چوارشەممە, تشرینی دووه‌م 27, 2024

هونەرمەند نەژاد: بەرهەمێكی تایبەتم بۆ دایكم بەڕێوەیە

هونەرمەند نەژاد رایدەگەیەنێت، بەرهەمێكی نوێی بەدەستەوەیە بۆ دایكی كۆچكردووی و دەیەوێت بەشێوازێكی تایبەتیش كلیپی بۆ بكات.

هونەرمەند نەژاد چەند ساڵێكە لەبواری هونەریدا كار دەكات و زیاتر لەبواری ستایڵی خاودا بەرهەمەكانی بڵاودەكاتەوە، نەژاد بە (هەولێر)ی راگەیاند، ئێستا بەرهەمێكی نوێی بەدەستەوەیە كە تایبەتە بە كۆچی دوایی دایكی و وتی “بەرهەمەكە تێكستی سیمین چایچی و ئاوازی موزیسیان خەلیل عەبدوڵا و میكس و ماسترینگی موزیسیان بڵند قەرەداغییە”.
ناوبراو ئاماژەی بەوەكرد “ئەم بەرهەمەم پێشكەشە بە رۆحی پاكی دایكم كە بەداخەوە لە ژیاندا نەماوە و وەك ئەركێكی سەرشانم جێبەجێم كردووە، هەروەها بۆ ئەو كەسانەشی دایكیان لە ژیانیان نەماون، دەشمەوێت كلیپێكی تایبەتی بۆ بكەم”.
نەژاد جگە لەو بەرهەمە سەرقاڵی بەرهەمێكی دیكەیە كە هەڵبژاردەی چەند گۆرانییەكی دیكەیە و دەیەوێت وەك میكس بڵاوی بكاتەوە.
ئەم هونەرمەندە دەیەوێت بەرهەمەكانی زیاتر بەشێوەی كلیپ بڵاو بكاتەوە و وتی “ئێمە كار بۆ خەڵك دەكەین و دەبێت گوێی لێبگرن، بەڵام بۆ بڵاوكردنەوەی لە تیڤییەكان دەبێت دەبێت بەرهەمەكە كلیپ بێت، كلیپەكانی ئەمڕۆش كەمێك فەوزان، منیش دەمەوێت كلیپێك بكەم كە بۆنی هونەری لێ بێت، بۆیە ئەوەش كاتی دەوێت”.
نەژاد تائێستا سەرجەم بەرهەمەكانی لە ئەستۆی خۆی بووە و نایەوێت سپۆنسەر بكرێت و وتی “لەڕاستیدا تائێستا بۆ بەرهەمەكانم سپۆنسەرم نەبووە و ناشمەوێت، چونكە من هونەر بۆ دڵی خۆم دەكەم و دەمەوێت لەسەر ئەستۆی خۆم بێت”.