پارێزگاری لە‌ شیرازە‌ی خێزان

عومەر چنگیانی

گوتاری هەینیی ڕابردوومان کە کردییە ١٨ی مانگی زیلقەعیدەی ١٤٤٣ بەرانبەر بە ١٧ی حوزەیرانی ٢٠٢٢کە بە زمانی عەرەبی لە بۆردی باڵای ئامادەکردنی گوتاری هەینی لە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینیدا، جەنابی مامۆستامەلا (عبدالغفار) نووسیبووی و دوای تاوتوێیەکی هەمەلایەنەی ئەندامانی بۆرد بۆی، مامۆستا مەلا (فتحاڵه) کورداندبووی بە زاراوەی سۆرانی و منیش کردمە توێشووی ١٥ەمین گوتاری جومعانەم لەسەر دوانگەی مزگەوتی خەدیجە کوبرا؛ لە گوڵخەرمانی ئەمجارەماندا پوختەیەکی دەخەمە بەر دیدی ئێوەی بەڕێز، کە وەگێڕانی دەقەکان و گۆڕینی زمانەکەی لە گوتارەوە بۆ وتار و نووسین کاری منە.
پێشەکی
وەک بڕوادار ئێمە دەزانین کە ئەوکاتەی پەروەرێنمان باس لە گرنگی خێزان و خانەوادە دەکات لە قورئاندا، پێویستە بەو خاڵبەندی و وشەئاراییە پڕ لە ڕەوانبێژییە سەیری بکەین و هەر کەموکووڕییەک لە تێگەیشتنمان پەیوەستە بە خودی خۆمانەوە، نەک پەیامەکە. خوای باڵادەست لە میانەی نازکردنی خۆیدا بەسەر بەندەکانی لە هەشتاهەمین ئایەتی سوورەتی (نەحل)دا دەفەرمێ: (بەڕاستی اڵه لە ماڵەکانی خۆتان، یان هەندێک لە ماڵەکانتان، یان شوێنهایەکی نێو ماڵەکانتانی بۆ کردوونەتە جێ پشوو و ئاسوودە بوون و حەوانەوەی ڕۆح و جەستەتان….).
ببینن: خوای گەورە فیعلی خەلق بەکار ناهێنێ بەڵکو جەعل، چونکە وەک نەحوزانەکان دەڵین جەعل لە (ئەفعالول قولووب)ە و جەعل بە مانا شتێک بگۆڕی لە حاڵەتێکەوە بۆ حاڵەتێک، بە مانا بەهۆی پێکهێنانی خێزانەوە ماڵ دەبێتە شوێن حەواندنەوە، کەوابوو گەر ماڵێک وا نەبوو، دیارە لە هەڵبژاردنەکان و پێکهێنانەکەدا هەڵە هەیە، نەک بڕیارە شەرعی ئەوجا کەونییەکەی خوا وا نەبێت! کەوابوو یەکێك لە نیعمەتە گەورەکانی خوای باڵادەست لەسەر بەندەکانی، خێزانە، کە هۆکاری حەسانەوە و ئارامشی بۆ بەردەست کردوون لە ماڵەوەدا، کە سەرچاوەی هێزی ماددی و مەعنەویە لە کۆمەڵگا، گومانیش لەوەدا نییە ماڵی ئیماندار بەشێوازێکی دیار ژێرخانی بەهێزی کۆمەڵگایە، بۆ؟ چونکە ئیسلام هەموو چەمکەکانی دروستکردنی خێزان تۆکمە دەکات و ئیسلام هانی هاوسەرگیری دەدات و بە ئایەتێك لە ئایەتەکانی خۆی ناوی بردووە و لە بیستویەکەمین ئایەتی سوورەتی (رۆم)دا دەفەرمێت: (لە نیشانەکانی گەورەیی خوا ئەوەیە کە لە خۆتان جووت و دوانەی بۆ دروستکردوون تا بە هۆی جووتبوونەوە بحەوێنەوە و ئاسوودە ببن و پشوو بدەن و لە نەبوونیەوە خۆشەویستی بێسنوور و بەزەیی و میهرەبانی بێسنووری لە نێوانتاندا دروست کردووە، کە ئەمە پەند و هۆکاری چەندین نیشانەی گەورەیی خوان بۆ کەسانێک ورد ببنەوە و بیری لێ بکەنەوە).
جا بۆ پارێزگاریکردن لە چەمکی خێزان چەند هۆکارێك پێویستە
ڕەچاو بکرێ، وەک:
١- هەڵبژاردنی دروستی ژن و مێرد، کە پێویستە پێوەرەکە ساڵحبوون
و ئیستیقامە بێت چونکە گرنگی خۆی هەیە بۆ ژن و مێرد و ڕاستەڕێ بوون هۆکاری پارێزگاریکردنە لە خێزان.
٢- پەروەردەی تۆکمە بۆ ڕۆڵەکان: هەموو بنەماکانی ئیسلام کار
لەسەر ئەوە دەکەن چەمکی خێزان پارێزراو بێت. ڕەهەندی خوو و ڕەوشت و هەڵسوکەوتی جوان لە لایەك و لە لایەکی تریشەوە پارێزگاری لە خێزان لە هەموو ئاڵنگاری و گرفتێکدا.
٣- بەرپرسیارەتیی ئەندامانی خێزان: خێزان بەرپرسیارەتیەکی
گەورەیە و هەموو ئەندامان پێویستە ڕەچاوی ئەو بەرپرسیارەتیە بکەن لە مامەڵەی ڕۆژانە و هەڵسوکەوت لەگەڵ یەکتر، خۆدوورگرتن لە کێشە و گرفت و ساردی پەیوەندیەکان لە نێوان خێزان بەڵکو پێویستە مەوەددە و ڕەحمەت و خۆشەویستی لە نێوانیاندا هەبێت.
با بڵێین کە پارێزگاری لە خێزان ئەجرەکەی زۆر گەورەیە و پێویستە
هەموو ئەندامانی خێزان کۆك و تەبا بن و درز نەکەوێتە نێوانیان و پشتی یەکتر بگرن و هەرکەسێك ببێتە هۆکاری تێکدانی خێزان ئەوە تاوانێکی هەرە گەورەی کردووە.

ھەواڵی زیاتر