هەندرێن و هەولێر گەیشتنە یاری کۆتایی خولی تازەپێگەیشتوانی کوردستان

لە یارییەکانی گەڕی کۆتایی چوارگۆشەی زێڕینی خولی نایابی تازەپێگەیشتوانی یانەکانی کوردستان و لە یارییەکانی گەڕانەوە، یانەی ئاشتی میوانداریی تازەپێگەیشتوانی هەولێری کرد و بە لێدانی سزا هەولێر یارییەکەی بردەوە و گەیشتە یاری کۆتایی، لە دووەم یاری ئەو قۆناغەیشدا لە شاری هەولێر هەندرێن میوانداریی تازەپێگەیشتوانی پێشمەرگەی سلێمانی کرد و بە دوو گۆڵ بەرانبەر بە گۆڵێک یارییەکەی بردەوە و گەیشتە یاری کۆتایی، ڕۆژنامەی هەولێر هەفتانە بارودۆخی یانەکان و خشتە و ڕیزبەندی یانەکانی دەخستە ڕوو.

خشتەو کاتی یارییەکانی گەڕی حەوتەم بەمشێوەیە دەبێت:
ڕۆژی هەینی دواین گەڕی چوارگۆشەی زێڕینی خولی نایابی تازەپێگەیشتوانی کوردستان ئەنجامدرا و چارەنووسی ئەو دوو یانەیە ئاشکرا بوون کە گەیشتنە یاری کۆتایی خولەکە.
لەیاری یەکەمدا تازەپێگەیشتوانی هەندرێن میوانداری تازەپێگەیشتوانی پێشمەرگەی سلێمانی کرد، هەندرێن بە ئەنجامی دوو گۆڵ بەرانبەر بە گۆڵێک یارییەکەی بردەوە و گەیشتە یاری کۆتایی، یاری یەکەمی نێوانیان کە لە سلێمانی ئەنجامدرا بوو بە گۆڵێک یەکسان ببون، لەیاری دووەمی پێشکۆتایی تازەپێگەیشتوانی ئاشتی لەسەر یاریگەی خۆی میوانداری تازەپێگەیشتوانی هەولێری کرد، کاتی ئاسایی یارییەکە بە یەکسان بوون بە گۆڵێک کۆتایی هات، بۆ یەکلای کردنەوەی یانەی دووەمی کۆتایی هەردوولا پەنایان بردە بەر لێدانەکانی سزا و تازەپێگەیشتوانی هەولێر بە سێ گۆڵ بەرانبەر بە گۆڵێک یارییەکەی بردەوە و هاوشێوەی هەندرێن گەیشتە یاری کۆتایی، یاری یەکەمی نێوانیان کە لەهەولێر بەڕێوەچووبوو هەردولا بە دوو گۆڵ یەکسان ببوون.

یاریی کۆتایی لە هەولێر دەکرێت
دوای گەیشتنی هەردوو تازەپێگەیشتوانی هەندرێن و هەولێر بڕیار وایە بۆ دیاریکردنی پاڵەوانی خولەکە ڕۆژی چوارشەممە، لەشاری هەولێر هەردوو یانە بەیەک بگەن و پاڵەوانی ئەم وەرزە ئاشکرا ببێت، بەڵام تا ئێستە دیار نیە کە ئەم یارییە لە کام یاریگە ئەنجام دەدرێت.
ئەم وەرزە تازەپێگەیشتوانی هەندرێن و هەولێر چوار یارییان بەیەکەوە کردووە، لە قۆناغی پاڵاوتن لەیاری یەکەم هەردوولا بە گۆڵێک یەکسان بوون، لەیاری گەڕانەوە هەولێر بەسێ گۆڵ بەرانبەر بە دوو گۆڵ یارییەکەی بردەوە، لەقۆناغی کۆتایشدا دوو یاری تریان بەیەکەوە ئەنجامدا، لەیەکەم یاریدا هەندرێن بە گۆڵێکی بێ بەرانبەر یارییەکەی بردەوە، لە یاری دووەمیشدا تازەپێگەیشتوانی هەولێر بە دوو گۆڵی بێ بەرانبەر یاریەکەیان بردەوە.
ئەم وەرزەی خولی تازەپێگەیشتوەکانی کوردستان لەسەرەتادا بەشیوازی پارێزگاکان بەڕێوەچوو، بەجۆرێک لە هەر پێنج پارێزگاکە یانەکان پاڵاوتنیان کرد و ١١ یانە سەرکەوتن بۆ قۆناغی کۆتایی، دواتر ئەو ١١ یانەیە دابەشکران بەسەر دوو کۆمەڵەدا لە هەر کۆمەڵەیەک ٢ یانە سەرکەوتن کە هەر یەک لە یانەکانی هەندرێن و هەولێر لە کۆمەڵەی یەکەم و ئاشتی و پێشمەرگەی سلێمانی لە کۆمەڵەی دووەم سەرکەوتون و بۆ چوارگۆشەی زێڕین و لە دوو یاری چوندا بەیەکەوە یارییان کرد و تازەپێگەیشتوانی هەندرێن و هەولێر گەیشتنە یاری کۆتایی.

ھەواڵی زیاتر