بەشێک لە میدیا کوردییەکان ئاسایشی نەتەوەیی هەرێمی کوردستانیان خستووەتە ژێر مەترسی

سلێمان تاشان – هه‌ولێر

ئەوەی لە کوردستان دەکرێ بەراستی ئازادی رادەربڕین نییە و، دەبوایە هەر لە چەند رۆژی رابردوودا داواکاری گشتی هاتبایە سەر خەت و بەرانبەر ئەو خەڵک و پەیجانە هەڵوێستی هەبوایە کە بە ئاشکرا لە نێو کوردستانەوە دژایەتی قەوارەی هەرێمی کوردستانیان دەکرد

میدیاکانی هەرێمی کوردستان لە ژێر سایەی ئازادی و ئەو کەشەی بۆیان رەخساوە و بە لەبەرچاوگرتنی گەشەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و پێشکەوتنی تەکنەلۆجیای زانیاری، رۆژ بە رۆژ بەرفراوانتر بوون، بەڵام ئەو بەرفراوانبوونە تەنیا لە ژمارەدا مایەی سەرنجە و لە ناوەڕۆکدا هەندێک جار ئارەزوو بە نەبوونیان دەخوازرێت، چونکە بەشێکیان بە ئاشکرایی ئاسایشی نەتەوەیی هەرێمی کوردستانیان خستووەتە ژێر مەترسی. بڕیاردەری لیژنەی رۆشنبیری پەرلەمان بە پێویستی دەزانێت پەرلەمان خوێندنەوەی دووەم بۆ پڕۆژەیاسای میدیای ئەلیکترۆنی بکات و کەم و کورتییەکانی پڕۆژەیاساکە نەهێڵدرێن.
وەک ئاشکرایە میدیا پێگە و سەنگ و قورسایی و چوارچێوەی دیاریکراوی بۆ نووسین و بڵاوکردنەوەی زانیاری هەیە و هەموو ئەوانەی لە میدیاکان کار دەکەن لە راستیدا دەبێت رۆژنامەنووس بن و هەڵگری ئەو سیفەتە بن کە رۆژنامەنووسێک لە وڵاتێکی ئازاد و دیموکراتدا هەیەتی. کاتێکیش بە کەسێک گوترا رۆژنامەنووس ئەوا رۆڵی لە گۆڕانکارییەکان، نەهێشتنی گەندەڵی، شەفافیەت و سەرجەم کایەکانی پێوەندیدار بە ئازادی رادەربڕین بەرجەستەتر دەبێت .
ژمارەی سایت و کەناڵ و رۆژنامە و پەیجەکان ئەوەندە زۆر بوون کە بەراستی لە ژماردن نایەن و رۆژ نییە پەیجێکی نوێ لە ژێر ناوێکی قەبەدا نەکرێتەوە و لە ماوەیەکی کورتدا بە سپۆنسەر و کۆمەڵێک رێکاری تەکنەلۆجیایی خۆی نەخاتە ناو مۆبایلەکانمان و زانیاری دوور لە کاری رۆژنامەوانیمان دەرخوارد نەدات. ئەو پەیج و بەناو میدیایانە تەنیا بە شێواندنی دەروونی خەڵک رازی نەبوون بەڵکوو هەندێک جار حزبەکان و هەندێک جاری تر خەڵک و توێژە جیاوازەکانی کۆمەڵگەیان بەگژ یەکتردا کردووە و دۆخێکی زۆر ناخۆشی میدیاییان هێناوەتە کایەوە و کار گەیشتووەتە دۆخێک هەواڵ و زانیاری درۆ و ناراست و تەشهیر و ناوزڕاندن ئەوەندە زۆر بووە ئەگەر میدیایەکی خاوەن بەرپرسیاریش بیهەوێت شتێکی راست بنووسێت ئەوا خەڵک متمانەی پێ ناکات.
میدیاکان لەسەر بنەمای پێویستیی و پەرەپێدانی توانای مرۆیی زیادیان نەکردووە و ژمارەیەکی زۆری بەناو رۆژنامەنووس و میدیاکار لەو میدیایانە دەنووسن و راپۆرت بڵاو دەکەنەوە کە بە داخەوە هەندێکیان هەڕە لە بڕە ناکەنەوە و لە ئەلف و بێی راگەیاندن شارەزا نین و لەوە خراپتر خوێندەوارییەکەیان ئەوەندە نزمە کە رستەیەکیش بە بێ هەڵە نانووسن و جگە لە شێواندنی دەروونی خەڵک، زمان و نووسینی کوردیشیان شێواندووە.
مەترسیی ئەو جۆرە میدیایانە بە تایبەتی لە رووداوێکی چەند رۆژی رابردو زیاتر دەرکەوت. بینرا بە ئاشکرا و بە شێوەیەک دژایەتی هەرێمی کوردستان و سەرجەم دەستکەوتەکانیان کرد، پێشتر میدیای هیچ دوژمنێکی کورد بەو شێوەیە دژایەتی نەکردووە.
لەو چەند رۆژەی رابردوودا کاتێک هەواڵی ئەوە بڵاو کرایەوە چەند هاوەنێک ئاراستەی کێڵگەی کۆرمۆر لە هەرێمی کوردستان کراون ئەو میدیایانە بە شێوەیەک باسیان لە رووداوەکە دەکرد کە بە تەواوی دژی ئاسایشی نەتەوەیی هەرێمی کوردستان بوو. چۆن دەکرێ میدیایەکی ناوخۆیی لە کاتێکدا کە مەترسییەک بۆ سەر هەرێمی کوردستان دروست بووە و مەترسییەکەش بۆ سەر کۆی قەوارەی هەرێمی کوردستان بێ بەم شێوەیە شاگەشکە ببێت و ورەی خەڵک دابەزێنێت.
لە پەرلەمانی کوردستان پڕۆژەیەکی پێوەندیدار هەیە، بەڵام نەتوانراوە خوێندنەوەی دووەمی بۆ بکرێت و بڕیاردەری لیژنەی پێوەندیدار پێی باشە پڕۆژەکە بهێنرێتەوە سەر مێزی گفتوگۆ.
موحسین دۆسکی بڕیاردەری لیژنەی رۆشنبیری و کۆمەڵگەی مەدەنی پەرلەمانی کوردسان بۆ هەولێر باسی لەوە کرد کە یاسای ژمارە ٣٥ی رۆژنامەگەری لە کوردستان بە هیچ شێوەیەک وڵامدەری رێکخستنی کاروباری میدیایی ئەمڕۆی کوردستان نییە و کاتی ئەوە هاتووە یاسایەکی نوێ بۆ ئەو مەبەستە دەربکرێت.
ئەو روونی کردەوە پڕۆژەیاسای میدیای ئەلیکترۆنییان لەبەردەستدایە کە خوێندنەوەی یەکەمی بۆ کراوە بەڵام بە هۆکاری جیاواز نەتوانراوە خوێندنەوەی دووەمی بۆ بکرێت.
دۆسکی بە پێویستی دەزانێت ئەو پڕۆژەیە زیاتر دەوڵەمەند بکرێت و کێشە و کەم و کورتییەکانی نەهێڵدرێت و لە داهاتوودا خوێندنەوەی دووەمی بۆ بکرێت تا بە بەشداری رۆشنبیران و چالاکان و خەڵکی جیاواز ئامادە بکرێت و لە داهاتوودا هەرێمی کوردستان لەو بۆشایی یاساییەی میدیای ئەلیکترۆنی رزگار بکەن.
وەک زیاتر خستیەڕوو ئەوەی لە کوردستان دەکرێ بەراستی ئازادی رادەربڕین نییە و دەبوایە هەر لە چەند رۆژی رابردوودا داواکاری گشتی هاتبایە سەر خەت و بەرانبەر ئەو خەڵک و پەیجانە هەڵوێستی هەبوایە، جگە لەمە وەزارەتی رۆشنبیریش دەبێت لێپێچینەوەکانی زیاتر بکات و چیتر رێ بەو پەیجانە نەدات بە کەیفی خۆیان زانیاری درۆ و هاندان بڵاو بکەنەوە و دژایەتی هەرێمی کوردستان بکەن، لە ناوخۆ زۆر ئاساییە رەخنە بگیرێت و باسی هەموو شتێک بکرێ بەڵام هەندێک پرس هەن کە نیشتمانین و ناکرێ میدیا ئەم رووداوانە تێکەڵاوی هەندێک کێشەی ناوخۆیی بکات.
پێویستە بگوترێ دۆخی هەرێمی کوردستان ئەوە دەخوازێت بە لەبەرچاوگرتنی رێزگرتن لە ئازادی رادەربڕین، رێکخستنێکی گشتیی بۆ میدیای ئەلیکترۆنی بکرێت و لەو فەوزایە رزگار بکرێت.

ھەواڵی زیاتر