ئاگری بێ دووكە‌ڵ

حەمەسەعید حەسەن

لەمێـــژە بـــاوی ئەو گوتەیـــە نەماوە کە دەڵێـــت: (ئەوی هـــەق نەبێژێت، شەیتانێکی لاڵە.) گرنگ گوتنی ڕاستی نییە، ئاخر ڕاستی هەمیشە بۆ گوتن ناشێت، ئەوە گرنگە ئەوەی دەیڵێین درۆ نەبێت. من تەمەنم لەنێوان پەنجا و شەستدایە، لێرەدا هەرچەندە ڕاستیم نەدرکاندووە، وەلێ درۆیشم نەکردووە. ساڵێک لەمەوبەر لەسەر کۆمەڵێک ناکۆکیی کۆن و نوێ، لەگەڵ هاوژینەکەمدا لـــە یەکدی جوێ بووینەوە، ئەوە چەنـــد مانگێکە دەمەوێت، لەڕێی لاپەڕەی
(کۆنتاکت)ی ڕۆژنامەی شارۆچکەکەمانەوە، ژنێکم دەست بکەوێت.
یەکەم جار لەپێناوی ڕاوی ژنێکدا، بەم کورتەڕســـتانە خۆم ناساند: (تەمەنم لەنێوان پەنجا و شەســـتدایە. حەزم لە پیاســـەی هێمنـــی دووبەدووی نێو دارســـتان و خواردنی دووقۆڵیی ئێوارانی بەر تیشکی مۆمە. ئەگەرچی باری ئابووریم تا بڵێێت باشـــە، وەلێ نە ســـیگار دەکێشم، نە هێندەیش شەیدای خواردنـــەوەم. ڕووخـــۆش و چالاکم و بۆ ئەوە دەســـت دەدەم، متمانەم پێ
بکرێت. لە ئامێزت دەگرم و ماچت دەکەم.)
ڕۆژان تێپەڕیـــن و هیـــچ ژنێـــک پێوەندیی پێوە نەکـــردم. زۆر جار بیرم بۆ ئـــەوە دەچوو، منیـــش وەک ڕەحمان بکەم، ئەو پیـــاوە تەمەنی لە هی من هەڵکشـــاوتر بوو، نە ددانێکی ئۆرجینیاڵ لە دەمیدا مابوو، نە تاڵێکی ڕەش لە قژیدا، کەچی لەدوای ڕاپەڕینەوە، ســـێ جار گەرابووەوە و هەر جارەی بە ڕووباری دیجلەدا، ژنێکی پەڕاندبووەوە شام و گەیاندبوویە سوێد. هەرچەندە بە ســـاڵێک ژنێکی دەگەیاند، کەچی دوای شـــەش مانگ لێی جیا دەبووەوە.
بریا ئەوەی بەو دەکرێت، بە منیش دەکرا.
دوای ســـێ و چوار مانگ نائومێدی، نامەیەکی دیکەم بڵاو کردەوە کە ئەمە دەقەکەیەتی: (تەمەنم لە شەســـت کەمترە. ســـیگارکێش و سەگدۆســـتم. چیشـــتڵێنەرێکی باشـــم. ئارەزووی گەشـــتوگوزار دەکەم. تەمـــی تەنیاییت دەڕەوێنمەوە. هاوبەشـــی خەمت دەبم و خۆشیت پێ دەبەخشم. لێکئاڵان و ڕامووســـان.) ئەمەیان دوو درۆ سپیی تێدابوو، ئاخر لە ژیانمدا، نە لێوم بەر
سیگار و نە دەستم بەر سەگ کەوتووە.
مانگێک بەسەر بڵاوبوونەوەی ئەم نامەیەشدا تێپەڕی و ژنێک زەنگی لێ نەدا. ئیـــدی فێری هونەرەکە بووم، هەفتەی یەکێکم بڵاو دەکردەوە. ئەوەبوو دوای بڵاوکردنەوەی نزیکەی بیست نامەی جیاواز، شەوێکیان ژنیک زەنگی لێ دا و ئامادەییی خۆی بۆ یەکتری بینین دەربڕی. کە بۆ سبەینێ بیەکدیمان بینی، بە کەڵکی پیاسەی شانبەشانی نێو دارستان نەدەهات، دەبوو بۆ ئەوەی ڕەت
نەبات، بچمە ژێر باڵی، ئاخر دەستی بە گۆچانەکەیەوە دەلەرزی.
ڕەحمانی خاوەنئەزموونی ناســـیاوم، تازەکی نامیلکەی: (چۆن شەکرەژنێک لە باشـــووری کوردستانەوە، بۆ باکووری ئەورووپا دێنیت)ی بڵاو کردبووەوە،
دانەیەکم لێ کڕی و بلیتی گەڕانەوەم بڕی

ھەواڵی زیاتر