سروشت زۆر بێبە‌زە‌ییە‌ بە‌ڵام پە‌روە‌دە‌كە‌ی نموونە‌ییە‌

گوهدار ئاكره یی

مرۆڤ لە سەرەتای ژیانیدا وەک پڕۆژەیەکی تازە بنیاتنراو وایە، سەرکەوتنی ئەم پرۆژەیەش بەندە بەوەی تاچەند لە کەشێکی هێمن و ناهێمندایە، لە رووی چۆنیەتیی کارپێکردن و سروشتی شوێنەکەی. خودی مرۆڤیش بە گشتی لە دەستپێکی ژیانیەوە بەهەمان شێوە رووبەڕووی هەموو ئەو شتە بەزەحمەت و ئاڵۆزە بیستراو و بینراوانەی سروشت و کۆمەلگەکەی دەبێتەوە. بەمەش بیرکردنەوەیەکی بۆ دروست دەبێت و دەبێتە خاوەن باوەڕێک، کە بەو هۆیەوە بڕیار دەدات لە چۆنیەتیی رووبەڕووبوونەوەی لەگەڵ واقعی هەم سروشت و هەم کۆمەلگەکەی، کە لە جەنگێک دەچێت! تەقەمەنییەکانیشی ئەو پرۆگرامە هزریانەیە کە بە ئاگاوە بووبێ یان بە بێئاگا، لەسەر دەستی هێزی کۆمەڵگەکەی یا هێزی سروشتەوە پەروەردە دەکرێت، دەبێتە بەشێک لە ئەزموونی کەسەکە. جا ئەو راستیەش نابێ لەیاد بکرێت، کە دوو شتی وەک یەک بوونیان نیە، لە رووی کاریگەریی تێگەیشتن و بیروبۆچوون لەسەر شتە هزرییەکان و پەروەردەی مرۆڤەوە چونکە ئەگەر بە جوانی سەرنج بدەینە هەریەک لە هێزی کۆمەلگە و هێزی سروشت، لە کۆمەلێ لایەن و یاسا… هتد پێک هاتوون کە جیان
لەیەکتر.
بەیەکگرتنی سروشتی خودی مرۆڤ، لەگەڵ هەموو ئەو شتانەی
لە سروشت و دەوروبەر و کۆمەڵگەکەیدا بوونیان هەیە، بە هۆی ئەو ئیرادە و سەربەستییەی مرۆڤ هەیەتی جیاواز لەهەموو زیندەوەرانی تر، لە هەمبەر هەلبژاردنی هەموو ئەو یاسایانەی لە سروشت و کۆمەلگەکەیدا بوونیان هەیە وایکردووە شێوەیەک لەشێوەکانی بیرمەندی و هۆشیاری وەردەگرێت، بیرکردنەوەیەکی لەلا دروست دەبێت، ئیتر تاکەکە گەشەی لەسەر دەکا. جا ئەوەی ئێمە مەبەستمانە باسی لێوە بکەین، کەواتە مرۆڤ چاری بۆ نییە لەماوەی ژیانیدا، لەسەر دەستی یەک لەم دوو هێزە کاریگەر دەبێت. هەموو هێزێکیش یاسایەکی تایبەت بە خۆی هەیە. بۆ نموونە ئەگەر بێین یاساکانی هێزی سروشت وەرگرین، راستە سەرەتا سروشت جوانیەک و چێژ و توانایەکی بێ وێنەمان پێدەبەخشێت، لە هەموو روویەکەوە بۆ ساڵانێک، کە پێی دەڵێین (تەمەن) لە کۆتاییی تەمەنیشدا هەموو جوانی و رەنگ و توانستێکت لێ دەسێنێتەوە کە پێی دەڵێن (مردن) و تێکەل بە خۆڵمان دەکاتەوە بێبەزەییانە. بەڵام ئەگەر لایەنە ئەرێنیەکەی سروشت وەرگرین، دەبینین بە یاسا جوانەکانی، کە هێشتا مرۆڤ دەستی بەم یاسانە نەگەیشتووە و ناتوانن بیانگۆڕن، دەبینین بەگشتی کەسەکان بەهێز و سادە و کۆمەلایەتین، بەتایبەتی کە لە دێهات و شارەدێیەکان بەدی دەکرێن و دەبینرێن. بەلام هەرچی هێزی یاساکانی کۆمەڵگەیە، بە تایبەتی لە شارستانیەتە پێشکەوتووەکاندا پەیڕەو دەکرێت، دەتوانم بڵێم نیوەی زیاتر لە مرۆڤەکانی لاواز و ئاڵۆز و ناکۆمەڵایەتین. رەنگە زیاتر بۆ ئەم کاریگەرییە بگەڕێتەوە، کە بەگشتی یاساکانیان لە دەستی هێزی سروشتەوە دوورن و لە بنەڕەتدا لە پێناو بەرژەوەندیەکی تاکلایەنەدا داڕێژراون، دەرەنجام ئەم مرۆڤانەیان لێ بەرهەم دێن. کە ئەمەش یەک لەو بەلگە بەهێزانەیە، کەوا هەر لەبەر ئەمەشە تا ئێستا کەسەکانی دانیشتووی لادێ و شارەدێیەکان، راستە لە زۆر رووی زانستیەوە رەنگە وەک کەسێکی دانیشتووی شارستانیەتە پێشکەوتووەکان نەبێت، بەڵام لە لایەنی پەروەردەوە بەگشتی زۆر سادە و بەهێز و کۆمەڵایەتین، کە ئەمەش شێوەیەک لە شێوەکانی پەروەردە نایابەکانە، کە کۆمەڵگەی پێ راستەڕێ دەبێت، چونکە
یاساکانی لە شارێک دەچێت کە یەک رێگای بۆ دەچێت، نەک وەك
یا ساکانی کۆمەڵگە، کە زۆر رێگای بۆ دەچێت.

ھەواڵی زیاتر