پ.د. نەزاکەت حسێن
مەسەلەی ڕێکخستنی میدیا لەسەرەتای سەرهەڵدانییەوە باس بووە. هەر وڵاتە ڕێچکەو ڕێکارێکی گرتووەتە بەر بۆ ڕێکخستنی، بەگوێرەی سیاسەت و سیستمی ئەو وڵاتە بۆ میدیا و پێویستبوونی میدیا و ئامانج لە بوون و بەکارهێنانی. هەڵبەت لەگەڵ گەشەسەندن و سەرهەڵدانی هەر ئامرازێکی زیاتری میدیا ئەم پرسە ئاڵۆزتر بووە، تا ئەمڕۆ کە گەشەی تەکنەلۆجیا بەتایبەتی تەکنەلۆجیای زانیاری وای کردوە پسپۆڕان دەڵێن تەکنەلۆجیای زانیاری بە مەڵتی واتە فرەپرینسیپ دەبێت ڕێک بخرێت.
جگە لەوەی تەکنەلۆجیای زانیاری گەشەی زیاتری دا بە میدیا
و ئامرازەکانی، چونکە بەهۆی تەکنەلۆجیای زانیارییەوە هێز و دەسەڵات زیاتر کەوتە دەستی ئەوانەی خاوەنداری میدیان لە میدیایەکی دامەزراوەیی گەورەوە بیگرە تا میدیا کەسییەکان و سۆشیاڵمیدیا و ئەکاونەتە کەسییەکان و پەیجە کەسییەکان، چونکە ئەمانە هەموو مامەڵە بە زانیارییەوە دەکەن، مامەڵەش بە زانیارییەوە واتە دەسەڵات، چونکە زانیاری دەسەڵاتە، لەبەر ئەوەی لەیەک کاتدا ڕەنگە بە پۆستێک کە لە ئەکاونتە کەسییەکەت باوی دەکەیتەوە کاریگەریی بکەیەتە سەر بیرکردنەوە هەزاران کەس، جگە لەوەی باوکردنەوەی زانیاری ڕای گشتی دروست دەکات.
رای گشتییش کاریگەریی هەیە لەوڵاتدا لەسەر هەرپرسێک بە باش بێت یان خراپ. گرفتەکەش ئەوەیە کە مەعریفەی مرۆڤەکان هیندەی باڵای ئەو دەسەڵاتەی تەکەنلۆجیا پیی داون گەشەی نەکردووە، وەک یۆڤاڵ هەراری فەیلەسووفی سەردەم دەڵێت:
“مرۆڤ هەزاران هەزار ساڵە بەردەوام دەسەڵات و پاوەری زیاد دەبێت، بەڵام لەگەڵ زیادبوونی دەسەڵاتەكەیدا، مەعریفەی گەشەی نەکردوە بەو ئاستە. ئەم بۆشاییەی نێوان دەسەڵات و مەعریفە مەترسییە، بەتایبەتی لەمڕۆدا بەهۆی تەکنەلۆجیاوە دەسەڵاتەکانی مرۆڤ لە لۆکاڵییەوە دەرچوون بەرەو جیهانی و دوور لەلۆکاڵی. جاران مرۆڤ نەیدەتوانی لە دووریی خۆی یان شوێنە لۆکاڵییەکەی خۆی کاریگەریی هەبێت. ئەمڕۆ تەکنەلۆجیا دەسەڵاتێکی داوە بە مرۆڤ و وڵاتان کە کارێک بکەن لە دووریی خۆیان تا بگرە ئاستی جیهانییش کاریگەرییان هەبێت، ئەمە مەترسییە ئەگەر ئەم دەسەڵاتە ڕێک نەخرێت. ڕێکخستنیش کۆدە ئیتیکیەکانە’. جاران ئاسان بوو، کاتێک ڕاگەیاندن لای حکوومەتێک یان چەند دامەزراوەیەک بوو، ئاسان بوو بەرهەمهێنەری ئەم میدیا و زانیارییانە ڕێک بخرایە بە یاسا و هەندێک کۆدی ئیتیکی، بەڵام ئەمڕۆ میدیای نوێ و تەکنەلۆجیا بەرهەمهێنەر و بەکاربەری میدیای کردوە بە یەک، بۆیە دەبێت نەک تەنها دامەزراوە میدیاییەکان دەبێت بە کۆدی ئیتیکی ڕێک خەین بەکاربەرەکانیشی دەبێت ڕێک خەین بە کۆدی ئیتیکی نوێ.
ناشکرێت بەتەنیا بەو کۆدە ئیتیکیانەی کە پێشتر مرۆڤەکان
بۆیان دانرابوو لە خێزان یان قوتابخانە یان دامودەزگا ئایینییەکان ڕازی بین، بەڵکو کۆدی زیاتری دەوێت کە بگونجێت لەگەڵ ئەو دەسەڵاتەی بەهۆی مامەڵەکردنی بە تەکنەلجۆیا و زانیاریەکانەوە، چونکە گەشەی تەکنەلۆجیا و زۆربوونی سەرچاوەی زانیارییەکان وای کردوە متمانە نەماوە بە میدیا و زۆربەی ئەو زانیارییانە باو دەبنەوە ئەمڕۆ، چونکە فلتەرەکان نەماون، دەرگەوانەکان لاواز بوون، دەبێت ئەم متمانەیە بگەڕێتەوە، ئەمەش ئاسان نییە و دانانی ئەم کۆدە ئیتیکیانە بەڵکو پێویستی بەدامەزراوەی ترە بۆ دروستکردنەوەی ئەم متمانەیە و دانانی ئەو کۆدە ئیتیکیانە. ئەگەر سەیری ئاینە ئاسمانییەکان بکەین، کتێبە پیرۆزەکان کە لەکۆندا سەرچاوەی زانیاری بوون بۆ مرۆڤ و پاوەرو هێزی دەدا بەکەسێک کە شارەزایی هەبوایە و ڕاڤەی بکردایە، هەمیشسە دامەزراوەیەک دەبووە خاوەنی، بۆ نموونە ئایینی مەسیحی کەنیسە ڕۆڵی سەرکردایەتی و سەرچاوەبوونی شیکار و ڕاڤە بوە بۆی، کەمتمانە بە کەنیسەیەک نەدەما، نەدەوتراو هەرکەسە خۆی بچێت بایبڵ بخوینێتەوە ڕاڤەی بکات و شی بکاتەوە بۆ خەڵک و شوێنی کەوێت، بەڵکو کەنیسەیەکی تر سەری هەڵدەدا و دەبویەوە بەسەرچاوە بۆ شیکار و ڕاڤە و مەرجەع بۆ خەڵک و شوێنی کەوێت، بەڵکو کەنیسەیەکی تر سەری هەڵدەدا و دەبویەوە بەسەرچاوە بۆ شیکار و ڕاڤە و مەرجەع بۆ شوێنکەوتووانی ئەو ئایینە و گەڕانەوەی متمانە بۆیان، ئێستاش پێویسمان بە دامەزراوە هەیە متمانە بگەڕێنێتەوە بۆ دامەزراوەکانی تر، کۆد دانێت پێمان بڵێت کامە میدیا جێمتمانەیە کامە جێمتمانە نییە، کامە زانیاری جێمتمانەیە کامە جێمتمانە نییە، لەهەمان کاتدا دانانی کۆدی ئیتکی لەسەر ئاستی دەزاگا لەسەر ئاستی کەسیش پێویستە، بەشێکی ئەو کۆدە ئیتیکیانەش بە تەکنیک بۆ تەکنەلۆجیا و ئامێرەکان کە لەبەردەستی مرۆڤە، بەشێکی بە پەروەردە و هۆشیاری دەبێت دانرێت، ئەگینا جیهان بەرەوە داڕمانی متامەنە و قەیرانی متمانە دەڕوات و مرۆڤەکان و نەمانی متمانەش سەرچاوەی کێشە دەبێت بۆمان، چونکە مرۆڤ دەسەڵات و کاریگەریی بەردەوام زیدا دەبێت بەهۆی بەردەستبوونی تەکنەلۆجیا و ئامێرەکانی تەکنەلۆجیای زانیارییەوە، گرفتی ئەم تەکنەلۆجیای زانیارییەش ئەوەیە تاک مامەڵە دەکات لەگەڵ کەسەکان و مرۆڤ، بەتاک کۆمینیکەیشنی لەگەڵ دەکات و پاوەری دەداتێ. دەبێت دەزگا و دامەزراوەی تر هەبن زانیاری کۆ بکەنەوە شیکار بکەن تاکو بزانرێت چ دەزگایەک چ دامەزراوەیە ک چ زانیاریەک جێ متمانەیە.چونکە هەڵەیە تەنها بیر لە بەدەسەڵاتکردن و گەشەی تەکنەلۆجیا بکەینەوە بەڵکو دەبێت بیر لە کۆنترۆڵکردنیشی بکەینەوە بۆ هەموو بوارەکان نەک تەنیا میدیا و زانیاریی بەڵکو بواری پزیشکی و سەربازی و هەواڵگری…. هتد گەرچی میدیا لە هەموو بوارەکانی تر زیاتر پێویستی بە کۆدی ئیتیکی هەیە چونکە پەیوەندییەکە ڕاستەوخۆیە لەگەڵ وەرگر و خەڵک.