زێباری: هەرێم کاری لەسەر نەهێشتنی ئەشکەنجدان و توندوتیژی کردووە

دیندار زێباری، ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان، ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کە نەهێشتنی ئەشکەنجەدان هەر لە زیندانەکانەوە تا بازرگانی بە مرۆڤ و ئەوانەی لە ئەنجامی جەنگ دەکەونەوە، هەموویان دەگرێتەوە. ئەمڕۆش لەگەڵ ڕێکخراوی خاچی سووری نێوەدەوڵەتی دەچینە ڕێککەوتننامە نێودەوڵەتییەکان بۆ نەهێشتنی توندوتیژی و ئەشکەنجەدان.

زێباری باسی لەوە کرد کە دەبێ عێراق و کوردستان یاسایان هەبێ بۆ نەهیشتنی ئەشکەنجەدان، بەڵام بەبێ ئەو یاسایەش هەرێمی کوردستان کاری لەسەر نەهێشتنی ئەشکەنجدان و توندوتیژی کردووە، ئەوەتا لە ماوەی دوو ساڵدا لەلایەن ڕێکخراوە ناوخۆیی و نێوەدەوڵەتییەکانەوە 85 جار سەردانی زیندانەکانی چاکسازی و ئاسایش کراوە، کارمان کردووە بۆ پێنج هەزار دۆسیەی توندوتیژی دژی ئێزدییان لەلایەن داعشەوه، لە ناوخۆی کوردستان 30 دۆسیەی ڕۆژنامەنووسان لە شەش مانگدا خراونەتە بەردەم دادگا کە لە بەرژەوەندیی ڕۆژنامەنووسان تەواو بوون.

گوتیشی:  بۆ ڕێگری له بازرگانیی مرۆڤ 200  کەس و 36 کۆمپانیا بە یاسای دژایەتیی بازرگانی بە مرۆڤەوە لێپێچینەوەیان لەگەڵدا کراوە و سزایان بەسەردا سەپێنراوە.

لەسەر بنەمای ڕێزگرتن لە مافی مرۆڤ لەگەڵ ئەوەی کە یاسا ڕێگەی داوە و تا ئێستا 300 کەس بە یاسا سزای لەسێدارەدانیان هەیە، بەڵام بەهۆی ئەوەی لە ساڵی 2008ـوە ئەو سزایە ڕاگیراوە، ئەو سزایانە جێبەجێ نەکراون.

ھەواڵی زیاتر