پە‌ڕینە‌وە‌ لە‌ ئاراس..مێژووی تە‌سلیم نە‌بوون

د عمر نوردەینی

لە هەژدەی حوزەیرانی ساڵی ١٩٤٧ بارزانی نەمر لەگەڵ زیاترلە(٥٠٠)هاوەڵی پێشمەرگەی لە ڕووباری ئاراس دەپەڕنەوە و ڕوودەکەنە یەکێتی سۆڤیەتی جاران ، بۆ گەلی کوردستان ونەتەوەی کورد ئەم داستانە ئاڵقەیەکی گەش ومانادارە و خاوەن چەندین بەهاو پەندی سیاسی ومێژووی و نەتەوەیی جۆراوجۆرە و دەبێ بۆی بگەڕێینەوە ، چونکە دواڕۆژ هێز لە ڕابردوو دەردەگرێ و ئێستاش لە هەردووکیان .
لەسەردەمی کۆتایی هاتنی جەنگی دووەمی جیهانی ولەسەرەتای وەدەرکەوتنی نیشانەکانی جەنگی سارد، ئەوکاتەی ڕێکخراوی جیهانی نەتەوەیەکگرتوەکان تازە دامەزرابوو ، یەکەم پرس کە خرایە بەردەم ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بریتی بوو لە کشانەوەی سوپای سوری یەکێتی سۆڤیەت لەئێران و دەستهەڵگرتنی مۆسکۆ لەپشتیوانی کۆمارەکانی کوردستان و ئازەربایجان ، لەوڕۆژگارە ئێران بە پشتیوانی واشنتۆن و لەندەن توانی فشار بۆ سەر یەکێتی سۆڤیەت دروست بکات ، سەرۆکی ئەمەریکا ریتشارد نیکسن لە یاداشتەکانی دا بەڕوونی باسی ئەوە دەکات کە ئەمریکا هۆشداری ئەوەی داوە بە مۆسکۆ ئەگەر سوپاکەی لە ئێران نەکێشێتەوەو دەست لە پشتیوانی کۆمارەکانی کوردستان و ئازەربایجان هەڵنەگرێ ئەوا پەنا بۆ بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی دەبا ، لەسەردەمێکی ئاوا دژواردا کە هاوکێشەنێودەوڵەتی و ئیقلیمیەکان دۆزی کوردیان خستبووە ناو بەرداشی ململانێیە ئایدۆلۆجی و سیاسی و سەربازیەکانی خۆیانەوە و لەناوخۆشدا کۆماری کوردستان بەدەست دەردەکوردی وەک خۆکوژی و خۆشکاندن وخۆخۆری دەیناڵاند و سەرەنجام هێزیان لێ بڕی و کەواندیان ،شاهەنشای گۆڕبەگۆڕپێشەوای سەرۆک کۆماری کوردستان لە سێدارەدەدا ، تاریکی و بێ ئومێدی باڵ بەسەر کوردستانا دەکێشێ ، لەوەش زیاتر دوژمنان هەموو هەوڵیان ئەوەبوو بە تەواوەتی کورد تەسلیم بە ئیرادەی ئەوان بێ ، بەڵام بارزانی نەمر لەڕێگای مەسیرەیەکی مێژوویی پڕ لە ئازایەتی و قارەمانیەتی و سەرکێشی شۆڕشگێرڕانە بە دوژمنان دەڵێ : نا ئێمە تەسلیم نابین و خۆمان بەدەستەوەنادەین ، ستەم و زۆرداری وژێردەستەیی قبوڵ ناکەین و درێژە بە بزاڤی ئازادیخوازی دەدەین .
ئەم کاروانە شۆڕشگێڕی و داستانە مێژووییەی بارزانی نەمر
هەڵگری ئەوپەیامەبوو کە درەختی ئیرادەی گەلی کوردستان و
نەتەوەی کورد ئەگەر لق و گەڵا و چڵ وپۆپیشی لەسەرەوە بشکێنرێ بەڵام هەرگیز ناتوانرێ لە ڕەگەوە دەربهێنرێ و وشک بکرێ ، واتا بارزانی نەمر لەگەڵ خۆی دۆزی نەتەوەیەکی لە ڕووباری ئاراس بەرەو شکۆمەندی و سەرفرازی پەڕاندەوە و نەیهێشت تەسلیم بە دوژمنان ببێ ، بەم شێوەیە ناسنامە و ناسیۆنالیزمی کوردی یەکێک لە توخمە هەرە بەهێزەکانی وا دەچەسپێ کە بۆی ببێتە سیماوخەسڵەتێکی سەرەکی ئەویش توخمی ملنەدان وچۆک دانەدان و تەسلیم نەبوونە.
لەڕۆژانی پەڕینەوە لە ڕووباری ئاراس بارزانی نەمر لە (١٥/٦/١٩٤٧) نامەیەک بۆ ستالین سەرۆکی ئەوکاتی یەکێتی
سۆڤیەت دەنوسێ و پێی دەڵێ : ئێوەدەزانن ئێمە لەپێناو ئازادی کوردان شۆڕش و ڕاپەڕینمان لە دژی حکومەتی عیراق کرد، پاشان هاتینە ئێران و لەوێش بەشداریمان لە شۆڕشی ئازادیخوازی گەلانی کورد وئازەری کرد.
بەم شێوەیە لەیەکەم نامەی دا بارزانی نەمر وەک ڕابەرو پێشمەرگەی خاوەن قەزیە و پەیام خۆی بە ستالێن دەناسێنێ نەک هەڵگری کەیسێکی شەخسی .
نابێ ئەوەنادیدە بگیرێ کە لەداستانی ئاراس دا ، بارزانی نەمر وهاوەڵانی روحی ئینسانی کوردی بە هێزی ئازادیخوازی و ڕەتکردنەوەی ژێردەستی زاخاو دەدەن و ئامادەی دەکەن بۆ ئەوەی لە داهاتوودا بە ئیرادەوە خەبات وتێکۆشانی سیاسی و سەربازی و کلتوری درێژە پێ بدات و بەهیواوە بژی و بڕوای بەمانەوە و سەرکەوتن هەبێ .
ئەوەتا دوای حەفتاوپێنج ساڵ ، لەبەرامبەر هەڕەشەومەترسیەکانی
سەر هەرێمی کوردستان، سەرۆک مسعود بارزانی بە وەرگرتنی ئیلهام لە داستانی مێژوویی ئاراس و کەسایەتی قارەمانی نەتەوە بارزانی نەمر ، پەیامی ئەوە بڵاودەکاتەوە کە ئێمە شەڕخوازنین و شەڕ بەخراپ دەزانین ، بەڵام دەبێ هەموولایەک ئەوەبزانێ کە تەسلیم نابین وگەلی کوردستان و نەتەوەی کورد بەهەرنرخێ بێ
ناسنامە و شکۆمەندی خۆی دەپارێزێ و دەستبەرداریان نابێ .

ھەواڵی زیاتر