌ندییه‌ داراییه‌كانی به‌غدا به‌رامبه‌ر به‌ هه‌رێمی كوردستان مه‌سرور بارزانی روونیكرده‌وه‌، كه‌ ئاشکرایە، حکومەتی فیدڕاڵی، بە بێ هیچ پاساوێکی یاسایی و دەستووریی، هەرێمی کوردستان بێ بەش دەکات لە شایستە داراییەکانی کە لە کۆی 26 مانگ، تا ئێستا تەنيا بۆ ماوەی 13مانگ بڕە پارەیەکی بە ناوی پێشینە کە تەنیا دووسەد ملیار دینارە ناردووە.

وتیشی: ئه‌مه‌ لە کاتێکدایه‌، كه‌ سەرجەم پابەندییە داراییەکانی هەرێمیان لە بەشە بودجەکەمان داشکاندووە.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا، ئه‌نجوومه‌نی وەزیران دووپاتیکردەوە، حکومەتی هەرێمی کوردستان، هەمیشە پابەندبووە بە دەستوور. ئامادەیە بۆ رێککەوتن لە گەڵ حکومەتی فیدراڵی و چارەسەرکردنی کێشەکان لە سەر بنەمای دەستوور و شەفافانەش هەموو زانیاریەکانی سەبارەت بە داهات و خەرجیی و قەرز ومیلاکی وەزیفیی، بە ژمارە خستووەتە بەردەم تیمی دیوانی چاودێری دارایی عێراق.

ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران پێداگیری كرد، كه‌ هیچ چارەسەرێک لە دەرەوەی دەستوور قبوڵکراو نییە.

فشاره‌كانی سه‌ر كه‌رتی نه‌وت

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا، ئه‌نجوومه‌نی وەزیران داوای لە حکومەتی فیدڕاڵیی و وەزارەتی نەوت كرد، کە گوشاریی ناڕەوایان بۆ سەر وەبەرهێنەرانی نێودەوڵەتی بواری نەوت وگاز لە هەرێم رابگرن.

روونیشكراوه‌ته‌وه‌، پێویست بوو وەک دەوڵەتی فیدڕاڵیی، پشتیوانی پێشکەوتن و بووژاندنەوەی ئابووری هەرێم بن، نەک گوشاری ناڕەوا بکەن بۆ پەکخستنی ئەو بووژانەوەیە.

هەروەها حکومەتی هەرێم بە هەموو شێوەیەک داکۆکی لە شایستە دارایی و مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان دەکات و بۆ ئەم مەبەستەش، دەستەیەکی یاسایی سەرقاڵیی ئامادەکارییە.

په‌لامارده‌رانی سه‌ر كێڵگه‌كان كێن

دواتر جێگری سەرۆک وەزیران، قوباد تاڵه‌بانی، باسی لەوە کرد، کە زانیاری تەواویان هەیە لەسەر ئەو لایەنەی هێرشەکانی کردووەتە سەر کێڵگەی غازیی کۆرمۆر و لێکۆڵینەوەی وردیش کراوە بۆ ئەوەی رێکاریان بەرامبەر وەربگیرێت.

وتیشی: ھێرشە‌كان كراونە‌تە‌ سە‌ر پڕۆژە‌ی فراوانكردنی كێڵگە‌ی کۆرمۆر نەک ئەو بەشەی کە ئێستا غاز بەرهەم دەهێنێت بۆ دابینکردنی پێویستی هاووڵاتییان.

راگه‌یاندنی كوردیی

سه‌باره‌ت به‌ پرسی رووماڵی میدیای كوردیی بۆ پرسه‌كانی رۆژ و ئه‌و پرسانه‌ی په‌یوه‌ستن به‌ ئاسایشی نیشتمانییه‌وه‌، ئه‌نجوومه‌نی وەزیران، لە کاتێکدا جەختی لە گرنگیی هەماهەنگيكردن لەگەڵ کەناڵەکانی راگەیاندن و پێدانی زانیاری کردەوە، داوایکرد دەزگاکانی راگەیاندنی هه‌رێمی کوردستان، لە رووماڵکردنی رووداوەکاندا، بەرپرسیارانە و پیشەییانە رەفتار بکەن، لە چوارچێوەی رێنمایی و ستانداردەکانی رۆژنامەوانیی کار بکەن، نەبنە سەکۆیەک بۆ بڵاوکردنەوەی ترس، دڵەڕاوکێ، تۆقاندن، پشێوی، توندوتیژی و هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانی .

ره‌شنووسی بودجه‌ی هه‌رێم

بڕگەیەکی دیکەی کۆبوونەوەکە، بریتی بوو لە خستنەڕووی روونکردنەوەی پێویست لەبارەی گەڵاڵەکردنی رەشنووسی پڕۆژە یاسای بودجەی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی 2022 کە لەلایەن پەرلەمانی کوردستانەوە، داوای روونکردنەوە لە ئه‌نجوومه‌نی وەزیران کرابوو.

وەزیرە پەیوەندیدارەکان، روونکردنەوەی پێویستیان لە بارەی هۆکارەکانی نەناردنی پڕۆژە یاسای بودجە بۆ پەرلەمانی کوردستان خستەڕوو.

ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری لە دووتوێی راپۆرتێکدا، ئاماژەی بە هەوڵی وەزارەتەکەیان و وەزارەتی پلاندانان دا بۆ گەڵاڵەکردنی پڕۆژە بودجەی هەرێم کە لە پێشەنگی هێڵە گشتیەکانی بەرنامەی کاری کابینەی نۆیەم بووە.

وەزیری دارایی و ئابووری ئاماژەی بەوەدا، بەوپێیەی یاسای بودجەی فیدڕاڵیی کاریگەری دەبێت لەسەر بودجەی هەرێم؛ ئەمساڵ حکومەتی فیدڕاڵیش تا ئێستا یاسای بودجەی نییە؛ ئەمەش وایکردووە، کە تا ئێستا پڕۆژە یاسای بودجەی هەرێم، وەک رەشنووس بمێنێتەوە، هەرچەندە لە رووی بەشی داهات و خەرجییە گشتییەکانی ناو پڕۆژە بودجە کاری جدیی کراوە، بە تایبەتیش کە تیمێکی هاوبەشی چاودێری دارایی هەرێم و بەغدا بۆ یەکەمجار ئەو خەرجیيانەیان وردبینی کردووە.

ئه‌نجوومه‌نی وەزیران، وێڕای دەستخۆشی لە وەزارەتی دارایی و ئابووری و پلاندانان و وەزارەتەکانی دیکە و ئاماژەدان بە گرنگیی و بایەخیی یاسای بودجە بۆ خستنەڕووی تەواوی داهات و خەرجیی، قەرز و پابەندییە داراییەکان و میلاکی وەزیفی، بڕیاری دا پەرلەمانی کوردستان، لەو راپۆرتە ئاگاداربکاتەوە کە لە لایەن وەزارەتی دارایی پێشکەشی ئه‌نجوومه‌نی وەزیران کرا.

ده‌رفه‌ت به‌خشین به‌ دانه‌مه‌زراوان

لە بڕگەی کۆتاییدا، ئه‌نجوومه‌نی وەزیران گفتوگۆی دەربارەی پێشنیازی وەزارەتی کارو کاروباری کۆمەڵایەتی کرد، کە تایبەت بوو بە دانانی چەند رێکار وپێوەرێک لە لایەن وەزارەتەکان لە پێناو رەخساندنی دەرفەتی یەکسانی کار و پیشە لە کەرتی تایبەت بۆ دەرچووانی دانەمەزراوی زانکۆ وپەیمانگاکان.

به‌ گوێره‌ی پێشنیازه‌كه‌، هه‌وڵبدرێت وابکرێت دەرفەتەکانی کارکردن بە شێوەیەکی یەکسان دابەش بکرێت، کە رێگە بگیرێت لەوەی کەسێک سوودی زیاتر لە یەک دەرفەتی کار وەرگرتووە و ژمارەیەکی زۆریش لە هاووڵاتییانی دەرچووی زانکۆ وپەیمانگاکان بێ کارن و هیچ دەرفەتێکی کاریان لە کەرتی تایبەت بۆ نەڕەخساوە.

ئەم بابەتە لە لایەن کوێستان محەمەد وەزیری کارو کاروباری کۆمەڵایەتی خرایەڕوو. ئه‌نجوومه‌نی وەزیران بە ئاراستەی پشتیوانی لە هەر بیرۆکە وپڕۆژە و رێکار و کارئاسانییەک کە ببێتەهۆی رەخساندنی دەرفەتی کار و پیشە بۆ هاووڵاتیان بە تایبەتی دەرچووانی دانەمەزراوی زانکۆ و پەیمانگاکان لە کەرتی تایبەت، بڕیاردرا کە پێشنیازی وەزارەتی کاروکاروباری کۆمەڵایەتی لە چوارچێوەی یاسای ژمارە 14ی ساڵی 1991 مامەڵەی له‌گه‌ڵ بکرێت و وەزیرەکان، راسپێردران دەسەڵاتی خۆیان کە لەو یاسایە ئاماژەی پێدراوە، بەو ئاراستەیە بەکاربهێنن کە هەلی کار بە یەکسانی بڕەخسێنرێت.