خۆڵبارینەکانی ئەم دواییە ئاماژەی بوونی مەترسییەکی جددی کەمئاوییە لە عێراق

سلێمان تاشان – هه‌‌ولێر

پلەکانی گەرما بەرەو بەرزبوونەوە دەڕۆن و کاریگەریی سیاسەتە خراپەکانی وڵاتانی دراوسێ لەسەر ئەو رووبارانەی دەڕژێنە عێراق لە لایەک و کاریگەریی گۆڕانکاری کەشوهەوا لە لایەکی تر خەریکە تەنگژەی کەمئاویی زیاتر دەکات. عێراق لەگەڵ هەر دوو وڵاتی تورکیا و ئێران کەوتووەتە گفتوگۆ تا کێشەکە چارەسەر بکات و بڕیارە بەم نزیکانە لە بەغدا کۆبوونەوەی سێقۆڵیی گرێ بدرێت.

بەپێی راپۆرتێکی پێشووی کۆنفرانسی جیهانیی کەشوهەوا عێراق زۆرترین زیانی لە گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا بەردەکەوێت و کەمکردنەوەی ئەو زیانانە پێویستی بە سیاسەتی ژیرانە و گرتنەبەری پلان و بەرنامەی تۆکمە لە لایەن حکوومەتی عێراق هەیە، بەڵام هیچ پلانێکی بۆ کەمکردنەوەی زیانەکانی گۆڕانکاری کەشوهەوا نییە.

دەبوایە گرنگترین بەرنامەی ستراتیجی حکوومەتی عێراق، کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی کەشوهەوا و رووبەرووبوونەوەی سیاسەتەکانی وڵاتانی دراوسێ لەسەر پرسی ئاو بووایە. بەڵام خەمی لێ نەخواردووە و ئێستا کە تەنگژەکە خەریکە گەورەتر دەبێت هەوڵی دانوستان دەدات و دیار نییە دەتوانێت مافەکانی مسۆگەر بکات یان نا.
دوێنێ دووشەم مەهدی رەشید حەمدانی وەزیری سەرچاوەکانی ئاوی عێراق ئاشکرای کرد لە گەڵ ئێران و تورکیا سەبارەت بە پرسی ئاو کۆبوونەویەکی گرنگی سێقۆڵییان دەبێت بێ ئەوەی باس لە کاتی کۆبوونەوەکە بکات. ئەو ئاماژەی داوە عێراق لە ماوەی رابردوودا لەسەر پرسی ئاو گفتوگۆکانی خۆی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ دەست پێ کردووە و لە مافەکانی خۆی لە پشکی رووبارەکان خۆش نابێت. نوێنەری تایبەتیی حکوومەتی عێراقیش بۆ هەمان مەبەست لە بەرنامەیدایە لەگەڵ سەرۆک کۆماری تورکیا کۆ ببێتەوە.
هاوکات شاندێکی ئێرانیش بە سەرۆکایەتی یاریدەدەری سەرۆک کۆماری ئێران هاتووەتە بەغدا و رای گەیاندووە لە رۆژانی داهاتوودا وەزیری وزەی ئێرانیش سەردانی بەغدا دەکات بۆ ئەوەی لەسەر کێشە هەڵپەسێردراوەکان بە تایبەتی رووبارە هاوبەشەکان گفتوگۆ بکەن. پێدەچێت پرسی کارەباش لەم سەردانەدا باس بکرێت و ئێران بە مەرجی گەڕاندنەوەی پارەکانی، درێژە بە دابینکردنی گازی سروشتی بۆ عێراق بدات.
ئەو بەرپرسەی عێراق پێشتر گوتبووی ئێران یەکلایەنە رێڕەوی زۆربەی ئەو رووبارانەی گۆڕیوە کە دەڕژێنە عێراق و لەم بارەیەوە تەنگژەی ئاوی بۆ عێراق هێناوەتە کایەوە. بەڵام جەبار وەتەن خودا بەرێوەبەری گشتی رووبارە سنوورییەکانی ئێران لێدوانی بەرپرسەکەی عێراقی رەت کردەوە و گوتی هیچ پێشێلکارییەکیان نەکردووە. ئەو گوتبوی پرسی رووبارەکان دەبێت لە گفتوگۆ و دانیشتنی تایبەتیدا لە نێوان هەر دوو لایەن چارەسەر بکرێن و بڕیاری پێویستیان لەبارەوە بدرێت.
بە پێی زانیارییەکان سەرووی ٩٠%ی ئاوی پێویستی عێراق لە رێی ئەو رووبارانەوە دابین دەکرێت کە لە تورکیاوە دەڕژێنە عێراق و هەرچەندە بەشێکیش لەو پێداویستییانە لە ئێرانەوە دابین دەکرێن و ئێران خۆی تووشی وشکەساڵی بووە و بەدەستی کەمئاوی دەناڵێنێت.
رەشید حەمدانی وەزیری سەرچاوەکانی ئاوی عێراق مانگی رابردووش رای گەیاند لەم دواییانەدا لەگەڵ تورکیا هاوکارییەکانیان لە بواری پشکی عێراق لە ئاو و دابەشکردنی زیانەکان بە جۆرێک لێکتێگەیشتن گەیشتوون بەڵام ئێران بە هیچ شێوەیەک هاوکاری عێراقی نەکردووە و تەنانەت ئاراستەی بەنداوەکانیشی گۆڕیوە و بووەتە هۆی ئەوەی بەشێک لە شارەکانی عێراق دەستیان بە ئاوی خواردنەوە و ئاوی کشتوکاڵ رانەگات.
حکوومەتی عێراق داوای لە حکوومەتی ئێران کردووە رێڕەوی رووبارەکان وەک خۆی لێ بکاتەوە، بەڵام ئێران نەک ئەم داواکارییەی جێبەجێ نەکردووە تەنانەت هیچ زانیارییەکی لەسەر ئەو پڕۆژانە نەداوەتە عێراق کە جێبەجێی کردوون.
پایزی رابردوو وەزیری کشتوکاڵی عێراق رای گەیاندبوو لەگەڵ ئێران بە جۆرێک رێککەوتن گەیشتوون بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی هاوبەش ئەو لافاوانە گل بدەنەوە کە لە رووبارە وەرزییەکان رودەدەن و بە دامەزراندنی بەنداوی هاوبەش رێگری لە کەمبوونەوەی ئاو بکەن، بەڵام هیچ هەنگاوێک نەنراوە.
حکوومەتی عێراق لە کوردستانیش هیچ هەنگاوێکی نەناوە بۆ گلدانەوەی زیاتری ئاوی رووبارەکان لە کاتێکدا ئاو پرسێکی سیادیە و دەبوایە حکوومەتی عێراق کۆمەڵێک بەنداوی لە هەرێمی کوردستان دروست کردبا.
ئەو شەپۆلە خۆڵبارینەی کە ماوەیەکە زۆربەی پارێزگاکانی عێراقی گرتۆتەوە، دەرخەری ئەو راستییەیە کاریگەرییەکان زۆر خراپتر بوون.
لە ساڵی ٢٠٢١ لە میانەی کۆنفرانسی جیهانیی کەشوهەوا کە لە گلاسکۆ بەڕێوچوو، عێراق بە یەکێک لەو پێنج وڵاتەی جیهان هەژمار کرا کە زۆرترین زیانی لە گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوای بەردەکەوێت، لەو کاتەوە حکوومەتی عێراق هیچ پلان و بەرنامەیەکی نەبووە تا کەمێک لەو زیانە کەم بکاتەوە.

ھەواڵی زیاتر