سەرۆکایەتیی ھەرێم ماڵی گەورەی سەرجەم لایەنە کوردستانییەکانە

ڕائیب جادر – هه‌ولێر

لەو چەند رۆژەدا نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان دیدار و کۆبوونەوەی گرنگی دەبێت بە مەبەستی ھێورکردنەوەی دۆخەکە و نزیکبوونەوەی زیاتری لایەنەکان، ھەر بۆ ئەم مەبەستە بڕیارە سبەی پێنجشەممە لە سەرۆکایەتی ھەرێم، لایەنە سیاسییە سەرەکییەکانی ھەرێمی کوردستان بە بەشداریی جێنین پلاسخارت لەگەڵ سەرۆکی ھەرێم کۆببنەوە، لە کۆبوونەوەکەدا قسە لەسەر خاڵە ھاوبەشەکان دەکەن.

لە بەردەوامی ھەوڵەکانی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان بۆ ئامادەکاریی بەڕێوەچوونی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، رۆژی ٢٢-٥-٢٠٢٢، نێچیرڤان بارزانی، سەردانی شاری سلێمانی کرد و لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی نیشتمانیی کوردستان و قوباد تاڵەبانی، بەرپرسانی بزووتنەوەی گۆڕان، عەلی باپیر، سەرۆکی کۆمەڵی دادگەری، سەڵاحەدین محەممەد بەھادین، ئەمینداری گشتیی یەکگرتووی ئیسلامی کۆبووە و سەردانی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی سلێمانی- ھەڵەبجەی پارتیشی کرد.
سەرۆکی ھەرێمی کوردستان گفتوگۆکانی لەگەڵ لایەنەکاندا بە “باش” ناوبرد و جەختی لەسەر کاری پێکەوەیی کردەوە، ھەروەھا نێچیرڤان بارزانی رایگەیاند کە کێشەی نێوان لایەنە سیاسییەکان لە ھەرێمی کوردستان و عێراق زۆر کاریگەرییان لە بارودۆخی خەڵکی عێراق کردووە و دەبێ ھەموو لایەنەکان بۆ رێککەوتن نەرمی بنوێنن.
لە بەردەوامیی ھەوڵەکانی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان بۆ ئامادەکاریی بەڕێوەچوونی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، رۆژی دوو شەممە ١٧ سەرۆک حیزب، وەزیر و نوێنەرانی پێکھاتەکان لەژێر چەتری سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستاندا کۆبوونەوە. لە کۆبوونەوەکەدا نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان دڵنیایی دایە پێکھاتەکان کە رێگە بە ھیچ ھەوڵێک بۆ سنووردارکردنی مافی پێکھاتەکان نادرێت، بەتایبەتی لە پرسی ھەڵبژاردن و نوێنەرایەتیکردنیاندا لە پەرلەمان و حکوومەت.
سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی پێکھاتەکان، پەرلەمانتاران و نوێنەرانیان کۆبووەوە و دڵنیایی پێدان لەوەی کە “تاوەکو لە توانادایە گرنگیی زیاتر بە مافەکانیان بدرێت.” لایەنە سیاسییەکان و و نوێنەرانی پێکھاتەکان سەرۆکی ھەرێمی کوردستانیان بە “گەرەنتیی پاراستنی مافەکانیان” لە قەڵەم دا.
محەممەد ئیلخانی، سەرۆکی پارتی گەشەپێدانی تورکمان، بە “ھەولێر”ـی گوت:” لە دەستپێکی کۆبوونەوەکەدا سەرۆکی ھەرێمی کوردستان باسی لەوەکرد، ھەرێمی کوردستان نموونەی پێکەوەژیانە و ئێمە ئەو تابلۆیەمان پێشانی ھەموو جیھانداوە، ھاوکات چەند پرسی گرنگ ھاتە بەرباس کە بریتیبوون لە یاسای ھەڵبژاردن و کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان”.
سەرۆکی پارتی گەشەپێدانی تورکمان، گوتیشی:” کۆبوونەوەی پێکھاتەکان لەگەڵ سەرۆکی ھەرێم زۆر باش بوو، بۆ پێکھاتەکان دڵخۆشکەر بوو، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان نەک تەنیا وەکو سەرۆک، بەڵکو وەکو کەسایەتییەکی کاریگەر رۆڵی ھەبووە لە نزیککردنەوەی لایەنە سیاسییەکان، پێویستیشە پێکھاتەکان خۆیان بڕیار لەسەر کورسییەکانی کۆتا و پرسەکانی خۆیان بدەن”.
پێکھاتەکان کۆکن لەسەر ئەوەی کە بۆ ئەوان دەبێت ھەڵبژاردن بە یەک بازنە بەڕێوەبچێت و کەمکردنەوەی ژمارەی کورسییەکانیان ھێڵی سوورە، بڕیارە سەرۆکی ھەرێمی کوردستان داواکارییەکانیان لە کۆبوونەوەی بەیانی لەگەڵ نێردەی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان و لایەنە سیاسییەکان بخاتەڕوو.
فەوزی ھەریری، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئەو ھەوڵانەی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان بەرەو کۆکردنەوەی ھەموو لایەنەکانە بۆ ئەوەی بگەنە چارەسەرێک بۆ کێشەکان و گەشبینم و پێویستە گەشبین بین لەو بوارانەدا بەڕاستی ئەوەی کە ئێمە بینیومانە لە لایەن ھەموو لایەنەکانەوە، لە پارتی دیموکراتی کوردستان، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لایەنە ئیسلامییەکان و پێکھاتەکان، ھەموویان بۆچوونیان ئەوەیە کە چەتری سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان لەتوانایدایە کۆیان بکاتەوە بەرەوە لێکتێگەیشتنێک و بەردەوامین لەوە”.
ھێمن ھەورامی، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، رۆژی پێنج شەممە لای سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لایەنە سیاسییە سەرەکییەکانی ھەرێمی کوردستان بە بەشداریی جێنین پلاسخارت کۆبوونەوەیەک دەکەن و قسە لەسەر خاڵە ھاوبەشەکان دەکەن کە لایەنە سیاسییەکان نزیکن لەیەکەوە.
لەبارەی گرنگی کۆبوونەوەی لایەنە سیاسییەکان، ھێمن ھەورامی گوتی” کۆبوونەوەی لایەنە سیاسییەکان ھاوکارێکی گرنگی پەرلەمانی کوردستان دەبێت، چونکە لە ھەشت مانگدا چەندین کۆبوونەوەی سەرۆکی فراکسیۆنەکان کرا، بەڵام نەگەیشتینە ئەوەی رێککەوتن بکرێت”.
لەبارەی بەڕێوەچوونی ھەڵبژاردنەکان لە ١/١٠، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان گوتی:” ئەگەر ئیرادەیەکی سیاسیی باش ھەبێت و بتوانین بەپەلە ھەر ھەموارێک کە پێویست بکات یان پێویست نەکات بکەین کۆمیسۆن کارا بکەینەوە، پێمانوایە دەکرێت لە ١ـی ١٠ ھەڵبژاردنەکان ئەنجام بدرێت، ئەگەر نەشتوانرا لە رووی تەکنیکییەوە لەو کاتەدا ئەنجام بدرێت، دەکرێت قسەی لەسەر بکرێت تاوەکو لە نزیکترین کاتدا بێت، بەڵام ئێستا تواناکانمان بۆ ئەوە دەبێت ھەڵبژاردنەکان لە کاتی خۆیدا بکرێت، بۆ پێگەی سیاسیی ھەرێمی کوردستان و پڕۆسەی دیموکراسی باشترە ھەڵبژاردنەکان لە کاتی خۆیدا بکرێت، دواکەوتنی ھەڵبژاردن دیاردەیەکی گونجاو نییە”.

ھەواڵی زیاتر