لەسەر بنەمای یاسای چاکسازی لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان تەنیا لە وەزارەتی
شەهیدان و ئەنفالکراوان هەزاران کەس دەستنیشان کراون کە دووجار لە سیستەمی بایۆمەتری تۆمار کراون، وەزارەتەکەش ژمارەیەک چاکسازی ئەنجام داوە.
فەرمانگەی میدیا و زانیاری لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاماری ئەو چاکسازییانەی خستووەتەڕوو کە لە وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالکراوان ئەنجام دراون، ئەمەش دەقی ڕاگەیەنراوەکەیە:-
لە ماوەى ڕابردوو و لەسەر بنەماى یاساى چاکسازى لە حکوومەتى هەرێمى کوردستان، زۆرینەى وەزارەت و فەرمانگە و دەستەکان دەستیان بە جێبەجێکردنى ئەم یاسایە کرد و ئەمەش واى کرد کە زۆر کەموکوڕى و زێدەرۆیی و نایاساییەک کە هەبوو کەم بکرێتەوە و نەهێڵرێت و ئەمەش ببێتە هۆى دروستبوونى جۆرێک لە دادپەروەرى و کۆکردنەوەى داهات، ئەوەى کە لەبەردەستتانە، جێبەجێکردنى ئەم یاسایەیە لە وەزارەتى کارو کاروبارى شەهیدان و ئەنفالکراوان کە هۆکار بووە بۆ گەڕانەوەى داهاتێک و دروستکردنى جۆرێک لە دادپەروەرى. لە بوارى ڕێکخستنەوەی ماف و ئیتمیازاتەکانی میراتگرانی کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراون و زیندانیکراو و گیراوانی سیاسی، ئەم خاڵانەى خوارەوە جێبەجێ کراوە:
– هەڵوەشاندنەوەی مینحەی 13 هەزار و 288 بەخێوکەر، بە فەرمانی وەزاریی ژمارە (48) لە 06ـی کانوونی دووەمی 2021 کە مانگانە بڕی 996 ملیۆن و 150 هەزار دینار گەڕاوەتەوە.
– گواستنەوەی دۆسیەی 163 کەمئەندامی سەنگەر کە کۆچی دواییان کردووە لە وەزارەتی کاروباری پێشمەرگەوە بۆ سەر وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالکراوان، بە مەبەستی دابینکردنی خزمەتگوزاری بۆ واریسەکانیان.
– گواستنەوە دۆسیەی هەزار و 18 شەهیدی شەڕی داعش لە وەزارەتی کاروباری پێشمەرگەوە بۆ سەر وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالکراون، بە مەبەستی دابینکردنی خزمەتگوزاری بۆ واریسەکانیان.
– تا ئێستا 145 زیندانی سیاسی کۆچی دواییان کردووە و بە پێی یاسای خانەنشینی مامەڵە لەگەڵ واریسەکانیان کراوە.
– بڕیاری خەرجکردنی 19 ملیار و 686 ملیۆن و 472 هەزار و 600 بۆ کرێی خوێندنی کوڕ و کچانی هاوسەری شەهید و زیندانیکراو و گیراوانی سیاسی یا یەکێک لە منداڵەکانیان، بە پێی ڕێنمایی دارایی ژمارە 23ـی ساڵی 2020 بە داشکاندنی 25% و ئەو بڕە پارەیەش دراوە بە قوتابخانە و پەیمانگە و زانکۆ ئەهلییەکان و تا ئێستاش 18 ملیار و 64 ملیۆن و 547 هەزار و 600 دیناری خەرج کراوە.
هەر لەم وەزارەتەدا کار لەسەر نەهێشتنی سوودوەرگرتن لە جارێک زیاتر لە بودجەی گشتی کراوە و لیژنەی باڵای بایۆمەتری و فەرمانگەی تەکنۆلۆجیای زانیاری، لیستی ناو و زانیاری 10 هەزار و 819 کەسی دەستنیشان کردوە کە لە دووجار زیاتر لە سیستەمی بایۆمەتری تۆمار کرابوون کە بەمەش بڕى ملیارێک و 253 ملیۆن و 626 هەزار و 591 دینار گەڕێنراوەتەوە نێو خەزێنەى حکوومەت.
هەروەها لە پڕۆسەی ڕێکخستن و یەکخستنی هێزەکانی دەرەوەی وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە لە پێش ڕێکەوتی 1ـی تەمموزی 2020، ژمارەی لیوا هاوبەشەکان لە 14 لیواوە بووەتە 19 لیوا و میلاکی وەزارەت لە 43 هەزار و 347 پێشمەرگەوە بووەتە 56 هەزار و 575 پێشمەرگە و فەرماندەییەکانی هێزەکانی پشتیوانی 1 و 2ـیش خراونەتەوە سەر میلاکی وەزارەتی پێشمەرگە.
لەگەڵ ئەوەشدا بەڕێوەبەرایەتیی گشتی خانەنشینی لە وەزارەتی دارایی و ئابووری بەردەوامە لە کارکردن بە پشتبەستن بە ڕێنمایی دارایی ژمارە (13)ی ساڵی 2020 تایبەت بە یەکخستنی خانەنشینی ئەوانەی لە بڕگەی یەکەمی ماددەی (7)دا هاتوون، بەمەش لە خانەنشینى (هەزار و 384) دادوەر و پەرلەمانتار و وەزیر و بریکارى وەزیر و ڕاوێژکار و بەڕێوەبەرى گشتى (هەزار و 140) کەسیان ڕێک خراونەتەوە.
هەر لە وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە، بە فەرمانی وەزاریی ژمارە (11 هەزار و 595) لە 24ی تەممووزی 2021، لە قۆناغی یەکەم دۆسییەی 2 هەزار و 424 خانەنشین کە (خانەنشینی سەربازی، خانەنشین بە هۆکاری تەندروستی، خانەنشینی کۆچکردوو) بوون، لیستی مووچە و میلاکیان گواستراوەتەوە سەر بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی خانەنشینی لە وەزارەتی دارایی و ئابووری و لە قۆناغی دووەمیشدا وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە بە فەرمانی ژمارە (18 هەزار و 262) لە ١ی کانوونی یەکەمی 2021، دۆسیەی 136 خانەنشینی دیکەی گواستووەتەوە سەر بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی خانەنشینی سەر بە وەزارەتی دارایی و ئابووری.
ئیتر ئێستا لە وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە، 33 هەزار و 800 پێشمەرگە مووچەکانیان لە بانک وەردەگرن کە ئەمەش هەنگاوێکى گەورەى بوارى چاکسازى بوو بەوەى کە چیتر مووچە هەڕەمەکى خەرج نەکرێت بەڵکو لە ڕێگەى بانکەکانەوە ئەم کارە بکرێت!
پڕۆسەی جێبەجێکردنی ئەم ماددەیە لە یاسای چاکسازی، بە سەرپەرشتی بەڕێوەبەرایەتیی کاروباری یاسایی لە وەزارەتی دارایی و ئابووری و بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بانکە بازرگانییەکان دەستی پێ کردووە و لە کۆی گشتی قەرزە بازرگانییەکان کە بڕی 429 ملیار و 386 ملیۆن و 938 هەزارو 988 دینارە، بە سوودی کەڵەکەبووی بانکییەوە دەبێتە بڕی 969 ملیار و 402 ملیۆن و 815 هەزار و 849 دینار، تا ئێستاش بڕی 41 ملیار و 244 ملیۆن و 199 هەزار و 407 دیناری گەڕاوەتەوە و 169 موڵکیش بەرامبەر قەرزەکانی ئاسانکاری بانکی ڕەهن کراون.
کۆى قەرزەکانیش بەم شێوەیە دابەش کراون:
بڕی قەرزی ئاسانکاری: 429 ملیار و 386 ملیۆن و 938 هەزار و 988 دینارز
بڕی سوودی بانکی: 540 ملیار و 15 ملیۆن و 876 هەزار و 861 دینار
کۆی قەرز + سوود: 969 ملیار و 402 ملیۆن و 815 هەزار و 849 دینار
ئەو پارەیەی گەڕاوەتەوە: 41 ملیار و 244 ملیۆن و 199 هەزار و 407 دینار
ئەو پارەیەی نەگەڕاوەتەوە: 928 ملیار و 158 ملیۆن و 616 هەزار و 442 دینار
لەگەڵ هەموو ئەمانەش، لیژنەی باڵای بایۆمەتری کە بە بڕیاری ژمارەی (65) لە ڕێکەوتی 7ـی تەممووزی 2020ـی ئەنجوومەنی وەزیران پێک هات، تا ئێستاش لە وەزارەتى کاروبارى شەهیدان و ئەنفالکراوان ئەم کارانەی ئەنجام داوە:
1. تەواوبوونی سیستەمی دیجیتاڵیی بەڕێوەبردنی مووچەخۆران و گواستنەوەی مووچە و بەڕێوەبردنی سەرچاوە مرۆییەکان
2. تەواوبوونی ڕێژەی 80%ی دروستکردن و گەشەپێدانی پڕۆگرامی نوێی بایۆمەتری
3. تەواوبوونی ژێرخانی (API) بۆ پڕۆگرامی بایۆمەتری بۆ پێدانی زانیاریی کەسیی تۆمارکراو
4. ئامادەکردن و بەردەستخستنی 456 هەزار و 221 هەژماری کەسیی بێهاوتا بۆ مووچەخۆرانی جۆری (شارستانی و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ)ی حکومەتی هەرێم.
5. ڕادەستکردنی 433 هەزار و 213 ژمارەی کەسیی بێهاوتا بۆ وەزارەتی دارایی و ئابووری.
لە کۆتاییشدا دەتوانین ئەوە بڵەین کە دوای هەڵوەشاندنەوەی یاسای خانەنشینیی خاوەن وەزیفە باڵاکانی هەرێمی کوردستان ئەو فەرمانبەرانەی بە پلەی شارەزا کە ژمارەیان 496 فەرمانبەرن و بە پێی ئەو یاسایە خانەنشین کرابوون، مووچەکانیان هەموار کرایەوە. ئێستا، ئەو کەسانە یادداشتنامەیەکیان ئاراستەی سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیران کردووە و ئەم یادداشتەش لە ژێر دیراسەدایە