مرۆڤ.. لە دیدى عەزیز گەردییەوە

شۆڕش غەفووری – هه‌‌ولێر

مرۆڤ ئالەتێک نییە بە تەنیا و دوور لە کارلێکى دەوروبەر بتوانێ بەردەوام بێ، مرۆڤ لە هەموو ساتێکى ژیانیدا بە حوکمى کاریگەریی دەوروبەرى دادەڕێژرێتەوە و دروست دەبێتەوە و پوختەتر دەبێ، ئەگەر وا نەبێ مرۆڤ نییە و بە پێى یاساى ژیانى مرۆڤایەتى ناڕوا… مرۆڤ بەرەنجامى پەروەردە و ئاوەز و هەست و سۆز و بیروباوەڕ و داڕژانى ناو بۆتەى تایبەتى خۆیەتى، بۆیە هەرگیز ناتوانێ لە هەڵسەنگاندنى هیچ کەسێک ئەم هۆکارە سەرەکیانە بخاتە لاوە.”

لە مرۆڤگەیشتن و مەحکوومکردنى بە بوونى پەیوەندییەکانى لەگەڵ دەوروبەرى، نیشاندەرى ئەوەیە مامۆستا عەزیز گەردى پێچەوانەى ئەو بۆچوونانەى لەسەر “گۆشەگیرییەکەى” دەگوترا، کەسێک بووە ئاگادارى کاریگەرییەکانى دەوروبەرى بووە و هەر لەم سۆنگەیەوە پێناسى مرۆڤبوونى خۆى کردووەتەوە و خۆى کامڵتر و پوختەتر کردووە، بۆیەشە دەڵێت بە پێچەوانەى ئەمە ئەوا مرۆڤ مرۆڤبوونى خۆى لەدەست دەدات و بە پێى یاساى ژیانى مرۆڤایەتى ناڕەوات.
ئەم پیاوە مەزنەى نێو ئەدەبیات و فەرهەنگ و ئەفسانەى دنیا، بەرەنجامى ئەو پەروەردەکردنە بوو کە خۆى هەوڵى بۆ دا و وڵاتانی بۆ تەى کرد و خۆى پێوە ماندوو کرد و فێربوونى زیاتر لە چوار زمانى زیندووى دنیا و سێ شێوەزارى کوردى، نیشاندەرى ئەو دەوڵەمەندى و خەرمانبەرەکەتییە بوو کە گەردى کارى بۆ کرد و ئاوەز و هەست و سۆز و بیروباوەڕى خۆى پێ گەیاندە لووتکە و ئەمەش واى کرد زیاتر لە ٥٠ ساڵ بەردەوام بێت لە نووسین و وەرگێڕان، بێ ئەوەى بۆ زەڕەیەک چاوەڕوانى لە خوێنەران و گەلەکەى هەبێت و منەتیان بەسەردا بکات.
ئەم خاکەڕایی و نەمنەتبەسەرداکردنە، نیشانەى ئەقڵى کامڵە لە خزمەتکردنى دۆزێک کە پێى دەگوترێت دۆزى ڕەوای ئینسان و لەمەودا زۆر بە کەمی، پیاوێکى پڕکارى بێدەنگى وەها دەبینیتەوە کە تەنیا کار بکات بۆ ئەوانى دی و خۆى لەمەدا نادیدە بگرێت!

  • تێبینى:
    ئەمە نامەیەکى تایبەتى مامۆستا عەزیز گەردییە بۆ یادگار باڵەکى کە ڕێکەوتى ١٢ى ٤ى ١٩٩٩ى زایینى نووسیویەتى
ھەواڵی زیاتر