چوارشەممە, تشرینی دووه‌م 27, 2024

کۆمەڵەی کوردیی موردایک لە ڕۆژی منداڵاندا ئاهەنگ دەگێڕێ

ئاشتی گەرمیانی – هۆڵەندا

کۆمەڵەی کوردی موردایك لە ساڵی ٢٠٠٥ـەوە لە هەرێمی نۆردبراباند لە وڵاتی هۆڵەندا دامەزراوە و، بە سەرپەرشتیی بەرپرسی کۆمەڵەکە نووسەر و شاعیر لەتیف عومەر کە ساڵانە بە بەرنامە و پلان چالاکی کەلتووری و ڕۆشنبیری و هونەری و سیمینار و یادەکان و ئاهەنگی نەوروز و ڕۆژە تایبەتیەکان چالاکی و کۆبونەوەی دەستە و بەڕێوەبردنی بەڕێوە دەچێت؛ کارگێڕی کۆمەڵەکە کۆنی ڤەن ئاکن هەردەم وێستگەی کۆکردنەوەی ڕەوەندی کورد و کۆمەڵگای هۆڵەندی بوون بۆ تێکەڵ بوون و دۆستایەتی میللەتی کورد و هۆڵەندا.

ئەمساڵیش وەکو هەموو ساڵاکانی تر بە هەمەئاهەنگی لەگەڵ شارەوانیی موردایك و کتێبخانەی گشتی ڕۆژی یاریی منداڵان کرایەوە کە تێیدا سەرپەرشتیار و کارگێڕ و ئەندامانی شارەوانی ئامادەی ئەو ڕۆژە بوون کە زیاتر لە ٥٠ جۆر یاریی هەمە ڕەنگی لەخۆ گرتبوو؛ کچ و کوڕ و باوک و دایک لەوێ بوون.
کۆمەڵەی کوردی موردایك هەنگاوێك بوو لە ساڵی ٢٠٠٥ـەوە بۆ ناسینی کەلتوور و ڕۆشنبیریی کوردی بە خەڵکانی هەرێمی براباندوی هۆڵەندا بە گشتی لە پێشکەشکردنی ناسنامە و ڕۆشنبیری و کەلتوور و هونەر لە هەموو بوارەکان و سیمیناری زانستی و کەلتووری و ئێوارە میوزیك و پێشانگای هونەری و یاد و بۆنە تایبەتیەکانی میللەتی کورد و بۆ ئازادیی وڵاتی هۆڵەندا و ڕۆژی لەدایكبوونی مەلیك و بۆ پێشخستنی ئەو دۆستایەتیە هەردەم ئامادە بووە. لەگەڵ ئەوەی ساڵانە لە سەری ساڵ و جەژنی نەورۆزدا هۆڵێکی ڕازاوەی ئامادە کردووە بۆ ئاهەنگەکان کە لە هەر ئاهەنگێکدا پتر لە ١٠٠ بۆ ١٥٠ کەس ئامادە دەبوون لە هەموو جێگا و هەرێمەکانی هۆڵەنداوە؛ ئەو کۆمەڵە، کۆمەڵەیەکی ناسراوە لای هۆڵەندییەکان و شارەوانییەکان.
لە هەموو ساڵێکدا کۆمەڵەی کوردی موردایك وێستگەیەك بووە بۆ کۆ کردنەوەی هونەرمەندانی شێوەکار و کردنەوەی پێشانگا؛ کە کورد و هۆڵەندی و فەرەنسی و ئەڵمانی و بەلجیکی و سربی لێ ئامادە بووە تابلۆ و کارە دەستیەکانی خۆیانیان نمایش کردووە. لەو ڕوانگەیەوە چەندین ڕۆژنامەی هۆڵەندی و کوردی لە سەر ئەو چالاکیانە نووسیویانە؛ لە هەموو چالاکییەکی کەلتووریدا کۆمەڵەی کوردی موردایك دیاری و ڕێزلێنانی تایبەتی پێشکەش کردووە بەو کەسانەی کە هاوبەش و بەشدار بوونە.