بە فەرمانی مەسرور بارزانی، پێش جەژن فەرمانبەرانی هەرێم مووچە وەردەگرن

بڕیارە پێش جەژنی قوربان، وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان مووچەی مانگی حوزەیران دابەش بکات. وتەبێژی حکوومەت، دەڵێ، لە داھات ئەولەویەت بۆ مووچەیە. پەرلەمانتارێکیش ڕایدەگەیەنێت، بەغدا پابەند نییە بە ڕێککەوتنەکان، ھەر ڕۆژە و بیانوویەک دەھێنێتەوە، بۆ ئەوەی مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێم ڕەوانە نەکات.

لە ھەرێمی کوردستاندا یەک ملیۆن و ٢٥١ ھەزار و ٤٥١ مووچەخۆر ھەن، کە ٧٥١ ھەزار و ٨٠٥ کەسیان فەرمانبەری سەربازی و شارستانین، ٢٤٢ ھەزار و ٢٦٩ کەسیان خانەنشینن، حکوومەت بۆ پێدانی مووچە بێ لێبڕین مانگانە ٨٩٥ ملیار دیناری پێویستە، کە ساڵانە ١٠ تریلیۆن و ٧٤٠ ملیار دینار دەکات.
لە سەرەتای ساڵی ٢٠١٤ـدا، کاتێک بەغدا مووچە و بودجەی ھەرێمی کوردستانی بڕی، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان تووشی تەنگژەی دارایی بوو و دواتر دابەزینی بەھای نەوت لە بازاڕەکانی جیھان و پرسی سەرھەڵدانی ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش و ھاتنی ژمارەیەکی زۆری ئاوارە بۆ کوردستان و شەڕی تیرۆر، خەرجییەکانی ھەرێمی کوردستانی ھێندەی تر زیاد کرد و کوردستانی خستە ناو تەنگژەیەکی دارایی درێژخایەنەوە.
لەسەرەتای دەستبەکاربوونی مەسرور بارزانی، وەکو سەرۆکی کابینەی نۆیەم، دەستی بۆ ھەموو مەلەفێک بردووە، ئەوەش بۆ ئەوەی داھاتی ناوخۆ زیاد بێت. سەرۆکی حکوومەت ھەوڵی زۆری دا بۆ ئەوەی لەگەڵ بەغدا بگەنە ڕێککەوتن و مووچە و بودجەی ھەرێم، کە مافی خەڵکی ھەرێمی کوردستانە ڕەوانە بکەن، بەڵام بەغدا ھەر ڕۆژە و بیانوویەک دێنێتەوە، بۆ ئەوەی شایستە داراییەکانی خەڵکی ھەرێمی کوردستان ڕەوانە نەکات، لەگەڵ ئەوەش سەرۆکی حکوومەت دەستەوەستان نەوەستا، بەردەوام ھەوڵی داوە داھاتی ناوخۆ زیاد بکات، بەپێی ھەموو ئەو ڕاپۆرتانەی کە بڵاو کراونەتەوە، بەتایبەتی یاسای چاکسازی، کە تا ئێستا سێ ڕاپۆرت ڕەوانەی پەرلەمان کراون، داھاتی ناوخۆ زیاد بووە، سەرەڕای ئەوەی داھاتی سنووری سلێمانی وەکو پێویست ناگەڕێتەوە خەزێنەی حکوومەت.
٢٤ـی ئەم مانگە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕاپۆرتی بەدواداچوونی جێبەجێکردنی یاسای چاکسازیی بڵاو کردەوە، بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە، بەھۆی لێبڕین و پێداچوونەوەوە بە مووچەخۆراندا مانگانە چەندین ملیار دینار بۆ حکوومەت گەڕاوەتەوە.
حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بۆ دابینکردنی مووچەی فەرمانبەران پشت بە توانا داراییەکانی خۆی دەبەستێت و مانگانە مووچەی فەرمانبەران دابەش دەکات و چیتر چاوەڕەوانی بەغدا ناکات، چونکە بەغدا ھەر ڕۆژە و بیانوویەک بۆ ھەرێمی کوردستان دێنێتەوە بە ٥ مانگ ٢٠٠ ملیار دینار ڕەوانە ناکات، بەغدا بەرپرسیارێتی خۆ لەم ڕووەوە جێبەجێ ناکات، ھەر چییەک بێ حکوومەتی ھەرێمی کورستان بەو بڕوایە گەیشتووە بە کەم و زۆر مانگانە بە گوێرەی تواناکانی خۆی مووچەی فەرمانبەران دابین بکات.
جووتیار عادل، وتەبێژی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بۆ ڕۆژنامەنووسان گوتی: “وەزارەتی دارایی پەیوەستە بە بابەتی دابەشکردنی مووچە، وەکو حکوومەت پێشتر ڕامانگەیاندبوو لە داھاتی بەردەست ئەولەویەت بۆ مووچەیە، چاوەڕێی وەزارەتی دارایی دەکەین کاتی دابەشکردنی مووچە دیار بکات”.
سیپان شێروانی، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەران، بۆ “ھەولێر” دیارکرد: “حکوومەتی ھەرێم ئەوەی پێویست بووە پێشکەشی حکوومەتی ناوەند کردووە، بەڵام بەغدا پابەند نییە بە ڕێککەوتنەکان و ھەر ڕۆژە و بیانوویەک دەھێنێتەوە بۆ ئەوەی مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێم ڕەوانە نەکات.
ئەو ئەندامەی کورد، دەشڵێ: “ئەگەر بەغدا پابەندی دەستوور بایە ھەموو کێشەکان زۆر بە ئاسانی چارەسەر دەکران، چونکە ماددەکانی دەستوور ھەموو شتەکانی یەکلا کردۆتەوە، ئەو کەسانەی لە عێراق باسی دەستوور دەکەن و بەلاڕێیدا دەبەن پەیوەندی بە بابەتی سیاسییەوە ھەیە، ئەگەر سەرنج بدەین تەنھا ئەو ماددانەی پەیوەندییان بە ھەرێمی کوردستانەوە ھەیە لە لایەن حکوومەتی عێراقەوە پێشێل کراون، یان ئاستەنگی بۆ دروست کراوە.
نەجات شەعبان، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی کوردستان، بۆ “ھەولێر” ڕوونی کردەوە: “بە فەرمانی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیران، دابەشکردنی مووچەی مانگی حوزەیران پێش جەژنی قوربان دەبێت و لە ماوەیەکی کورتدا ھەموو فەرمانبەران مووچەی خۆیان وەردەگرن”.

ھەواڵی زیاتر