ئامانج لە سەردانەکەی کازمی زیندووکردنەوەی گفتوگۆکانی نێوان ریاز و تارانە

دوای سەردانەکەی مستەفا کازمی بۆ هەردوو وڵاتی سعوودیە و ئێران، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، سەعید خەتیبزادە رایگەیاند، سەرۆک وەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی لە سەردانەکەی دوێنێ بۆ تاران، چەند خاڵێکی لە سعوودیەوە لەبارەی گفتوگۆ دووقۆڵییەکانی نێوان تاران و ریاز گەیاندووەتە بەرپرسانی ئێران.

سەعید خەتیبزادە لەمیانەی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا باسی لەوە کرد، ئامانج لەو سەردانەی کە دوێنێ یەکشەممە 26ـی حوزەیرانی 2022 سەرۆک وەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی بۆ تاران ئەنجامیدا، زیندووکردنەوەی گفتوگۆکانی نێوان سعوودیە و ئێرانە.

خەتیبزادە ئاماژەی بەوەشدا، لایەنی سعوودی، ئامادەیی خۆی بۆ بەردەوامیدان بە گفتوگۆکان لەسەر ئاستی دیپلۆماتی لە بەغدا نیشانداوە و گوتی: “مستەفا کازمی لە سەردانەکەی دوێنێ بۆ تاران، چەند خاڵێکی لە سعوودیەوە لەبارەی گفتوگۆ دووقۆڵییەکانی نێوان تاران و ریاز گەیاندووەتە بەرپرسانی ئێران”.

سەرۆک وەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی رۆژی 25ی حوزەیرانی 2022 ، سەردانی سعوودیەی کرد و لەگەڵ جێنشینی ئەو وڵاتە، محەمەد بن سەلمان کۆبوویەوە.

سعوودیە لە دووی کانوونی دووەمی 2016، 47 کەسی بەتۆمەتی تیرۆر لەسێدارە دا کە لە نێویاندا زانای ئایینی شیعەمەزھەب، نمر ئەلنمر هەبوو.

پاش ئەم رووداوە، بەرپرسانی ئێران بە دوای یەکدا کاردانەوەیان بەرامبەر سعوودیە نیشاندا، دواتر ئاگر بەردرایە باڵیۆزخانەی سعوودیە لە تاران و کۆنسوڵخانەی سعوودیە لە مەشھەد.

دوای ئەم رووداوانە بەھۆی جەنگی ناوخۆیی یەمەنەوە کە لە ئاداری 2015 دەستی پێ کرد، پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی نێوان ئەو دوو وڵاتە کە ھەر خۆی ئاڵۆزی تێکەوتبوو، بەتەواوی پچڕان.

دوای تێپەڕینی پێنج ساڵ، لە نیسانی 2021وە تا ئێستا، ئێران و سعوودیە بەنێوەندگیری عێراق پێنج گەڕی گفتۆگۆیان لە بەغدا ئەنجامداوە.

ھەواڵی زیاتر