شەممە, تشرینی دووه‌م 30, 2024

ئێستا پڕكردنه‌وه‌ی فۆرمی وه‌رگرتنی یه‌كه‌كانی نیشته‌جێبوون به‌رده‌سته‌.

ئەمڕۆ پێنجشەممە دەستەی وەبەرھێنانی کوردستان ئاگادارییەكی لەبارەی پڕكردنەوەی فۆڕمی كرێنشینان بڵاوكردەوە و رای گەیاند تا ئێستا پرۆسەكە بەردەوامە و خێراتر كراوە.

له‌ ئاگادارینامه‌كه‌دا هاتووه‌: “بەھۆی داواکارییەکی زۆر، لە دوو رۆژی رابردوو کار لەسەر فراوانکردن و خێراکردنی سیستەمی پڕکردنەوەی فۆرمەکە کرا.. ھاووڵاتییانی خۆشەویست ئاگادار دەکەینەوە، فۆرمی کرێنشینان فراوان و خێراترکراوە، ئێستاش کارایە”.

ده‌سته‌كه‌ روونیكردووه‌ته‌وه‌، له‌ 17ی ئه‌م مانگه‌وه‌ تا ئه‌مڕۆ 64 هه‌زار و 546 كه‌س ناویان بۆ وه‌رگرتنی یه‌كه‌كانی نیشته‌جێبوون تۆمار كردووه‌.

حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بڕیاری داوه‌ 20 هه‌زار یه‌كه‌ی نیشته‌جێبوون له‌ شار و شارۆچكه‌كانی هه‌رێمی كوردستان بۆ هاووڵاتییانی كرێنشین و كه‌مده‌رامه‌ت درووست بكات و سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان چاودێری به‌ڕێوه‌چوونی پرۆسه‌كه‌ ده‌كات.

هاوكات سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، مه‌سرور بارزانی، رایگه‌یاند، ده‌بێت ئه‌و یه‌كانه‌ كوالێتیان باش بێت و هیچ مه‌ترسییه‌ك له‌سه‌ر ژیانی هاووڵاتیان درووست نه‌بێت و سه‌رجه‌م پێداویستییه‌كانی بنیاتنانیان ده‌بێت له‌ ئاستی پێویستدا بێت.

بۆ پڕكردنه‌وه‌ی فۆرمه‌كه‌ و داواكردنی یه‌كه‌ی نیشته‌جێبوون كلیك لێره‌ بكه‌