بۆ عەزیز گەردی

1-شارەزای داغستان نەبووین
كەچی بێ پەساپۆرت ھەموومانت بردە ئەوێ.

2-كتێبێكی بێگانە
دەستت دەگرێ
بەزەوقەوە پیاسەكت لەگەڵدا دەكات
لەخۆشەویستی تۆ
ئێستابەكوردی دەدوێ

3-ئەو دوونیایە
تادێ شتی سەیرو سەمەرەی تێدەكەوێ
ئەوەتا گەردی
كتێبی لە مناڵ خۆشتر دەوێ .

4-گەردی ئەستێرەیەك بوو كشا
ئەو ماڵەی كتێبخانەی ھەبێ
بەشی خۆی نووری پیرۆزی بەردەكەوێ.

5-كەم شیعر ھەیە
لەگەڵ تۆدا لەژوان نەبووبێ
دەبێ شیلەی چەند ماچی شیعرت چێشتبێ.

6-كەم ڕۆمان ھەیە
نەتخوێندبێتەوە
دەبێ چەند فرمێسكی حەزینیان
بەچاوەكانتەوە جێھێشتبێ.

7-شەوانە لەگەڵ بێدەنگی دادەنیشتی
ڕەنگە بێدەنگی لە تۆوە فێری خامۆشی بووبێ.

ھەواڵی زیاتر