هه‌ینی, تشرینی دووه‌م 29, 2024

مەسرور بارزانی پێشوازی لە باڵیۆزی نوێی ئەمەریکا لە عێراق دەکات

ئەمڕۆ پێنجشەممە 16ی حوزەیرانی 2022، مەسرور بارزانی، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، لەگەڵ باڵۆیۆزی نوێی ئەمەریکا لە عێراق کۆبووەوە و لەو دیدارەدا باڵیۆزی نوێی ئەمەریکا، پابەندبوونی وڵاتەکەی بە بەردەوامبوون لە پشتیوانیکردنی هەرێمی کوردستان دووپات کردەوە.  

ئەمڕۆ مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە ئەلینا رۆمانۆوسکی، باڵیۆزی نوێی ئەمەریکا لە عێراق کرد. 

لە کۆبوونەوەکەدا کە رۆبەرت پالەدینۆ کونسوڵی گشتیی ئەمەریکا لە هەولێر ئامادەی بوو، سەرۆکی حکومەت پیرۆزبایی دەستبەکاربوونی لە باڵیۆزی ئەمەریکا کرد و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواست لە ئەرکەکەیدا لە پێناو بەرەوپێشبردن و برەودان بە پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و ئەمەریکا. پاشان سەرۆکی حکومەت، کورتەیەکی دەربارەی چاکسازییەکانی کابینەی نۆیەم لە بواری هەمەجۆرکردنی ئابووری و سەرچاوەکانی داهات خستەڕوو، بە ئاراستەی بنیاتنانی ژێرخانێکی بەھێزی ئابووری و گەشەپێدانی هەمەلایەنەی هەرێمی کوردستان.

لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، سەرۆکی حکومەت ئاماژەی بە پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی کرد و جەختی لەوە کردەوە کە خەڵکی کوردستان، خاوەن دۆز و مافی نەتەوەیی و دەستووریین و کێشەکان لە گەڵ بەغدا، تەنیا بودجە و نەوت و گاز نیین، بەڵکو ئێمە هەرێمێکی فیدرالی و دەستوورین و دەبێت بەپێی دەستوور مامەڵە لەگەڵ هەرێمی کوردستان بکرێت.

باڵیۆزی نوێی ئەمەریکا، پابەندبوونی وڵاتەکەی بە بەردەوامبوون لە پشتیوانیکردنی هەرێمی کوردستان وەک هاوبەشێکی گرنگی ئەمەریکا و سەقامگیریی ئاشتی و ئاسایشی عێراق دووپات کردەوە .

باڵیۆزی ئەمەریکا باسی لەوە کرد کە عێراق و هەرێمی کوردستان، بەشێکی گرنگن لە سیاسەتی ئەمەریکا و جەختیشی لە گرنگی پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق کردەوە کە لە ئاستی داخوازیییەکانی خەڵکی عێراق بێت و بەبێ جیاوازی، خزمەتی گشت پێکهاتەکانی بکات و  پەیوەندییەکی باشیشی لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هەبێت.