پاڵاوگەیەکی نوێی بەرھەمھێنانی بەنزین لە ھەرێم دەکەوێتە کار

سەرۆکی ئەنجومەنی بەنزینخانەکانی ھەولێر رایگەیاند، ئەم ھەفتەیە پاڵاوگەیەکی نوێی بەرھەمھێنانی بەنزین لە ھەرێمی کوردستان دەکەوێتە کار، کە توانای بەرھەمھێنانی ملیۆنێک و ٥٠٠ هەزار لیتر بەنزینی ھەیە، بەمەش کێشەی بەنزین بە تەواوی چارەسەر دەبێت.

جەنگی مەجید، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، پاڵاوگەیەکی نوێی بەرھەمھێنانی بەنزین لە ھەرێمی کوردستان بە ناوی “لاناس” دەکرێتەوە، کە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان نەوتی خامی بۆ دابین دەکات و پاڵاوگەکە خۆیشی ئەھلییە و توانای بەرھەمھێنانی رۆژانە ملیۆنێک و ٥٠٠ هەزار لیتر بەنزینی هەیە، بۆیە ئەم ھەفتەیە ئەو پاڵاوگەیە دەکەوێتە کار، کە بەنزینەکەی کوالیتی زۆر باش دەبێت.

مەجید گوتیشی، وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان بڕیار دەدات کە بە چ شێوەیەک ئەو بەنزینەی کە بەرھەم دێت، دابەش بکرێت و چۆن بەکار بھێندرێت، بۆیە بە بەرھەمھێنانی ئەو بەنزینە، چیتر کێشەی بەنزین نامێنێت، چونکە ھەرێمی کوردستان پێویستی بە ٥ ملیۆن لیتر ھەیە و ئێستا ٣ملیۆن و ٥٠٠ هەزار لیتر بەنزین دابین دەکرێت، بەوەش ئیدی کێشەی کەمیی بەنزین نامێنێت.

ناوبراو باسی لەوەش کرد: “بەنزینی ٨٠٠ دیناری کە گلەیی خراپیی کوالیتی لێ دەکرێت، ئێمە ھەموو پشکنینێکمان بۆ کردووە بێ کێشەیە لە ڕووی پشکنین، بەڵام ئەو بەنزینە وای کردووە کە نۆرەگرتن کەم بێتەوە و ئێستاش ئەگەر سڕە ھەبێت، لە ٦٩٠ دیناری ھەیە، ئەگەر نا ئەوەی دیکە کەمە، بۆیە ئەو ھەنگاوانەی حکوومەت ناویەتی کاریگەریی زۆری ھەبووە، چونکە حکوومەت پشکی ھەولێر و سلێمانی و ھەڵەبجە و دھۆک و ناوچەکانی دیکەش دابین دەکات، کە رۆژانە بەنزینمان بەدەست دەگات و لە ھەر بەنزینخانەیەک کارمەندێکی سووتەمەنیی ھەولێری لێیە و رۆژانە لە نزیکەی ٤٠ بەنزیخانە لە ھەولێر بەنزین دابەش دەکەین”.

ھەواڵی زیاتر