لە هەولێر ڕاکردنێکی بە کۆمەڵ بۆ منداڵان ئەنجامدرا

بەبۆنەی ڕۆژی جیهانی منداڵان و بۆنەکانی کۆتایی هاتنی ساڵی خوێندن، شاری یاری سمایلاند ڕاکردنێکی بە کۆمەڵی بۆ منداڵان لە شاری هەولێر ئەنجامدا، ئەمە یەکەمین ڕاکردنە لەلایەن شاری یاری سمایلاندەوە بکرێت، بە گوتەی بەرپرسانی سمایلاندیش بۆ زیاتر گرنگیدان بە وەرزشی منداڵان پلانی ئەوەیان هەیە کە ساڵانە ئەو ڕاکردنە بەشێوازێکی فراوانتر ئەنجامبدەن، دوای ڕاکردنەکەیش سەرجەم منداڵان میدالیای ڕاکردنەکەیان وەرگرت.

سەدان منداڵ لە ڕاکردنەکە بەشداربوون
زیاتر لە ٣٠٠ منداڵ کە جگە لە قوتابخانەکان لەشاروشارۆچکەکانی تریش هاتبوون و بەشداری ڕاکردنەکەیان کرد بوو، ماوەی ڕاکردنەکە زیاتر لە ٢ کم لەناو پاڕکی سامی عەبدولڕەحمان بەڕێوەچوو، مەبەست لەئەنجامدانی ڕاکردنەکەیش دڵخۆشی منداڵان بوو، جگە لەوەی چالاکیەکی وەرزشیش بۆ ئەو منداڵانەی کە تەمەنیان لەنێوان ٨ بۆ ١٣ ساڵان بوو .
کۆمەڵێک کۆمپانیان کەل و مەل و خواردنی منداڵانیش لەو ڕاکردنە بەشدارییان کرد بوو، بەبۆنەی ڕۆژی جیهانی منداڵانەوە دیاری و خەڵاتی جۆراوە جۆرییان بەسەر منداڵاندا دابەش کرد، دەربارەی ئەنجامدانی ئەو ڕاکردنەیش لەلێدوانێکدا بۆ ڕۆژنامەی هەولێر حاجی ئاغا بەرپرسی پەیوەندییەکانی شاری یاری سمایلاند بەمجۆرە قسەی کرد و گووتی: ئەمە یەکەمین جارە ئەو چالاکیە وەرزشیە ئەنجامدەدەین، بەبۆنەی ڕۆژی جیهانی منداڵان ئەو چالاکیەمان ئەنجامدا و ئامانجمان ئەوەیە کە بەبەردەوامی ساڵانە لە ڕۆژی جیهانی منداڵان ئەو ڕاکردنە بکەینەوە و منداڵان دڵخۆش بکەین، باسی ئەوەیشی کرد کە پلانی ئەوەیان هەیە چالاکی تری وەرزشیش بکەنەوە و بەردەوام بن.

سەرجەم منداڵان میدالیایان پێدرا
هەموو منداڵان بەدرێسی تایبەت و ڕەنگاو ڕەنگ بەشداری ڕاکردنین کرد بوو، لەدەسپێک و کۆتایی ڕاکردنەکە خەڵات و دیاری جۆراو جۆر بەسەر منداڵاندا دابەشکرا، دوای ڕاکردنەکەیش سەرجەم منداڵانی بەشداربوو میدالیای ڕاکردنەکەیان وەرگرت، دوای تەواو بوونی ڕاکردنەکەیش لەمەڕاسیمێکدا خاوەنی پلەکانی یەکەم تا سێیەمی هەردوو ئاستی کوڕان و کچان خەڵاتی یەکەمیان وەرگرت، جگە لەوەی سەرجەم ناوبژیوانان و قوتابخابە بەشداربووەکانی ڕاکردنەکە ڕێزو سوپاسی تایبەتیان پێبەخشرا، یەکەمەکانی کوڕان بەمشێوەیە بوون ١-بڵند لاوەند، ٢- ڕەها ڕەهێل، هێدی کەیفی ئاستی کچان، ١-دالیا ڕێبوار، ٢- فریشتە ئەیوب، ٣- ژیا سیروان.

ھەواڵی زیاتر