یەکێک لە هۆکارەکانی کەمیی بەرهەمی خۆماڵی، داگیرکاریی پەکەکەیە لە کوێستانەکان

ساڵانە سەدان مەڕدار و ڕەوەند و کۆچەر لەناوچە جیاجیاکانی کوردستان ڕوو لە کوێستانەکان دەکەن، بەڵام ئەمساڵ جیاواز لە ساڵانی تر، شەڕ و پێکدادانی سوپای تورکیا و چەکدارانی پەکەکە دۆخەکەیان تەواو ئاڵۆز کردووە و ئاژەڵداران ناوێرن بچنە کوێستانەکان.

کۆچەر و مەڕدارانی ھەرێمی کوردستان لەپێناو لەوەراندنی مەڕ و ماڵاتیان ساڵانە چوار بۆ پێنج وار دەکەن، ئەوان خەڵکی ڕەسەنی ناوچەی کوێستان و گەرمێنن، بەڵام پیشەکەیان وا دەخوازێت زۆر کات لە کۆچەریدا بن.
نزمیی پلەی گەرما و ھەوای سازگار و سەرچاوەی ئاوی زۆر ھۆکارن لەم وەرزەی ساڵدا زۆربەی کۆچەر و مەڕدارانی ھەرێمی کوردستان ڕوو لە کوێستانەکان بکەن.
لە دێر زەمانەوە ھەر خێڵ و بنەماڵەیەک سنوورێکی دیاریکراوی لە گەرمێن و کوێستان ھەبووە، ساڵانە ھەمان شوێن دەبێتەوە واریان و ڕەشماڵی لێ ھەڵدەدەن، ژینگە پێویستێکی لە پێشینەی بەردەوامی ژیانی مرۆڤەکانە و مەڕدارانیش سەرچاوەی بەرھەمھێنانی بەرھەمە شیرەمەنییەکانن و ڕێگری دەکەن لە چوونە دەرەوەی سەرمایە بۆ کڕینی دەیان جۆر لە پێداویستی خۆراکی.
پارتی کرێکارانی کوردستان “پەکەکە” حزبێکی کوردی چەپە و، بە ھزری مارکسی و لینینییەوە لە ساڵی ١٩٧٨ لە باکوری کوردستان دامەزراوە و دواتر لە چیای قەندیل نیشتەجێ بوون، ئێستا زیاتر لە ٦٠٠ گوندی ھەرێمی کوردستانی داگیر کردووە و خەڵکێکی زۆر بەھۆی پەکەکەوە بوونەتە قوربانی.
پەکەکە زیاتر لە ٣٠ ساڵە لەگەڵ تورکیا شەڕ و ناکۆکییان ھەیە و ئێستاش ئەو شەڕ و ناکۆکییە لە ناوچە سنوورییەکانی ھەرێمی کوردستان بە تەواوی چڕ بووەتەوە و بەردەوام ڕووبەڕووی یەکتر دەبنەوە.
حەمیران ئەحمەد، کە لە باپیرانیانەوە ژیانی کۆچەری و مەڕدارییان بۆ ماوەتەوە، ئەوان ڕەشماڵیان لە ناوچە کوێستانەکانی سیدەکان ھەڵداوە، کوێستانێک کە وەک پیشەکەیان بە میرات بۆیان ماوەتەوە، بۆ “ھەولێر” دەڵێت: “بەھاران دێینە کوێستانەکان ئاژەڵ دەدۆشین، مەشکە دەژەنین، پەنیر دەکەین، بەرھەمی شیرەمەنی و گۆشتی سوورمان ھەیە و بەکار و پیشەی چەند ساڵەمانەوە خەریک دەبین و، داھاتی ڕۆژانەمان ھەیە، جگە لەوەی ئاو و ھەوایەکی سازگار لە کوێستانەکان ھەیە و بەس حەز دەکەی لەو شوێنانە بژیی.
حاجی ڕەشید، کە خاوەن سەدان سەر مەڕ و بزنە، دانیشتووی دەشتی ھەریرە ساڵانە لە وەرزی بەھار ڕوو لە کوێستانەکان دەکات، گوتی:” لەگەڵ ھەبوونی ترس و کێشە و گرفتی پەکەکە، ماوەی ٢٠ ساڵ زیاترە وەک نەریتێکی ساڵانە بۆ لەوەڕاندنی بزن و ئاژەڵ لە وەرزی بەھار ڕوو لە کوێستانەکان دەکەین، بەڵام ئەمساڵ بەھۆی ھاتنی ھێزی تورکیا و ڕووبەڕووبوونەوەیان لەگەڵ چەکدارانی پەکەکە و نائارامی دەڤەرەکە، ناکرێت بچینە کوێستانەکان، ئێمەش ئاژەڵدارین و ژیان و گوزەرانمان لەسەریانە، داواکارین لە حکوومەت و لایەنی پێوەندیدار ھەوڵ بدەن بۆ کارئاسانی و ڕێدان بە ڕەوەندەکان تا بتوانین مەڕ و بزنەکانمان ببەین بۆ کویستانەکان.
حاجی دەشڵێ:” لە ناوچە سنوورییەکان پەکەکە باج و سەرانە لە خەڵک وەردەگرێت، بۆ ھەر ھەنگێک بڕی پێنج ھەزار دینار، لە ھەر مانگایەک دە ھەزار دینار، لە ١٠٠ سەر مەڕ پێنج سەر مەڕ دەبێت وەک سەرانە بە پەکەکە بدرێت، بەھەمانشێوە لە ١٠٠ سەر بزن پێنج بزن سەرانە لە ھاووڵاتییان وەردەگیرێت، ئەمە لە کاتێکدایە ساڵانە سەدان ھەزار ھەنگ و مەڕ و بزن و مانگا ڕوو لە کوێستانەکان دەکەن و دەبێت لە بازگەکانی پەکەکە گومرگ بکرێن، بۆیە ئەگەر وا بڕوات و ناوچە سنوورییەکان ئارام نەبن ناچارین لەبەر نەبوونی لەوەڕ ئاژەڵەکانمان بفرۆشین، بەوەش ھەم زیان بە ئێمە دەکەوێت ھەمیش حکوومەت”.
سوارا ئەکرەم، قایمقامی قەزای چۆمان، بە “ھەولێر”ـی گوت: “ئەو شەڕ و پێکدادانەی لە نێوان پەکەکە و تورکیا ھەیە، ھەمووی ھۆکارەکەی پەکەکەیە ھۆکارە بۆ ئەوەی ڕەوەند و کۆچەرەکان و جووتیارانیش کەمتر بە بەراورد لەگەڵ ساڵانی ڕابردوو سەردانی کوێستانەکان بکەن، سەرووی خۆمان لە زەرەر و زیانەکانی بۆردومانەکان و ترس و دڵەراوکێی خەڵک ئاگادار کردۆتەوە، داوامان کردووە ئەو بۆردومان و تۆپبارانەی ھەیە بە زووی ڕابگیرێت، وەکو حکوومەتیش گەرەنتی و دڵنیایی نادەین بە ھیچ ڕەوەند و کۆچەر و جووتیارێک بۆ کاری ئاژەڵداری و کشتوکاڵی سەردانی کوێستانەکان بکن، چونکە ڕۆژانە کێشە و ئالۆزی لە ناوچە سنوورییەکان ھەیە”.
قایمقامی قەزای چۆمان، دەشڵێ: “ئەو کەسانەی ڕوو لە کوێستانەکان دەکەن ناویان تۆمار دەکرێت و تەنانەت ڕێژەی مەڕ و ماڵاتەکانیشیان دەنووسرێ، ئەگەر لەبەر پەکەکە نەبێت ڕەوەند و کۆچەرێکی زۆر ھەتا جووتیارانیش ڕوو لە کوێستانەکان دەکەن بۆ دەستکەوتی بەرھەمی خۆماڵی، بەڵام پەکەکە خەڵکیان بێزار کردووە و بەبیانووی جۆراوجۆر باج و سەرانە لە خەڵک وەردەگرن”.

ھەواڵی زیاتر