ئەمڕۆ پێنجشەممە 23ی حوزەیران، مەسرور بارزانی سەرۆکی، حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە چوارچێوەی سەردانەکانیدا بۆ وەزارەت و فەرمانگەکانی حکوومەت، سەردانی وەزارەتی دارایی و ئابووری کرد و لەلایەن ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابووری، پێشوازی لێ کرا.
دواتر سەرۆکی حکوومەت، بە ئامادەبوونی وەزیر و بریکاری وەزارەت و ڕاوێژکاران و بەڕێوەبەرە گشتییەکان، سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە وەزارەتی دارایی و ئابووری کرد.
لە دەستپێکی کۆبوونەوەکەدا، وەزیری دارایی و ئابووری، کورتەیەکی دەربارەی پەیکەر و بەشەکان و کار و چالاکی و پلان و پڕۆژەکانی وەزارەت و کارکردنیان لە چوارچێوەی هێڵە گشتییەکانی کارنامە کابینەی نۆیەم پێشکەش کرد و ئاماژەی بەوەدا، کە بەشێکی زۆری جێبەجێکردنی پرۆسەی چاکسازی لە ئەستۆی وەزارەتی دارایی و ئابوورییە کە بە هاوکاری و پشتیوانی بەهێزی سەرۆکی حکومەت، توانیویانە لە هەردوو بواری کەمکردنەوەی خەرجی و زیادکردنی داهات، پێشکەوتن بەدەست بهێنن.
سەرۆکی حکوومەت لە وتەیەکدا، باسی لەوە کرد کە هەر لە سەرەتای دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەم، بڕیارماندا چاکسازی بکەین و دەستیشمان پێکرد، بەڵام بەداخەوە بەهۆی تەشەنەکردنی کۆرۆنا و سەرهەڵدانی قەیرانی دارایی، لە سەرەتادا چاکسازییەکە بە شێوەیەکی خێرا نەبوو، بەڵام سەرەڕای قەیرانەکانیش، ئێمە نەوەستاین و بەردەوامبووین لە چاکسازی و بە هۆی ڕێکخستنەوەی داهاتی ناوخۆ و کەمکردنەوەی خەرجی، توانیمان سەربکەوین و ئیدارەی خۆمان بدەین، بە بێ ئەوەی پەنا بۆ قەرزکردن ببەین بۆ ئەوەی هیچ بەرپرسیاریێتی و بارگرانییەک بۆ نەوەکانی داهاتوو دروست نەکەین.
سەرۆکی حکوومەت ئاماژەی بە کەمکردنەوەی خەرجییە ناپێویستییەکانی حکوومەت کرد کە لە ٢٠٠ ملیۆن دۆلارەوە بووەتە ٧٠ ملیۆن دۆلار، کەمکردنەوەی ئەو 130 ملیۆن دۆلارەی خەرجی و گەڕاندنەوەی بۆ گەنجینەی گشتیش، نەبووەتە هۆی ئەوەی ڕاییکردنی کاروبارەکانی حکوومەت پەکی بکەوێت.
سەرۆکی حکوومەت دووپاتی کردەوە، کە داهاتیش لەم ماوەیە بەشێوەیەکی ڕێژەیی باشتربووە، بەڵام دەکرێ زۆر زیاتریش بێت لە چوارچێوەی کارنامەی حکوومەت بۆ هەمەجۆرکردنی ئابووری و سەرچاوەکانی داهات و زیادکردنی داهاتی نانەوتی، کە زۆر ڕێگە هەن بۆ زیادکردنی داهات، بەبێ ئەوەی هیچ بارگرانییەک لە سەر هاووڵاتییان دروست بکات.
سەرۆکی حکوومەت ڕوونیکردەوە کە کابینەی نۆیەم، هیچ باجێکی نوێی نەسەپاندووە بەڵکو تەنیا یاساکانی باجی جێبەجێ کردووە کە پێشتر جێبەجێ نەکراون. جەختیشی لەوە کردەوە کە جێبەجێکردنی یاساکانی باج، لە قازانجی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستانە، چونکە دەبێتە هۆی زیادبوونی داهات و داواجار لە خزمەتی هاووڵاتییان خەرج دەکرێت، بۆ نموونە مووچەی پێ دەدرێت و جووڵەی بازرگانی گەشە دەکات و هەل و دەرفەتی کار زیاتر دەبێت .
لە تەوەرێکی دیکەدا، سەرۆکی حکوومەت ئاماژەی بە گرنگیی کاراکردن و چاکسازیکردن لە سیستمی بانکی و بەدیجیتەڵکردنی خزمەتگوزارییەکان و خەرجی و داهاتەکانی حکوومەت کرد کە هەنگاوێکی گرنگە بۆ ڕوونی و شەفافیەت و کەمکردنەوەی ڕووتین و ڕێگریکرتن لە بەهەدەردانی سامانی گشتی.