پێنجشەممە, تشرینی دووه‌م 28, 2024

وه‌زاره‌تی رۆشنبیری و لاوان له‌ باره‌ی دراما توركییه‌كه‌وه‌ یاداشتێكی ناڕه‌زایی بڵاوكرده‌وه‌ 

له‌ باره‌ی ئه‌و دراما توركییه‌ی كه‌ سوكایه‌تی به‌ كورد و هه‌رێمی كوردستان كرد بوو، وه‌زاره‌تی رۆشنبیری یاداشتێكی ناڕەزایی بڵاو كرده‌وه‌ و به‌ “دوژمنكارانه‌” وه‌سفی ده‌كات.

ئه‌مڕۆ 8/6/2022، وه‌زاره‌تی رۆشنبیری و لاوانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، یاداشتێكی ناره‌زایی له‌ باره‌ی ئه‌و دراما توركیه‌ی كه‌ تێیدا سوكایه‌تی به‌ كورد و هێما نه‌ته‌وه‌یی و نیشتیمانییه‌كانی كرابوو، بڵاوكرده‌وه‌ و له‌ به‌شێكیدا هاتووه‌ راگه‌یاندراوه‌كه‌دت هاتووه‌، “(گورگی تەنیا) باس لە مێژووی توركیا و شەڕی نێوان توركیا و PKK دەكات، هەروەها باسی گۆڕانكارییەكانی ناوچەكە و ڕۆڵی ئەمریكا دەكات. لە چەندین ئەڵقەیدا بە نەفەسێکی دوژمنکارانە باسی کورد و هەرێمی کوردستان دەکات و هەموو کارتەکان تێکەڵ دەکات تا ڕادەی تێکەڵکردن لەگەڵ داعشی تیرۆریستدا. بۆ نموونە لە ئەڵقەی (١٩) کە ڕۆژی ٣/٦/٢٠٢٢ پەخشکراوە، لە دیمەنێكدا كە باسی دادگاییكردنی توركێكە لە دادگایەكی هەرێمی كوردستان، لە دادگاكەدا ئاڵای كوردستان و وێنەی سەرۆك مەسعود بارزانی دانراوە، سوكایەتی بە خەبات و هێماكانی گەلی كورد دەكات و حكومەتی هەرێمی کوردستان بە ناشەرعی لە قەڵەم دەدات و دەڵێ جوگرافیایەك بەناوی كوردستانەوە نییە و موسڵ و كەركووك دوو شاری توركمانین و گەورەترین شەقامی هەولێریش ناوی (موزەفەرەدین گۆكبۆرو)ە، وەک ئاماژەیەک کە هەولێریش شارێکی توركمانییە”.

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی راگه‌یاندراوه‌كه‌ی وه‌زاره‌تی رۆشنبیری و لاوان هاتووه‌، “هەرێمی كوردستان قەوارەیەكی دەستورییە لە عێراقدا، خاکی پێكەوەژیانی ئایینی و نەتەوەییە. كونسوڵخانەی گشتی توركیا لە هەرێمی كوردستانە، سەدان هاووڵاتی و کۆمپانیای توركیا لە هەرێمی كوردستاندا كار دەكەن و بەرژەوەندیی هاوبەش و هاوسێیەتی کۆیان دەکاتەوە لەگەڵ هاوڵاتییانی کوردستاندا بە کورد و تورکمان و سریان و عەرەبەوە لە هەموو ئایین و ئایینزاکان”.

وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوانی حكومەتی هەرێمی كوردستان له‌ یاداشته‌ ناڕه‌زاییه‌كه‌یدا ده‌ڵێ، “به‌لای ئێمه‌وه‌، ئەم درامایە سووکایەتییە بە هەموو ئەو ڕاستییانە و زیانیان پێدەگەیەنێت، دوورە لە بەهای هونەریی كە لە بنەڕەتەوە هونەر پەیامی ئاشتی و پێكەوەژیان و قبوڵكردنی جیاوزییەكانی پێیە، نەك ڕەگەزپەرستی و سڕینەوەی بەرامبەر”.

وه‌زاره‌تی رۆشنبیری و لاوان، جه‌خت له‌ رێزگرتن له‌ جیاوازییه‌كان و پێكه‌وه‌ژیان ده‌كاته‌وه‌ و راشیده‌گه‌یه‌نێت: “لە کاتێکدا ئێمە بڕوای تەواومان بەوەیە کە پێویستە هەمووان ڕێز لە جیاوازییەكان بگرین و وەک دوو دراوسێ، برایانە پێکەوە بژین ، هاوکات ئومێدەوارین حكومەتی توركیاش رێگە لەو هەڵمەتی چەواشەکارییە بگرێ کە لەلایەن هەندێک خەڵکی قین لە دڵ و نەژادپەرستەوە دەدرێت بۆ ئالۆزکردنی پەیوەندی نێوان گەلان”.

له‌ كۆتایی راگه‌یاندراوه‌كه‌ی وه‌زاره‌تی رۆشنبیری و لاواندا هاتووه‌، ئێمە دەزانین ئەو درامایە و دراما هاوشێوەكانی كە پێشتریش بەرهەمهاتوون بۆ ڕازیكردنی توێژێكی بیرتەسكن و جگە لە زیانگەیاندن بە بەهاکانی هاوسێیەتی باش و بەرژەوەندیی هاوبەش و بنەما مرۆیی و نێودەوڵەتییەکانی پەیوەندیی نێوان گەلان، هیچی تریان لێ بەرهەم نایەت.

لێرەوە ناڕەزایەتی خۆمان دەگەیەنینە دەزگای بەرهەمهێنەر و (atv) و تەواوی ئەو ستافە، لە بەرامبەر ئەو سوكایەتییە و بڵاوكردنەوەی تۆوی شۆفێنیزم و بە کەم سەیرکردنی بەرامبەرەكانیان.

وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان