لە شاری سلێمانی كۆنسێرتێكی موزیك و گۆرانی بە بەشداری زیاتر لە 20 هونەرمەند بەڕێوە چوو و بڕیاریشە هەر شەش مانگ جارێك ئەو كۆنسێرتە دووبارە بكرێتەوە.
رۆژی 8 و 9ی ئەم مانگە، لە هۆڵی رۆشنبیری سلێمانی بە بەشداری زیاتر لە 20 هونەرمەندی موزیسیان و هەریەك لە هونەرمەندان ماهیر حەمەدەمین و ئاریان كەریم و بە سەرپەرشتی موزیسیانی بەتوانا فەرهاد حەمەساڵح، كۆنسێرتێكی موزیك و گۆرانی بەڕێوەچوو كە هەندێك لە بەرهەمەكان نوێ بوون و هەندێكیشیان فۆلكلۆر.
لەو بارەیەوە فەرهاد حەمەساڵح، بە (هەولێر)ی راگەیاند، ئامانجی ئەم كۆنسێرتە ئاشناكردنەوەی هاوڵاتیانە بە موزیك و گۆرانی، بۆ ئەو مەبەستەش بڕیار دراوە شەش مانگ جارێك ئەم كۆنسێرتە ئەنجام بدرێت، كۆنسێرتەكە بە بێ سپۆنسەرە بۆ ئەوەی هونەرمەندان بیسەلمێنن نەبوونی سپۆنسەر نابێتە رێگر لەبەردەم كاری هونەرییان، بەڵكو حەز و ئارەزووی هونەرمەندەكان بۆتە سپۆنسەر، بەڵام هەندێك هاوكاری كراون لەوانەش دابینكردنی هۆڵ و بلیت.
كۆنسێرتەكە بووە مایەی چێژبینینی ئەو هونەرمەند و هاووڵاتیانەی بەشدار بوون، لەو بارەیەوە هونەرمەند نەژاد رایگەیاند “دەستخۆشی لە هونەرمەندانی بەشدار دەكەم و چێژم لە موزیك و گۆرانییەكان بینی، ئەمە جۆرێكە لە بەردەوامی و بێدەنگ نەبوون لە بەرهەمی هونەریی، دڵخۆشم بەوەی ئەم شارە ئەو وزە باشانەی تێدا ماون”.
هەروەها ئاراس عەلی، وەك هاووڵاتییەك كە ئامادەی كۆنسێرتەكە بوو ئاماژەی بەوە كرد، جیاكەرەوەی ئەم كۆنسێرتە لەگەڵ كۆنسێرتەكانی دیكە ئەوە بوو ئەمە زیاتر بۆ دەستەبژێرەكان بوو هەم لە موزیك و هەمیش لە گۆرانییەكان، بۆیە دەبوایە گوێگر وردتر گوێی بۆ بەرهەمەكان بگرتایە، بە گشتی كارێكی باش بوو دەستخۆشییان لێ دەكەین، بەو هیوایەی ئەم كارانە بەردەوام هەبێت.