نێچیرڤان بارزانی: پێشمه‌رجی مانه‌وه‌ی عێراق چه‌سپاندنی مافی پێكهاته‌كانه‌

سەرۆکی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لە هەموو لایەکەوە هەوڵ هەیە بۆ چارەسەری دۆخی عێراق و گوتی، مانەوەی عێراق بەندە بە پاراستنی تەواوی پێکهاتەکان، هەروەها باسی لەوەش کرد، “هەنگاوەکانمان بۆ چارەسەرکردنی ئەم دۆخەی عێراق بەردەوام دەبێت و بانگهێشتی لایەنە سیاسییەکانی عێراق دەکەم بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان.”

ئەمڕۆ چوارشەممە 08-06-2022 بە ئامادەبوونی د. بەرهەم ساڵح، سەرۆککۆماری عێراق، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، رۆبێرد پاڵەدینۆ، کۆنسوڵی گشتیی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان و چەندین بەرپرسی دیکە و کەسوکاری خوێندکاران،  رێوڕەسمی خولی 11ـی دەرچوونی خوێندکارانی زانکۆی ئەمریکی لە سلێمانی بەڕێوەدەچێت.

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە رێوڕەسمی خولی 11ـی دەرچوونی خوێندکارانی زانکۆی ئەمریکی لە سلێمانی گوتارێکی پێشکێشکرد و رایگەیاند، هیوادارە خوێندکارانی دەرچوو ببنە پشتیوانی گەلەکەیان، گوتیشی، “لەمڕۆوە خوێندکارانی دەرچوو دەبێت لە هەوڵی کاردا بن.”

دەقی گوتارەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان:

بەڕێز دکتۆر بەرهەم ساڵح، سەرۆککۆماری عێراق

بەڕێزان سەرۆک و مامۆستایانی زانکۆ و سەرۆک و ئەندامانی بۆردی زانکۆ

ئامادەبووانی بەڕێز، ئێوارەتان باش بەخێر بێن.

خۆشحاڵم ئەمڕۆ لە سلێمانیم لە شوێنێکی گرنگ کە زانکۆی ئەمریکییە، لە بۆنەیەکی زۆر خۆشدا کە ئەویش رێوڕەسم و ئاهەنگی دەرچوونی 291 خوێندکاری ئەو زانکۆیەیە. سەرەتا دەمەوێت پیرۆزبایی لە یەک بەیەکی قوتابیانی دەرچوو بکەم، هەروەها پیرۆزبایی لە دایک و باوکیان دەکەم. زۆر سوپاسی سەرۆکی زانکۆ و هەموو مامۆستایانی زانکۆی ئەمریکی لە سلێمانی دەکەم بۆ پێگەیاندنی ئەو ژمارەیە لە گەنجە خۆشەویستەکانمان.

هەر لێرەدا بە پێویستی دەزانم پیرۆزباییەکی تایبەت ئاراستەی ئەو 32 دەرچووە بکەم کە خەڵکی ئەفغانستانن و ئەمڕۆ لەم زانکۆیە دەردەچن. هیواردارم ئەو زانستەی لێرە وەریانگرتووە ببنە پشتیوان بۆ بەدیهێنانی ئاوات و ئامانجی گەلەکەیان.

سوپاسی هەموو ئەو لایەنانە دەکەم کە دەرفەتیان رەخساند بۆ ئەوەی ئەو قوتابیانە لەم زانکۆیەدا بخوێنن، چ ئەوانەی لە ئەمریکا یارمەتی ئەو خوێندکارانەیاندا چ سەرۆککۆماری عێراق کە من ئاگادارم زۆر بە پەرۆش بوو بۆ هێنانی ئەو قوتابیانە بۆ ئەوەی ئەو دەرفەتەیان لەدەست نەچێت و بەردەوامبن لە خوێندن. پیرۆزباییان لێدەکەم.

پیرۆزبایی لە دامەزرێنەری زانکۆی ئەمریکی لە سلێمانی هاوڕێ و برای خۆشەویستم دکتۆر بەرهەم ساڵح، سەرۆککۆماری عێراق دەکەم کە هەمیشە کار بۆ پێشکەوتنی ئەو زانکۆ گرنگەی کوردستان و عێراق دەکات.

دەرچووانی خۆشەویست..

ئەمڕۆ دەستپێکردنی قۆناخێکی گرنگی نوێی ژیانتانە، ئەویش چوونە بۆ نێو ژیانی کردەوەیی و مەیدانی کار. دونیای دەرەوەی زانکۆ پڕە لە ئاستەنگ، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا پڕە لە دەرفەت. ئێوە زانستێکی زۆر و بڕوانامەیەکی گرنگتان پێیە، بۆیە دەتوانن لەمڕۆوە دەست بە دروستکردنی دواڕۆژێکی گرنگ بکەن بۆخۆتان و وڵاتەکەتان. کار پەیدا بکەن، هەر دەرفەتێکی کار کە دەستتان دەکەوێت لەدەستی مەدەن. دواتر بە خەونی گەورە و کاری زۆری خۆتان دەتوانن کار و دەرفەتی زۆر گەورەتر بەدەستبهێنن. 

داواتان لێدەکەم ببنە بنیاتنەری دونیایەکی نوێ، دونیایەک کە ئێوە دەتانەوێت، دونیایەک کە لە دروستکردنیدا کوڕ و کچ وەک یەک بەشدار و هاوکارن. جێگەی دڵخۆشییە کە رێژەیەکی هاوسەنگ لە کوڕان و کچانی سەرکەوتوو لێرە دەبینم، ئەمە ئومێدبەخشە، هێمایە بۆ ئەوەی لە بونیاتنانی داهاتووی ئەو وڵاتەدا هەردوو رەگەز پێکەوە بەشدارن و بەرپرسیاریێتی هەڵدەگرن.

بەداخەوە مێژووی وڵاتەکەمان پڕە لە جەنگ و چەوسانەوە و وێرانی، نەوەکانی رابردوو ژیانێکی زۆر سەختیان هەبوو بەرگری و خەباتێکی زۆریان کرد بۆ ئەوەی ئێوە لەوان خۆشبەختتر و باشتر بژین و دەرفەتی باشتری خوێندن و پێگەیشتنتان هەبێت، لەبەر ئەوە زۆر گرنگە ئێوە ئەمڕۆ گەشبینی بڵاوبکەنەوە و دڵگەرمی بۆ دواڕۆژێکی باشتر بدەنە هەموو گەلی کوردستان و گەلی عێراق. پێویستە ئامانجی سەرەکیتان ئەوەبێت کە ژیانی خۆتان خۆش بکەن و ژیان لە وڵاتەکەمان بەرەوپێشەوە ببەن و خۆشی بکەن. 

متمانەتان بەخۆتان و تواناکانتان هەبێت، بە کردەوە و کاردا سوود لەو زانستە وەربگرن کە بەدەستتان هێناوە. کاری ئێوە کۆتایی نەهاتووە، بەرپرسیاریێتی ئێوە پرۆسەیەکی بێکۆتاییە. هەر رۆژێک کە تواناکانی خۆتان پێشکێش دەکەن، هەر رۆژێک لە بەشداری دەکەن لە باشترکردنی ژیانی کەسانی دیکەدا، زیاتر شان دەدەنە بەرپرسیاریێتی. کاری ئێوە ئەمڕۆ دەستپێدەکات، دەکرێت سەختی و بەربەست بێنە رێتان، بەڵام پێویستە کۆڵ نەدەن و بە دڵنیاییشەوە سەرکەوتن هەر بۆ ئێوەیە.

ئێوە دەتوانن لە کاردا سەرکەون، چونکە لە خوێندندا سەرکەوتووبوون. ئامانجی ئێوە دەبێت گەورەبێت بۆ ئەوەی هەنگاوەکانتان و کارتان گەورەبێت. دەبێت گۆڕینی کۆمەڵگە بەرەو کۆمەڵگەیەکی باشتر، گۆڕینی بەڕێوەبردنی وڵات بەرەو باشتر ئامانجی ئێوە بێت. ئێوە بە دڵنیاییەوە دەتوانن ئەوە بکەن، چونکە رێگەی زانستییەکانی ئەو گۆڕینە لەو زانکۆیە و لە زانکۆیەکانی دیکە فێربوون و بە دڵنیاییەوە دەتوانن ئەو گۆڕینە بەرەو باشتر لەو وڵاتەدا دروست بکەن.

ئێوە هێزی گەورەی پێشکەوتن و گۆڕانکارین لەو وڵاتەدا. ژیانی خۆتان باش بکەن و وڵات و کۆمەڵگەش پێش بخەن.

دەرچووانی خۆشەویست..

ئێوە خەڵکی ناوچە جیا جیاکانی هەرێمی کوردستان و پارێزگاکانی دیکەی عێراقن، هەروەها هەندێکیش لە دەرەوەن. ئەم زانکۆیە ئێوەی پێکەوە کۆکردووەتەوە، ئێوەش پێکەوە سەرکەوتن. ئێوە لێرە فێربوون کە سەرکەوتن لە پێکەوەبووندا ئاسانترە، ژیان لە پێکەوەبووندا خۆشترە. ئەو خۆشەویستی و پێکەوەبوونەی لێرە فێربوون بیبەن بۆ هەموو عێراق. برادەرانی زانکۆتان لەبیر نەکەن و پەیوەندی و خۆشەویستیتان لەگەڵ یەکدا بپارێزن. ئێوە پێویستە هاوبەشی و پێکەوەکارکردن بکەنە کولتوور، ئێوە پێکەوە دەتوانن کار لەسەر فراوانکردنی ماف و ئازادییەکان بکەن. ئێوەی گەنج دەتوانن هەمیشە دەستپێشخەر بن بۆ چارەسەری کێشەکان. دەبێت دروستکردنی بڕیار لەسەر بنەمای پێکەوەژیان و زانست بکەنە کولتوور، ئاوا وڵات پێشدەکەوێت.

ھەواڵی زیاتر