ئەمڕۆ گەڕێکی تری خولی لاوانی کوردستان ئەنجام دەدرێت

ڕۆژی پێنجشەممە گەڕی دووەمی یارییەکانی قۆناغی کۆتایی خولی لاوانی کوردستان ئەنجامدرا و یانەکانی شێروانە و هەڵەبجە سەرکەوتنیان تۆمار کرد، بڕیاریش وایە ئەمڕۆ لەیەک کاتدا و لەکاتژمێر ٥:٠٠ چوار یاری بەڕێوەبچن، لەگرنگترین یارییەکان ڕووبەڕوبونەوەی لاوانی پێشمەرگەی سلێمانی و شێروانە دەبێت، لاوانی یانەی هەڵەبجەیش کە تاکە یانەیە هەردوو یارییەکەی بردۆتەوە لەسەر یاریگەی خۆی میوانداری لاوانی دەربەندیخان دەکات.

خشتەو کاتی یارییەکانی گەڕی سێیەم بەمشێوەیە دەبێت:
لەیارییەکانی گەڕی دووەمی خولی لاوانی کوردستان قۆناغی کۆتایی کۆمەڵەیە یەکەم لاوانی سیروانی نوێ دوای بردنەوەی لەگەڕی یەکەمدا لەگەڕی دووەمدا لەدەرەوەی یاریگەی خۆی کەوتە داوی یەکسان بوونەوە و لەگەڵ دەربەندیخان یەکسان بوون، لەیارییەکی تردا لاوانی یانەی هەڵەبجە لە ئەنجامە باشەکانی بەردەوامە و لەدەرەوەی یاریگەی خۆی بە دوو گۆڵ بەرانبەر بە گۆڵێک لەلاوانی برادۆستی بردەوە و پێشەنگی یانەکانی ئەو کۆمەڵەیەی قایمتر کرد و خۆی لەگەیشتن بەچوار گۆشەی زێڕین نزیک کردەوە.
لەکۆمەڵەی دووەمیشدا لاوانی یانەکانی پێشمەرگەی هەولێر و پێشمەرگەی سلێمانی لەشاری هەولێر ڕووبەڕووبونەوە و هەردوو یانە بەبێ گۆڵ یەکسان بوون، لاوانی یانەی شێروانەیش یەکەم سەرکەوتنی تۆمار کرد و بە دوو گۆڵی بێ بەرانبەر لە لاوانی یانەی گارەی بردەوە.
هەر پێنج ڕۆژ جارێک یارییەکان ئەنجام دەدرێن و ڕۆژی هەینیش لەیەک کاتدا چوار یاری تر لەگەڕی چوارەم بەڕێوەدەچن.
خشتەی یارییەکانی گەڕی سێیەمی خولی لاوانی کوردستان قۆناغی کۆتایی بەمشێوەیە دەبن: دووشەممە ١٣/٦/٢٠٢٢ کاتژمێر ٥:٠٠ خولەکە.
کۆمەڵەی یەکەم
لاوانی برایەتی – لاوانی برادۆست
لاوانی هەڵەبجەی شەهید – لاوانی دەربەندیخان
لاوانی سیروانی نوێ چاوەڕوانە
کۆمەڵەی دووەم
لاوانی هەندرێن – لاوانی پێشمەرگەی هەولێر
لاوانی پێشمەرگەی سلێمانی – لاوانی شێروانە
لاوانی گارە چاوەڕوانە
ئەم وەرزەی خولی لاوانی کوردستان لەسەرەتادا بەشیوازی پارێزگاکان بەڕێوەچوو، بەجۆرێک لە هەر پێنج پارێزگاکە یانەکان پاڵاوتنیان کرد و ١٠ یانە سەرکەوتن بۆ قۆناغی کۆتایی، کە ئێستە ئەو ١٠ یانەیە دابەشکراون بەسەر دوو کۆمەڵەدا لە هەر کۆمەڵەیەک ٢ یانە سەردەکەون، لەچوارگۆشەی زێڕین بەیەکەوە لەدوو یاری چوون و هاتندا یاری دەکەن یەکەمی کۆمەڵەی یەکەم لەگەڵ دووەمی کۆمەڵەی دووەم یاریدەکات، یەکەمی کۆمەڵەی دووەمیش ڕووبەڕوی دووەمی کۆمەڵەی یەکەم دەبێتەوە و براوەیان دەگاتە یاری کۆتایی بڕیاریش وایە یاری کۆتایی لە بەرواری ٦/٧/٢٠٢٢ لەشاری هەولێر بەڕێوەبچێت.

ھەواڵی زیاتر