زمان لە چامەی (سەفەری گندۆرەکان)ـەکەی ئەحمەد مستەفادا

عه لی مه لا مسته فا

پەیامی شیعر دەکەوێتە ژێر پەرچەمی ئەو جوانییەی زمان پێشکەشی دەکات، پەیوەندیی هزر و هێماکان لە ڕێگای زمانەوەیە، بۆیە زمان قەدەرێکی پەرجووئاسا نییە، بەڵکو قووڵبوونەوەی حیکایەتەکانی ژیانە، ڕەخسانێکە دەکەوێتە نێوان لێکدانەوە فکری و کەتوارییەکان. لە تێکست و چنینەوەی نوێدا، بەتایبەتی لە ئەدبی هاوچەرخدا زمان گەمەیەک دەکات لە نێوان هێما و گەیاندندا، بۆیە دەبینین ئەرکی زمان وەک ڕەگەزێکی سەرەکی گران دەبێت، چونکە زمان پاڵ دەداتە بەر کۆمەڵێک نهێنی و کۆدی ئەفسانەیی و فکری و میتایی و ماتماتیکییەوە، بۆیە لە زۆر شوێندا خوێنەری شیعر ماندوو دەبێت، چونکە بۆ بەدەستهێنانی پەیامی شیعر پێویست دەبێت، لەمەشدا شیعر پێویستی لێکدەرکردن و شیتەڵکردنی فکری و ماتماتیکییانە هەیە، وەک راسل لە بارەی کارکردنیدا بۆ گونجاندنی یاساکانی شیتەڵکردنی دەقدا دەڵێت: (لە لێکدانەوەی لۆجیکیدا ئەوی گەیاندە دۆزینەوەی تیۆریی جۆرەکان، بە ڕاستییەک دەگات لە زمان و جۆری بەکاربردنی زمان کە گرنگترین ڕۆڵی یەکلاییکارییە لە بابەتەکاندا)* لە دەقدا زمان بەهایەکی سەرەکیی هەیە، وەک دەسەڵات سێبەری شکۆی دەکەوێتە سەر دەق، چونکە زمانی جوان دەقی هونەری و پەیامدارمان پێشکەش دەکات. ئەگەر زمان شێوازێکی ورد و دیاریکراوی بۆ بەکار نەهێنرا، ئەوکاتە مەبەست بەدەست ناهێنێت و گرفتی هونەری و شیعری دروست دەبێت.
شاعیر دەڵێت:
پاش ئەوەی لە ژماردنی دڵۆپە بارانەکان بووینەوە و ویستمان
دەستی با بگرین و بڕۆین.. پاش ئەوەی هێڵی تەماس نەیهێشت
خوێنی برینەکانمان تێکەڵ بکەینەوە.. حەزمان بە سەفەر کرد، پاش ئەوەی فرمێسکی چاوەکانت لە نیوەڕۆیەکی تەممووزدا ماڵئاوایییان پێ سپاردم.. یاداشتی ئەم سەفەرەم دیاری ڕۆح
بێت.”
** لەم کۆپلە شیعرەدا کۆمەڵێک کۆدی سەرنجڕاکێش هەیە، کە
دەکرێ هەر کۆدێک چەند لێکدانەوەیەکی جیاواز هەڵبگرێت، پەیوەندی زمانی شیعری و هزر، پەیوەندییەکی هێمایین، بۆیە بۆ تێگەیشتن خوێنەر (لێکۆڵەر) زمانی دەق(نووسەر) جێ دەهێڵێت، چونکە ئەوانە دوو دید و ئەرکی جیاوازییان لە بەردەمدایە، شاعیر پەیامە هونەرییەکەی خۆی بە شێوەزمانێکی چڕ پێشکەش دەكات، لێکۆڵەریش بە زمانی کەشفکردن دەق شیتەڵ دەکات، عەبدولموتەڵیب عەبدوڵڵا دەڵێت: (نیازی دانەر ئاسۆی تیگەیشتن دیاری ناکات، بەڵکو ئەو ئاسۆیە راڤەکار پڕی دەکاتەوە. راستە راڤەکار شوێنی ناوەندی زمانەوانی پڕ ناکاتەوە، بەڵکو لەگەڵ شێوەکانی زمانەوانی مامەڵە دەکات.)*** ئەمە تیگەیشتنێکی شیکارییە، خوێنەر بە زمانێک لە دەرەوەی دەقدا بە دوای هێماکانی دەقدا دەگەڕێت، هێماکانی دەق پرسی زەینین کە هاوکێشن لەگەڵ زمانی دەق، ئەمەش جۆرێک تایبەتمەندیمان دەداتێ و دەروازەیەکی فکری فراوان بەسەر تیگەیشتن و بینیندا دەکاتەوە.

  • د. محمد باوەکر، لۆجیکی شیعر، لاپەرە ٢٢.
    ** ئەحمەد مستەفا، کەپری با، شیعر، لا۳.
    *** عەبدولموتەلیب عەبدوڵڵا، داهێنان سەر بە کەشفکردن و
    خەون و دنیابینییە، لا ۷.
ھەواڵی زیاتر