هه‌ینی, تشرینی دووه‌م 29, 2024

کەلار.. تیمی كوردستان تیڤی له‌لایه‌ن ئه‌ندامانی په‌كه‌كه‌وه‌ په‌لامار ده‌درێن

ئه‌مڕۆ هه‌ینی له ‌كاتی ڕووماڵكردنی ئه‌و ته‌قینه‌وه‌یه‌ی كه‌ له‌ شاری كه‌لار ڕوویدا، له‌لایه‌ن ئه‌ندام و لایه‌نگرانی په‌كه‌كه‌وه‌ هێرش ده‌كرێته‌ سه‌ر په‌یامنێر و تیمی كوردستان تیڤی و به‌ بۆكس و قسه‌ی نه‌شیاو په‌لامار ده‌درێن.

محه‌مه‌د ساڵح په‌یامنێری (كوردستان تیڤی) پێی ڕاگه‌یاندین: بۆ ڕووماڵكردنی ئه‌و ڕووداوه‌ ته‌قینه‌وه‌یه‌ی كه‌ ئه‌مڕۆ هه‌ینی له‌ شاری كه‌لار ڕوویدا، وه‌ك تیمی كوردستان تیڤی چووینه‌ به‌رده‌م نه‌خۆشخانه‌ی شه‌هید هه‌ژار، به‌ڵام ئه‌ندام و لایه‌نگرانی په‌كه‌كه له‌به‌رده‌م نه‌خۆشخانه‌كه‌‌ هێرشیان كرده‌ سه‌رمان و ڕێگرییان لێ كردین و به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ك په‌لاماریان داین.

ڕاشیگه‌یاند: ئه‌ندام و لایه‌نگرانی په‌كه‌كه‌ به‌ بۆكس و قسه‌ی نه‌شیاو په‌لاماریان داین و ئازارێكی زۆریان داین.

محه‌مه‌د ساڵح په‌یامنێری كوردستان تیڤی هه‌روه‌ها گله‌یی له‌ هێزه‌كانی پۆلیس و پاسه‌وانانی نه‌خۆشخانه‌ی شه‌هید هه‌ژاریش كرد كه‌ هیچ هه‌ڵوێستێكیان له‌ كاتی هێرش و په‌لاماره‌كانی ئه‌ندامانی په‌كه‌كه‌ نه‌بوو و ته‌نیا وه‌ك ته‌ماشاكه‌ر وه‌ستاون و پێیان گوتوون كه‌ له‌ شوێنه‌كه‌ دوور بكه‌وینه‌وه‌.

ئه‌مه‌ له‌كاتێكدایه‌ كه‌ ئه‌مڕۆ هه‌ینی كاتژمێر 9:30 له‌ نزیك سایلۆی كه‌لار به‌ درۆن هێرشكرابووه‌ سه‌ر ئۆتۆمبێلێكی جۆری جێب و به‌هۆیه‌وه‌ 4 كه‌س كوژرابوون و كه‌سێكی تریش بریندار ببوو و گه‌یه‌نرابووه‌ نه‌خۆشخانه‌ی شه‌هید هه‌ژار.

دژه‌تیرۆری كوردستان سه‌باره‌ت به‌ ته‌قینه‌وه‌كه‌ ئاماژه‌ی به‌وه‌دابوو كه‌ هێرشه‌كه‌ به‌ فڕۆكه‌ی بێفڕۆكه‌وان ئه‌نجامدراوه‌ و‌ 4 چه‌كداری په‌كه‌كه‌ كراونه‌ته‌ ئامانج و كوژراون و كه‌سێكی تریش بریندار بووه‌.