29_6_2022، كۆبوونەوەی سەران (لوتكە)ی ناتۆ لە مەدرید رێک دەکرێت؛ بڕیارە كۆبوونەوەكە دوو رۆژ بخایەنێت و یەكێك لە بابەتە هەرە سەرەكییەكانیش ئەندامبوونی فینلەندا و سویدە، كە توركیا ڤیتۆ بەكار دەهێنێت و رێگە نادات ئەو دوو وڵاتە ببنە ئەندام. بەڵام توركیا دەیەوێت دوو ئامانج بپێكێت، یەكەمیان رێگەی پێ بدەن هێرش بكاتە سەر رۆژئاوای كوردستان و یەپەگە لاواز بكات، دووەمیش سوید و فینلەندا هەموو هاوكارییەكی یەپەگە رابگرن، بەو دوو مەرجە ئامادەیە گفتوگۆ بکات لەسەر وەرگرتنی ئەندامیەتیی سوید و فینلەندا لە ناتۆ.
لە كۆبوونەوەی ناتۆ، بڕیارە وڵاتان دەنگ لەبارەی ئەندامیەتیی سوید و فینلەندا بدەن، هەروەها باس لەو مەترسیانە دەكرێت كە رووسیا بۆ ئەورووپای دروست كردووە و پلانی ئامادەكاری دادەنێت لە ئەگەری مەترسییەكانی رووسیا بۆ سەریان.
رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەركۆماری توركیا، بە ئاشكرا بە ناتۆی گوتووە خۆتان ماندوو مەكەن، توركیا نایەڵێت ئەو دوو وڵاتە ببنە ئەندام، چونكە سوید و فینلەندا بە ئاشكرا پاڵپشتی لە تیرۆر دەكەن، بە ئاشكرا پەكەكە چالاكی لەو دوو وڵاتەدا هەیە و چەكیش بۆ یەپەگە دەنێرن لە سووریا. بەڵام ئەمریكا بەردەوام لەسەر هێڵە تا توركیا رازی بكات، وەلێ توركیا سیاسەتێكی زۆر فراوان و گشتگیری لەوڕووەوە دەست پێكردوە، دەیەوێت یەپەگە لە سووریا تەنیاباڵ بخات.
بەگوێرەی ئەو زانیاریانەی لە میدیا جیهانییەكان بڵاو كراوەتەوە، ناتۆ لە هەر ١٠ ساڵێكدا ستراتیژییەتی سەربازی خۆی دەگۆڕێت و بەگوێرەی مەترسییەكانی سەر جیهان گۆڕانكاری تێدا دەكات، بۆیە لەو كۆبوونەوەیەدا، باس لە ستراتیژییەتێكی تازەی سەربازی دەكەن، كە تا 2030 لەسەر ئەو ستراتیژییەتە دەڕۆن.
توركیا لەو كۆبوونەوەیەدا، باس لە هەڕەشەی تیرۆر دەكات بۆ وڵاتەكەی، ئەویش لەسەر سنووری عێراق و سووریا، باس لەوەش دەكات كە هەڕەشەی پەكەكە و یەپەگە جیدییە و پێویستە ناتۆ هەڵوەستەی لەسەر بكات، لەو ڕێگەیەوە دەیەوێت یەپەگە وەكو تیرۆریست بناسێنێت تا دەرگەی گفتوگۆی بۆ ئەندامبوونی سوید و فینلەندا بكاتەوە.
لە كۆبوونەوەی سەرانی ناتۆ لە لۆندرا لە 2019 توركیا ڤیتۆی دژی پڕۆژەیاسای پلانی بەرگری دەربڕی و ئەوكات ئەردۆغان گوتی: ”تاوەكو لەلایەن هاوپەیمانەكانمانەوە پاڵپشتی نەكرێین بۆ رووبەرووبوونەوەی یەپەگە، دەنگ بۆ پلانی بەرگری ناتۆ نادەین“.
بۆیە لە كۆبووەنەوی مەدرید، توركیا هەمان داواكاری هەیە و دەنگ بە پڕۆژەیەك نادات ئەگەر یەپەگە وەكوو تیرۆرست نەناسێنرێت، بەڵام مامەڵەی سیاسی و بەرژەوەندی وڵاتان كۆتایی نەهاتووە و توركیاش بەتەواوی دەرگەی دانەخستووە.
ئاژانسی (بی بی سی) بڵاوی كردووەتەوە، توركیا دەیەوێت لە كۆبوونەوەی مەدرید، ئۆكەی لە ناتۆ وەربگرێت تا هێرش بكاتە سەر مەنبەج و تەلڕەفعەت، بۆ ئەمەشیان كارتی فشاری توركیا بەهێزە، وڵاتانی ئەندام لە ناتۆش بۆ ئەوەی سوید و فینلەندا بكەنە ئەندامی ناتۆ و توركیا رازی بكەن، ئەگەر هەیە چاو لەو ئۆپەڕاسیۆنە بپۆشن، هەربۆیە ئەردۆغان داكۆكی دەكات كە ئۆپەراسیۆن بۆ سەر رۆژئاوا دەستپێدەكەن و لەسەر كات وەستاوە.
سەرچاوە دیبلۆماسییەكان ئاماژە دەدەن، تاوەكوو ئێستا هیچ هەنگاوێكی كردەیی سەربازی بۆ سەر رۆژئاوا لە ئارادا نییە، ئەگەر توركیا چاوەڕێی كۆبوونەوەی مەدرید نەكات و بەر لەو بەروارە هێرش بكاتە سەر رۆژئاوا، ئەوكات پەیوەندی نێوان توركیا و ناتۆ تێكدەچێت و گرژییەكان بۆ ئاستێكی تر و قۆناغێكی تری ناكۆكی دەچن.
فینلەندا و سوید، بەر لە كۆبوونەوەی مەدرید لەرێگەی وەزارەتی دەرەوەیان گفتوگۆی چڕیان لەگەڵ توركیا دەستپێكردووە و دەیانەوێت ئەو ناكۆكییەی لە نێوانیاندا هەیە بەر لە كۆبوونەوەی مەدرید كۆتاییی پێ بهێنن و توركیا ڤیتۆی ئەندامبوونیان لەسەر هەڵگرێت.